د.كامه‌ران مه‌نتك3/2/2021 368 جار بینراوە

توركیا چی له‌ كوردستان ده‌وێت؟

 

دیسان میدیاكانی توركیا هه‌واڵی هێرشێكی فراوانیان بۆ سه‌ر كورد له‌باكوور و باشوری كوردستان راگه‌یاند، دیسان توركیا ده‌یه‌وێت كوردستان بكاته‌وه‌ ‌گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و سیاسه‌ته‌ دوژمنكاریه‌كانی خۆی پیاده‌ بكات. مه‌به‌ستی توركیا له‌و هێرشانه‌ زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌وه‌ی باس ده‌كرێت، توركیا به‌بیانووی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه‌ شه‌ڕی هه‌موو كورد و خاكی كوردستان ده‌كات.

 

جێگای داخه‌ تا ئێستا كورد له‌و ستراتیژییە‌ قووڵ و ترسناكه‌ی توركیا نه‌گه‌یشتووه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌یه‌كجاری مه‌سه‌له‌یك بنه‌بڕ بكات، كه‌ پێی ده‌گوترێت مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌، كه‌ له‌راستیدا نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بگره‌ فاكته‌رێكی به‌هێزیشه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاری له‌سه‌ربكات، بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌كۆڵ بكاته‌وه‌.

 

توركیا سیاسه‌تێك جێبه‌جێده‌كات، كه‌ سیاسه‌تی پۆست مۆدێرنیته‌یه ‌و به‌ وه‌كاله‌تی زلهێزه‌ جیهانیه‌كان ئه‌و كاره‌ ده‌كات، ده‌یه‌وێت دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕێت ئه‌و ناوچه‌ وشكاییه‌ی ئۆراسیا، كه‌ چاره‌نووسی سیسته‌می جیهانی و ململانێیه‌ جیهانیه‌كانی تیادا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، به‌یه‌كجاری له‌بن ده‌ستی كورد ده‌ربێنێت، توركیا به‌چڕی كار له‌سه‌ر‌ ئه‌و ده‌كات، كه‌ دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه‌ بگۆڕێت، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن و درێژده‌بنه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران، كێشه‌ی زینی وه‌رتێ ئه‌و خاڵه‌ بوو، كه‌ توركیا بۆ ده‌ستنیشانكردنی دوا هه‌نگاوه‌كانی خۆی ده‌ستیپێكرد و دوای ئه‌وه‌ شه‌ڕه‌كانی له‌نێوان ئه‌و دوو خاڵه‌دا چڕتر كرده‌وه‌. ناوچه‌كانی دوای ئه‌و خاڵه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران، كه‌ ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر له‌وناوچانه‌ به‌ڵكو به‌قووڵاییه‌وه‌ هاتۆته‌ ناوه‌وه‌ ده‌وێت هه‌ریمی كوردستانیش له‌ره‌گه‌وه‌ ههڵكه‌نێت.

 

ده‌بێت به‌باشی له‌و راستیه‌ تاڵه‌ تێبگه‌ین، كه‌ مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی توركیا دژی كورد شه‌ڕێكی جیهانیه‌ و له‌سه‌ر پانتاییه‌كی جیۆپۆله‌تیكی فراوان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به ‌دوور و نزیك په‌یوه‌ندی ویستی سه‌ربه‌خۆی توركیا و پڕۆژه‌ی عوسمانیه‌ نوێیه‌كانه‌وه‌ نیه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م كاتێك عوسمانیه‌كان به‌ئاڕاسته‌ی رۆژهه‌ڵات كاریان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ كورده‌كان ڕێككه‌وتن، ئه‌مه‌ش گوڕوتینێكی تری به‌ ئیمپراتۆریای عوسمانی به‌خشی و بووه‌ هۆكارێكی گرنگ بۆ زۆر له ‌سه‌ركه‌وتنه‌كانیان، په‌یوه‌ندی عوسمانیه‌كان و كورد دوای هاتنی مۆدێرنیته‌ی رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵات، ئه‌وه‌ی له ‌مێژووی عوسمانیه‌كان پێی ده‌گوترێت قۆناغی چاكسازیی و هه‌ردوو پڕۆژه‌ی خه‌تی هومایۆن و خه‌تی شه‌ریفی گوڵخانه‌ی لێكه‌وته‌وه،‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و تێكچوون چوو.

 

له‌گه‌ڵ هاتنی مۆدێرنیته‌ی ڕۆژئاواو له‌ په‌نای سه‌رهه‌ڵدانی بیری ناسیونالیستیدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی جینۆساید كران و به‌شێوه‌یه‌كی ‌راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان درا. بۆیه‌ له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م جینۆساید و قڕكردنی ئه‌رمه‌نی و كورده‌كان ده‌ستپێده‌كات، له‌سه‌رده‌می ئه‌تاتورك، كه‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان وه‌ك دروستكراوێكی ڕۆژئاوای ناوده‌هێنن، پڕۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

له‌سه‌رده‌می ئاكپارتیدا، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای پۆست مۆدێرنیته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد بكات، هه‌مدیس بۆته‌ دارده‌ستێكی رۆژئاوا و به‌یارییكردن له‌سه‌ر په‌تی هه‌ردوو به‌ره‌ی ئۆراسی و جیهانگه‌رایی ئه‌مریكی، ده‌یه‌وێت كار له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی دیمۆگرافی كوردستان بكات.

 

ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات به‌گڵۆپی سه‌وزی روسیا و ئه‌مریكا و نات ۆو ته‌نانه‌ت چینیشه‌، بۆیه‌ ده‌بینین توركیا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار ده‌ستی ئاوه‌ڵا كراوه‌ و كه‌وتۆته‌ وێزه‌ی كورد، نه‌ك هه‌ر به‌ تەنیا مرۆڤی كورد جینۆساید ده‌كات، به‌ڵكو خاكی كوردستانیش سووتماك ده‌كات و ده‌یه‌وێت داروبه‌ردی ئه‌و وڵاته‌ له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نێت، ئه‌وه‌ی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ ببینێت، كه‌ رۆژانه‌ له‌ناوچه‌ سنووریه‌كان داربه‌ڕووه‌ ره‌سه‌نه‌كانی كوردستان ده‌بڕنه‌وه‌ و ده‌یگوازنه‌وه‌ توركیا، به‌ئاسانی له‌م راستیه‌ تێده‌گات.

 

به‌راستی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كورد له‌و مه‌ترسیه‌ تێبگات و خۆی له‌و خوێندنه‌وه‌ ته‌سك و ناوچه‌یی و خێڵه‌كیانه‌ به‌دوور بگرێت، كه‌ بۆ سیاسه‌ته‌كانی توركیا به‌تایبه‌تی ململانێكانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی ده‌كرێت، ئێستا نه‌ك هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵكو هه‌موو خاكی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كی زۆر جدییدایه‌، پێویسته‌ كورد و هێزه‌ كوردیه‌كان له‌و مه‌ترسیانه‌ تێبگه‌ن، ئێمه‌ له‌دۆخێكداین، كراوینه‌ته‌ گیانی یه‌كتر و رۆژانه‌ش، له‌هه‌موو سنووره‌كانی كوردستان ناوچه‌ی زیاتر له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و وڵاته‌كه‌مان زیاتر هه‌تك ده‌كرێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure