عەبدوڵای کوێخا موبارەک17/12/2020 307 جار بینراوە

تکایەک بۆ بە خۆداچوونەوە

١-خەڵک مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بکات و ناڕەزای دەربڕێت و داوای مافی خۆی بکات، بەڵام پێویستە ئەوەندە وشیاری ھەبێت و لەوە تێبگات کە کێ و چی لایەنێک ئەیانجوڵێنن و چی مەرامێک لە پشت ئەو جوڵاندن و پشتیوانیە بۆ خەڵک.


٢-خۆپیشاندانی ئەم جارەی ئەخیر باڵێکی یەکێتی خەڵکیان جوڵاند و پشتیوانی خەڵکیان کرد بۆ دوو مەبەست، یەکەم: ویستان بە پارتی و ماڵی بەرزانی بڵێن ئێمەش ھەین و ئەگەر نەمان خوێننەوە ئەتوانین وەزعە بشێوێنین و کابینەکەی مەسرور بارزانی نابوتتر بکەین. مەدەستی دوەمیان ئەوە بو شکستی حکومەت بە باڵەکەی تریان ڕابگەیەنن تا بە خەڵک و یەکێتیەکان بڵێن ئەوەتا ئەو باڵەی تری یەکێتی لاواز و شکستخواردون، لە وھا پشتیوانی و جوڵاندنێکیشدا تەنھا قوربانیەکە بە خەڵک دەدرێت و لە نیوەی ڕێگا سەرکوت دەکرێن.


٣-گرنگە بێدەنگ نەبیت لە داواکاری مافی خۆت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەوەندە وشیاریت ھەبێت بەکار نەھێندرێیت بۆ مەرامێکی چەپەڵی کەسی و حزبی، بەتایبەت لە لایەن خودی دەسەڵاتی گەندەڵ و چەواشە کارەوە.


٤-پێویستە سوپاسی ھەر کەس و لایەن و گروپ و پەرلەمانتارێک بکرێت کە بە وشەیەک پشتیوانی خەڵکی ناڕازی بکات تا ڕۆژ بە ڕۆژ پشتیوانت زیاتر بێت، نەک بە دەس و فریودانی دیسان دەسەڵات گاڵتە جاڕی بە خەم خۆر و پشتیوانەکانت بکەیت، پەرلەمانتار لەسەر تۆ مان ئەگرێ بڵێیت لەبەر سپلیت قسەی زل مەکە، ئەبێت ئەوە بزاندرێ کە لە ڕاستیا باشترە پەرلەمانتار لە ناو پەرلەمانەوە پشتیوان بێت و نوێنەری وڵاتان بێنێتە سەر خەت نەک بێتە سەرجادە، ھەرچەندە ئەوانەی لەسەر جادەشن شایەنی سوپاس کردنن، لایەنێک لەسەر تۆی ھاوڵاتی بە زەبری تەزویر و ھێزی چەکداری و میلیشیای حزبی چەوسێندراوەتەوە تۆ گاڵەتە جاڕی پێ بکەی، گروپ و ڕێکخراوێک لەسەر تۆ بە کۆمەڵ دەستگیر دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت، بەڵام تۆ پێی بڵێی ھاتوە خۆی بکات بە پاڵەوان، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا لە خەڵکی خەمخۆر بڕواندرێت ساڵێکی تر ھیچ کەس و لایەن و میدیایەک نامێنێت پشتیوانی خەڵک بکات وەکو ئەوەی کە ئێستا خەڵک نیوەی کۆمەک و پشتیوانی ٢٠٠٩ یان نەماوە و ئەوانەی ماویشن شعوریان ڕێگایان نادات پشت بکەنە خەڵک ئەگینا لە بری پێزانین بێزار و وەڕس کراون لەلایەن ئەو خەڵکەی کە خۆیان و حزب و میدیا و ڕێکخراوەکانیان بۆیان کردۆتە قوربانی.


٥-بۆ سەرکەوتن ئەبێت کۆڵ نەدەی، بەڵام ئەبێت ھەر ڕێگایەک تەنھا یەکجار تاقی بکەیتەوە و ئەگەر سەرکەوتو نەبویت ڕێگایەکی گونجاوتر بدۆزیتەوە، بە نمونە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە خەڵکی کوردستان ڕێگاکانی خەباتی مەدەنیانە، خۆپیشاندانی دور لە توندوتیژی، مانگرتن و چەند ڕێگایەکی تریان گرتە بەر و چەندین جار دوبارەیان کردەوە ، بەڵام سەرکەوتن بەدەست نەھات و ئەو دوبارە کردنەوانە کات کوشتن بو، بۆیە ئەبێت ئێستا ڕێگای تر بگیرێتە بەر و بە ڕای ئێمە لە ئێستایا کاتی ئەوەیە خۆپیشاندانەکان سەر و پێشڕەوی نەبێت، بۆئەوەی یەکەم: دەسەڵات نەتوانێت خەڵک چەواشە بکات و بڵێت ئەم خۆپیشاندانە بۆ فڵان کەس و فڵان لایەنە.


دوەم: بۆ ئەوەی نەبێتە کار ئاسانی بۆ دەسەڵات بە گرتنی سەری خۆپیشاندەران و کپکردنیان. سێیەم: بۆئەوەی تا دە گەنج دەستگیر دەکات سەدی تر بێتە پێشەوە، تا شوێن و شارێک کۆنترۆڵ دەکات لە دە شوێن و شاری تر خەڵک بڕژێتە سەر جادە.


ئەوەش زۆر جێگای سەرسوڕمانە کە زۆرینەی خەڵک ئەڵێن کاتی قسە کردن نەماوە! کاتێک کاتی قسە کردن نامێنێت کە خەڵک بەتەواوی وشیار بوبێت، ئایە ئەوە وشیاریە دوێنە کوڕەکەت شەھید بکرێ و ئەمڕۆ بە تاسەوە دەست بکەیتە مل ئەو دەسەڵات دارانە و پێشوازیان لێبکەیت؟ ئەوە وشیاریە خودی ئەوانەی غەدرت لێدەکەن بتوانن بتجوڵێنن بۆ خۆ سەپاندن و ململانێی نێو خۆیان و تۆش سوپاس گوزاری بیت؟ ئەوە وشیاریە کەسانێک ھەمو زەبروزەنگی بەرامبەر بەکار ھاتوە لەسەر بەرگری کردن لە ماف و کەرامەتی تۆ، بەڵام تۆ ئێستا گاڵتەی پێبکەیت و بە ترسنۆک و قسە زل ناوی بێنیت؟

ئەوە وشیاریە کەسان و گروپ و میدیایەک لەسەر داوای مافی تۆ دەستگیر بکرێن و دابخرێن، بەڵام تۆ بڵێی بۆ خۆ کاندید کردنەوە و خۆ بە پاڵەوان کردن وای لێھاتوە؟ ئەوە وشیاریە ئەگەر بابەتێک لە نیو دەقە زیاتر پێویستی بە کات بێت بۆ خوێندنەوە نیوەی زیاتری خەڵک تاقەتی نەبێت بیخوێنێتەوە و بیەوێت بە بابەتی دوسێ دێڕی لە دونیا و ڕوداوەکان تێبگات؟ و زۆر شتی تر.

دوبارە تکایە بە خۆدا چونەوە
عبدوڵای کوێخا موبارەک

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure