عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك22/1/2021 416 جار بینراوە

دوکانی سیاسی چیە؟


لە نوسین و بانگەشەی پرۆژە سیاسیەکەیدا ھیچی کەمتر نیە لە حزبە دیموکرات خواز و پێشەکەوتوەکانی دونیا، بۆیە پرۆژە ھیچ گرنگیەکی نیە و ئەشێ بۆ فریودان بێت، ئەوەی گرنگە بە چی شێوازێک ڕێگا لە تەوریس و گەڕ بونی حزب بگیرێت، بە چی ئەخلاقێک سیاسەت و پەروەردە دەکات، بە چی میکانیزمێک سەرکەوتو دەبیت.


دوکانی سیاسی پرۆژەی جوان دەنوسێت، بەڵام ئەخلاقی سیاسی نیە، ئەندام و لایەنگرانی پەروەردە ناکات، بەڵکو مێشکیان لە قاڵب دەدات و چەواشەیان دەکات، ھیچ میکانیزمێکی نیە بۆ سەرکەوتن و لە ڕاستیدا ھەر پێویستی نیە، چونکە ئەو بۆ گەیشتن بە پارە و بازرگانی یان بۆ پاسەوانی و بەردەوام بون لە بازرگانی ئەو دوکانە سیاسیەی کردۆتەوە.


لە کوردستاندا جگە لە پەکەکە ھیچ حزبێکی سیاسی ڕاستەقینە نیە و ھەمو ئەوانی تر دوکانی سیاسین و لەلایەن کەسێک یان خێزانێکەوە خاوەنداری دەکرێن و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان دروستیان کردوە نەک بەرژەوەندی باڵا و ڕەوای گەل و نیشتیمان، پەکەکەش کە ئەڵێین حزبی سیاسی ڕاستەقینەیە تەنھا مەبەستمان لە ھەیکەلی حزب و پەروەردەی ئەندام و لایەنگرانیەتی نەک فکر و شێوازی سیاسەتکردنی.


پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئەندامانی دوکانە سیاسیەکانیش بریتین لە سێ جۆر، کەمینەیەکیان جیاوازیان نیە لەگەڵ خاوەن دوکانەکەدا و ھەر لە سەرەتاوە درک بە فێڵ و تەڵەکە بازیەکە دەکەن، بەڵام بەردەوام دەبن و ئەشبن بە سەگی پاسەوان بۆئەوەی بگەن بە مەرامی تایبەتی خۆیان، زۆرێکیشیان بە ناچاری و لە پێناو بژێوی ژیاندا ئەو مەسەلەیە دەکەنە بیانو کە لە کاتی ناچاریدا (گۆشتی بەرازیش حەڵاڵە), ھەندێکیشیان خەڵکانی پاک و دڵسۆزن لە خەمی گشتیدان، بەڵام خەڵەتاون و کاتێکیش وریا دەبنەوە ناتوانن تەقەبولی ئەو دۆخە بکەن،


لێرەدا ڕاشکاوانە ئەڵێین کە تەنھا خاوەن دوکانەکان تاوان بار و قڵبڕ نین، بەڵکو میللەت بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی بەشێک لەو تاوانەیان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی ھیچ دوکانێکی سیاسی ناکرێتەوە ئەگەر خەڵک و گەنجان وریابن و کۆمەکیان نەکەن، ئەگەر دەرس لە دوکانە قۆڵ بڕەکانی پێشتر وەربگرن، ئەگەر ھەر ھیچ نەبێت بپرسن ئەو حزبە سیاسیەی دروست دەبێت تا چەند کۆپی ھەمان ئەوانی پێشو نیە و چی زەمانێک کراوە کە لە دەسەتی کەسێک یان خێزانێکدا نەبێت.


ئەوە ڕاستە کە لەم سەردەمەدا ھیچ وڵاتێک بەبێ حزبی سیاسی نیە، بەڵام مۆدێلی حزبی خاوەندار نەماوە و ھەموی شکستی ھێناوە و بونە بە بار و مشەخۆر بەسەر خەڵکەوە، لە ئێستادا مۆدێلی کاری دەستە جەمعی زەمانکراوە لە دەست بە سەردا نەگرتن و خراپ بە کار نەھێنانی ڕەوت و کۆمەڵەکانە.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure