دلێر کەریم7/1/2021 336 جار بینراوە

لەچی نیگەرانین؟


ئەگەر تەماشایەکی ڕووداوەکانی یەک ساڵ بکەین و بکۆڵینەوە لەکۆی ڕووداوەکان و هۆکارەکان و زیانەکانیان، تێدەگەین کە چ غەدرێک لەڕۆژنامەنووسان دەکرێت.


بۆ نموونە ساڵێکی وەکو ساڵی ڕابردوو (ساڵی 2020) بکەینە پێوەری قسەکانمان و بکۆڵینەوە لە ڕووداوە جەرگبڕەکان، پاشان بەراورد لەنێوان مەترسییەکانی بکەین، دەبین ئازادی ڕۆژنامەگەری و کاری میدیایی زۆر بەرتەسک بووەتەوە و زۆرترین توندوتیژییان بەرانبەرکراوە، بە بەراوارد بە تاوانەکانی کوشتن و بڕین و تاڵانی و گەندەڵی و زەوتکردنی مافی ئەوانیتر.


د. سامان فەوزی لە کتێبی ڕاگەیاندن لەسایەییاسادا دەڵێت:


مادام هەندێجار دەسەڵاتەکانیتر هەڵە دەکەن و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا ناکرێت، دەبوو بۆ هەموو هەڵەیەک لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووس نەکرایە، مەگەر ئەوانەی بەهەڵەی گەورە ئەژماردەکرێن.


ئەگەر توندوتیژی نێوان پارلەمان و هێرشکردنە سەر پەلەمانتار و بەکارهێنانی کەرەستەی قەدەغە لەنێو پەرلەمان ئاسای بێت و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ نەکرێت، بۆدەبێ بۆ نووسینی وتارێک و پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی و دەربڕینی هەڵوێستێک ڕۆژنامەنووسن تووشی توندوتیژی و زیندانیکردن ببێتەوە؟


لێدان لەڕۆژنامەنووس و زیندانیکردنی، لەهەرێمێک کە نەخۆشخانەکانی نەتوانن خزمەتی خەڵک بکەن و ڕێگاوبانەکانی ڕۆژانە بووبێتنە هۆکاری دەیان ڕووداوی نەخوازراو و مردنی دەیان کەس، هیچ نییە جگە لە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەبڕین و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و پێشێلکردنی ئازادی، وەک دەوترێت ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، کۆڵەکەیەکی گرنگی ئازادی و دیموکراسی وڵاتانی پێشکەوتووە.


حکومەتێک ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر بە قوربانیان و فەرمانبەران و تەواوی چین و توێژەکان دەرنەبڕیبێت، نەکەڕابێتەوە بۆ یاسا بەرکارەکان و کەمتەرخەمی لەکۆی کایەکاندا زیادی کردبێت، بۆ دەبێت ڕۆژنامەنووسان توندوتیژیان بەرانبەر بکرێت و کەرەستەکانی بشکێنرێن؟ کەناڵی ڕاگەیاندن دابخرێت و کەی ویستیان بیکەنەوە؟ سەرەڕای ئەوەش مامەڵە بە کوێرەی یاسای تایبەت بەخۆیان هەبێت و پەنا ببرێتە بەر یاساکانی سزادان و حراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لەکاتێکدا یاسایی ژمارە 35 ساڵی 2007 لە پەرلەمانەوە دەرچووە و کەمتر بەلایدا دەڕۆن.


هەمیشە پاڵپشتی یاسا بووین و دەبێ ژیانی گشتی بەیاسا ڕێکبخرێت، بەڵام گەر یاسا بۆ هەمووان وەک یەکنەبوو، هەندێک لێی دەربازبوو، سەرکردە و مافیای گەورەی نەگرت و چەقۆکێش و دامبۆکس وەشێنی نەگرتەوە، نابێتە یاسایەکی متمانە پێکراو و دەبێ داوای سەروەری یاسا بکرێت، بەپێچەوانەشەوە دەبێ بۆ ئاستە باڵاکان سزاکان قورستر بن، چونکە خۆیان یاسا دانەرن نەک کەسانێک شارەزا نەبن لەدەرچوونی یاساکان.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure