بورهان یاسین17/2/2021 282 جار بینراوە

کاتێک ئازادیخواز ئەبێ بە جەللاد

ئەوەی دوێنێ لە یەکێک بە ناو دادگاکانی هەولێر رویدا:


- وێستگەیەکی دیکەی داڕمانی، ئەوەی پێی دەبێژن، ئەزموونی کوردی بوو، فیشەکێکی دیکە بوو نرا بە نێوچاوانی خەونی ئازادیخوازانی کوردستان،


- شۆڕبوونەوەیەکی دیکە بوو لەو هەڵدێرە مەترسیدارەی کە ساڵانێکە باشوری کوردستان تیایدا ژیان دەکات، توندترکردنی کوردستان بوو لە تونێلێکی تاریکدا،


- هێمای ئەو تراژیدیا بێ کۆتاییە بوو کە بە دەیان ساڵە کورد ئەزموونی دەکات،


- زامێکی دیکە بوو خرایە سەر ئەو هەموو زامانەی کە لە جەستەی کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤی کورد کەوتوونەتەوە. ئاخر جەستەی مرۆڤی کورد پڕیەتی لە زام و برین؛ بەشێکیان ئەو زامانەن کە لە ئاکامی شەڕی لەناوبردنی بێکۆتایی دوژمنان لەو جەستەیە کەوتونەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکە لەم زامانە زامی خۆکردن، بە واتای ئەوەی کورد خۆی ئەو زامانەی لە جەستەی خۆی خستۆتەوە. ئەوەشی زۆر پێویستە لێرەدا بوترێ ئەوەیە کە ئەو زامانەی کە دوژمنان لێی بەرپرسن، بەقەدەر ئەو زامانە مەترسیدار نین کە کورد خۆی بە دەست و ئیرادەی خۆی لە جەستەی خۆی خستوونیەتەوە و بەردەوامیش لە پڕۆسەیەکی بێ کۆتاییدا دەیانخاتەوە.


ساڵانێکی زۆرە، راستتر بڵێین لە سەرەتای دەستپێکی ئەزموونی کوردییەوە لە (١٩٩٢)ەوە، کورد لە شەڕی شاخ بەرامبەر بە دوژمن چووە قۆناغی یەکلاکردنەوەی "شەڕی بەهاکان" بەو مانایەی کە ئیتر بۆ یەکەم جار خەباتکارانی دوێنێی شاخ ئەوە بسەلمێنن کە ئەوان لە دوێنێی خەباتی شاخ باوەڕیان بە کۆمەڵێک بەهای بەرز هەبوو وە خەباتیان بۆ دەکرد، بەڵام بە درێژایی ٢٩ ساڵی رابردوو جار دوای جار ئەو بە ناو خەباتکارانە پێچەوانەکەیان سەلماندووە. . . ئەوەی دوێنێ (١٦/٢/٢٠٢١) لە هەولێر روویدا رێک، وە لە ژێر پەردەی دادوەریی، بنپێ کردنی ئەو بەهایانە بوو، گوللەیەک بوو نرا بە نێوچاوانی ئەو بەهایانەوە. بڕیاری بە ناو دادگا دوێنێ، ئەو گومانەشی بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پشتڕاستکردەوە کە کورد، ئەگەر بشبێ بە خاوەن دەوڵەتی خۆی، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا ناتوانێ بنەماکانی دەوڵەت و سیستمی یاسا بەرقەرار بکا و بپارێزێ. . .


زۆر جار لە مێژوودا لە پڕۆسەی خەباتی ئازادیخوازندا لە بەرامبەر جەللادەکان، ئازادیخواز خۆیشی دەبێ بە دڵڕەق و جەللاد. ئەمە رێک ئەو شتەیە کە فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتشە لێی دەترسا ئەوە بوو کە لە ململانێی ئازیدیخواز و جەللاددا، ئازادیخواز خۆی ببێ بە جەللادێکی دڵڕەق. بەم مانایەش دەکرێ بە ئاسانی بڵێین کە لوتکەی سەرکەوتنی جەللاد ئەوە نییە کاتێک ئەو جەللادە دەتوانی لە رووی جەستەییەوە ئازادیخواز پاکتاو بکات، بەڵکو لوتکەی ئەو سەرکەوتنە ئەوەیە کاتێک جەللاد سەرکەوتو دەبێت لە گۆڕینی ئازادیخواز بۆ جەللاد و بەو مانایەش رووتکردنەوەی ئەم ئازادیخوازە لە هەموو بەها جوانەکانی ئازادییەکان، سەروەریی مرۆڤ، مرۆڤبوون و بەها مرۆییەکان. ئاخر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و ویدات حوسێن ئەو هێمایانە کە پێیان گوتین بەڵێ بە ناو ئازادیخوازانی دوێنێ هەمان خەسڵەتی جەللادەکانیان وەرگرتووە و کاتێکیش ئەم ئازادیخوازانە دەسەڵاتیان وەرگرتووە بە ئەمانەتەوە مێتودە دڵڕەق و دژە-مرۆییەکانیان بەکار دەبەن لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان. بەم مانایەش دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو بەرپرسە لەوەی کە کورد زۆر دەرفەت و دەستکەوتی مێژوویی لەدەست چووە، بەڵام لەدەستچوێکی هەرە مەترسیدار ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە لە شەڕی بەهاکاندا دۆڕاوە؛ بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا ئامادەیە قوربانی بە هەموو بەها مرۆییەکان، لە پێش هەمووشیانەوە ئازادییەکان، بدات. . .


هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان دەست بۆ زنووردارکردنی ئازادییەکان و بێدەنگکردنی ئازادیخوازان دەبەن یەکسەر ئەو پرسیارە لای مرۆڤ درۆست دەبێت: ئەرێ بەڕاست ئێوەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دوێنێ لەو ساخە خەریکی خەباتکردن بوون بۆ ئازادی. . . ئاخر زۆرێک لە داگیرکارانی کوردستان زووتر خەباتیان بۆ ئازادی خۆیان کردبوو، بەڵام دواتر بوونەوە بە جەللادێکی دڵڕەق بۆ گیانی کوردان، کە ئەوانیش هەر بۆ ئازادی خۆیان خەباتیان دەکرد. . . جەواهریلال نەهرۆ گەورە ئازادیخوازی هیند و یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دوای سەربەخۆبوون، راستی پێکاوە کاتێک لە کتێبەکەیدا "چەپکەیەک لە مێژووی جیهان" باس لە راپەڕینەکانی باکوری کوردستان دژی رژێمە نوێکەی ئەتاتورک دەکات وە هەر لەوێدا نەهرۆ پرسیارێکی گومانئامێز دەکات و دەپرسێ ئایا دەکرێ سەرکردەیەک (واتە ئەتاتورک) ئازادیخواز بووبێ و ئەوەندەش بۆ ئازادی گەلی خۆی خەباتی کردبێ، بەڵام لەولاشەوە بەو هەموو دڵڕەقییەوە گەلێکی دیکە لەناو ببا، کە تانهە گوناهی ئەو گەلە خەباتە بۆ هەمان شت کە خۆی (واتە ئەتاتورک) پێشتر خەباتی بۆ کردبوو؟ بەڵێ؛ رێک ئەمەیە کاتێک ئازادیخواز خۆی دەبێت بە دێوەزمە و جەللاد.


لێردا، جگە لەوەی کە پێشتر وترا، بە پێویستیشم زانی ئەم چەند تێبینیەش تۆمار بکەن:


١) دەکرێ جێگای تێڕامان و ئیستە لەسەرکردن بێت کە "دادگاییکردنی" ئازادیخوازانی بادینان رێک دەخرێتە یادی ١٠ ساڵەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی پڕشکۆ. بەم شێوازی "یادکردنەوەی" پارتی لە ١٧ی شوبات زۆر هێما خویا دەبن کە گرنگترینیان ئەمەیە: چۆن ئەوێ رۆژێ لە بەرەوڕووبوونەوەی ئازادیخوازندا لەو دیوی دێگەڵە تەنانەت لە خوێنڕشتنیش سڵمان نەکردەوە، ئەوا ئەمڕۆش لەم دیوەی دێگەڵە، هەر وەک بەردەوامی "نەفەسی" ئەوێ رۆژێ، ئازادیخوازانی بادینان دەکەین بە ئامانجی حوکم و دادگایی زۆرەملێ و داپڵۆسێن. . .؛


٢) دوور لە قسەکردن بە زمانی یاسا، ماوەیەکە دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەست بە نەفەستەنگیێکی زۆر دەکات. پارتی هەر وەک رۆژانی بەر رووداو و خیانەتەکەی ٣١ی ئاب، هەست بە "نەفەستەنگیێکی" سیاسی زۆر دەکات، هەست بەوە دەکات کە لە زۆر لاوە دۆرپێچ کراوە و گەمارۆ دراوە، هەست دەکات (واتە بە تەسووری خۆی) بووەتە ئامانجی "پیلانێکی" بەرفراوان، بە ٢٥ کوردسییەوە لە بەغدا دەنگی کزە و دەنگی هاوپەیمانییەک بە ١٥ کورسییەوە زۆرتر دەبیسترێ، پارتی هەست دەکات کە بە تایبەتی لە بادینان کەوتۆتە ژێر گەمارۆی پەکەکە وە رۆژ دوای رۆژ ئەو گەمارۆیە توندتر و چڕتر دەبێتەوە و . . . هتد. رێک لەم دۆخی دەروونییەدا، لەم نەفەستەنگیی و حاڵەتی هیستیری و تۆقینەدا دەکرێ دەسەڵاتی پارتی دەست بۆ هەر سیناریۆیەک ببات. . . دەسەڵاتی پارتی زۆر باوەڕی بە ترساندن و تۆقاندنە، بەڵام لەولاشەوە خۆیشی لە دڵەڕاوکێ و ترسدا دەژێت، بە لۆژیکی ئەوەی کە راستە ستەمکار دەترسێنێ و دەتۆقێنێ، بەڵام لەولاشەوە خۆیشی ترساوە و تۆقیوە! ساڵانێکی زۆرە پارتی پێی وابوو بادینان قەڵای هەرە پتەو و جێگیریی دەسەڵاتیەتی، بەڵام پارتی بۆ یەکەم جارە کە بە جددی هەست دەکات خەریکە لەم قەڵای دەسەڵاتە درزی جددی دەکەونەوە و ئیتر هیچ جێگایەک نەماوە کە تیایدا پارتی لە دەسەڵاتی خۆی پشتڕاست بێت. . .


با بێنینە پێش چاوی خۆمان: ئەگەر دەسەڵاتی پارتی بەر لە ١٠ ساڵ لە خوێنڕشتنی ئازادیخوازانی "ئەو دیوی دێگەڵە" سڵێ نەکردبێتەوە، ئەی دەبێ ئەو دەسەڵاتە بەرامبەر بە ئازادیخوازانی "ئەم دیوەی دێگەڵە" و لە قوڵایی "دڵی" دەسەڵاتەکەی لە بادینان چی بکات؛


٣) ئەوەی دوێنێ روویدا تەقەیەکی جددی بوو کە لە رێکەوتنی پارتی و گۆڕان کرا. . . چیتر بەیاننامەکانی بزاڤی گۆڕان تینویەتی ئازادیخوازی کوردستان ناشکێنن: ئیتر لە دوێنێ بەولاوە، ئەم بەیاننامانە لە جیاتی "جوانکردنی" بزاڤی گۆڕان، دەبنە هۆی ناشیرینکردنی ئەو بزاڤە. . . زۆر دەمێکە کاتی ئەو پێداچوونەوەیە هاتووە کە دەیان هەزار لە ئەندام و لایەنگرانی ئەم بزاڤە داوای دەکەن دەربارەی رێکەوتنی گۆڕان و پارتی. لە دوای بە ناو "دادگاییەکەی" دوێنێ لە هەولێر، ئیتر مانەوەی گۆڕان لەو چوارچێوەیەدا دەبێتە مەترسیێکی جددی لەسەر دواڕۆژی خودی بزووتنەوەکە. گۆڕان پێویستە رێز، لەو هەموو چاوەڕوانییە بگرێ کە نەک هەر گۆڕانخوازان بەو بزووتنەوەیان هەیە، بەڵکو هەموو ئەو ئومێد و چاوەڕوانییەی کە ئازادیخوازانی کوردستان لە سەرەتاوە بەو بزاڤەیان هەبووە؛


٤) دوێنێ پشتڕاست بوویەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک هەر هاوبەش، بەڵکو بەشدارێکی کاراش نییە لەو دەسەڵاتەدا. یەکێتی، هەر وەک دوێنێ، لە رێگای کۆمەڵێک بەرژەوەندی و دەسەڵاتداری تەماح و چاوبرسییەوە لە دەستی پارتیدا بارمتەیەکە و هیچی دیکە. ئەوەی دوێنێ روویدا لە پێش هەر شتێک هەڕەشەیەکی زۆر جددی بوو بۆ سەر ئەوەی پێی دەگوترێ "پڕۆژەی هەڵسانەوەی یەکێتی نیشتمانی" کوردستان، ئەقەیەکی جددی بوو کە لەو بە ناو هەڵسانەوەیە کرا. بە بڕوای من ئەم "پڕۆژەی هەڵسانەوەیە،" ئەگەر دەخوازێ رووناکی رۆژی هەڵسانەوە ببینێ، دەبێ هەر وا بە ئاسانی لێنەگەڕێ ئەو تاقیکردنەوەیەی کە دوێنێ پارتی لەو هەڵسانەوەی کرد بەسەریدا تێبپەڕێ. ئاخر ئەگەر نا، هەر زوو هەموان دەگەنە ئەو باوەرەی کە دوای کۆنگرەی یەکێتی شتێکی نوێ لە گۆڕێ نییە تەنها هەندێک قسە و "وردە هەڕەشە بە قسە" و بۆڵەبۆڵی سیاسی و. . . هتد: راستییەکەی ئەوەی هەیە بەردەوامیی حاڵەتی بەبارمتەگیراوی یەکێتییە، بە تایبەتی لە بادینان، لە دەستی دەسەڵاتی پارتیدا و زیاتر نا؛


٥) دوێنێ بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو راستییە پشڕاست بوویەوە کە بەر لەوەی بەغدا، ئەنکەرە و تەهران هەڕەشە بن لەسەر ئەوەی پێی دەوترێ "قەوارەی هەرێم" ئەوا دەسەڵاتداران خۆیان، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی پارتی، هەڕەشەی هەرە جددیین لەسەر ئەم قەوارەیە. نادیدەگرتنی ئەم هەڕەشەیە، دەتوانێ دەرەنجامی کاریسەئامێزی بۆ خودی دواڕۆژی سیاسی ئەم "قەوارەی هەرێمە" هەبێت. دەبێ ئازادیخوازان باش لەوە ئاگادار بن کە چیتر قەوارەی هەرێم "سەربەخۆ نییە" بەڵکو بارمتەی دەستی دەسەڵاتدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، دەسەڵاتدارانێک کە ئێستاش لاریان لە دووبارەکردنەوەی ٣١ی ئاب نییە بۆ ئەوەی بە بارمتەگیراوی ئەو قەوارەیە و چارەنووسی لە دەستیاندا زامن بێت. ئاخر ٣١ی ئاب بەر لە هەر شتێک بەرهەم و دەربڕی راستەوخۆی کەلتورێکە کە دەیان ساڵە، بە ئێستاشەوە، وەک خوێن لە جەستەی ئەم دەسەڵاتدارانەدا دەسوڕێتەوە.


شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتی یاساشکێن، شەرمەزاریش بۆ بڕیاری دادگای دوێنیی پڕ ستەم، داپڵۆسێن و زۆرەملێ؛


سەربەرزی و سەرفرازی بۆ ئازادیخوازانی بادینان بە تایبەتی و بۆ ئازادیخوازانی کوردستان بە گشتی.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure