ساڵح ژاژڵه‌یی8/12/2020 431 جار بینراوە

جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێ چى بكه‌ن له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ى ئێستادا ؟؟؟.

 

هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا به‌ قۆناغێكى زۆر هه‌ستیارو ترسناكدا گوزه‌ر ده‌كات . ژیان وگوزه‌رانى هاوڵاتیان له‌و په‌ڕى خراپیدایه‌ . ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ڕوى سیاسیه‌وه‌ هیچ ئاینده‌یه‌كى رونى نه‌ماوه‌و له‌ لێوارى مه‌رگدایه‌ . موچه‌ نییه‌ . كار وكاسبى نییه‌ . سه‌ربارى هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ڵاى ڤایرۆسى كۆڕونا ژیانى هاوڵاتیانی خستۆته‌ به‌ر ده‌م مه‌ترسى گه‌وره‌وه‌ . ڕۆژانه‌خه‌ڵك ده‌مرن و به‌ هه‌زاران كه‌سیش توشى ئه‌م په‌تایه‌ ده‌بن . قوربانیه‌كانى كاره‌ساتى هاتو چۆش ئه‌گه‌ر له‌ ڤایرۆسى كۆڕۆنا زۆرترو مه‌ترسیدارتر نه‌بن كه‌متریش نین و به‌رده‌وامیشن .


ئێستا هه‌رێمى كوردستان توشى ئیفلاسى دارایی و سیاسیش بوه‌ . به‌رپرسانى دوو بنه‌ماڵه‌ ئاڵاى سپییان هه‌ڵكردوه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵى باوان له‌ به‌غدا .ئه‌گه‌ر راستان ده‌وێت ئه‌مه‌ ئاشبه‌تاڵێكى راسته‌قینه‌ى له‌سه‌ر خۆیه‌ وزۆر مه‌ترسیدار تره‌ له‌ ئاشبه‌تاڵى ساڵى 1975 . ئاشبه‌تاڵى ئه‌مجاره‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى نیشتمان فرۆشه‌ . بیستومانه‌و دیومانه‌ خه‌ڵك قومارى له‌سه‌ر پاره‌و موڵكو خانوو كردوه‌و دۆڕاندویه‌تى .


به‌ڵام كه‌س نه‌یبیستوه‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى دنیا قومار به‌ نیشتمانه‌كه‌وه‌ بكات !. به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ى بارزانى قوماریان به‌ سامانى ئه‌م نیشتمانه‌وه‌ كردو هه‌مویان دۆڕاند و میلله‌تیان خسته‌ سه‌ر ساجى عه‌لى . نێچیر بارزانى به‌ نوێنه‌رایه‌تى بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌چێته‌ توركیاو گرێبه‌ستى 50 ساڵه‌ى نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیا مۆر ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌موو نه‌وتى كوردستانى دۆڕاند .


دوایی نێچیربارزانى و قوباد تاڵه‌بانى به‌ نوێنه‌رایه‌تى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ، دوو سیاسه‌تمه‌داره‌ موخزه‌ره‌م و ئابورى ناسه‌ شاره‌زاكه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و جیهان چونه‌ ڕوسیاو له‌ سه‌دا 60 بۆرى نه‌وتى كوردستانیان پێ فرۆشت به‌ یه‌ك ملیار و 800 ملیۆن دۆلار . بۆ ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك پاره‌كه‌شى نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و له‌ناو خۆیاندا به‌شیان كردوه‌و خستویانه‌ته‌ سه‌ر حسابى بانكى خۆیان . له‌ سه‌دا 40 بۆریه‌كه‌ش بۆته‌ موڵكى كۆمپانیاى كارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى . پرسیار ئه‌مه‌یه‌ : ئه‌و له‌ سه‌دا 40 ى بۆریه‌كه‌ به‌ چه‌ند خه‌مڵێنراوه‌ ، ئایا كۆمپانیاى كار پاره‌كه‌ى داوه‌ به‌ حكومه‌ت ، باشه‌ ئه‌و پاره‌یان له‌ كوێوه‌ هێنانه‌ ؟؟.


له‌ ڕوى سیاسیشه‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌یاند . ئه‌مه‌ریكاو هاونیشتمانان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان بۆ كورد پێك هێنا . ئه‌وان كوردیان له‌ داعش پاراست . هه‌موشمان ده‌زانین ڕوسیاو ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ناكۆكى سیاسیان هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌م دوو سیاسیه‌ تازه‌ پێداكه‌وتوه‌ ده‌چن بۆ ڕوسیاودژى ئه‌مه‌ریكا بۆرى نه‌وتى پێ ده‌فرۆشن و ئیمتیازى ده‌رهێنانى نه‌وتیشى له‌گه‌ڵ مۆر ده‌كه‌ن . بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست له‌وه‌ بشۆن ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیمان لی َبكات .


ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بنكه‌ى سه‌ربازیشى هه‌بێـت له‌ كوردستان ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆیه‌تى نه‌ك كورد . ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر پێویستى به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بێت ، ده‌توانێت هێزه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى به‌كرێ بگرێت ، چۆن له‌شه‌ڕى گرتنه‌وه‌ى موسڵدا هێزى پێشمه‌رگه‌یان له‌ مه‌سعود بارزانى به‌كرى َگرت ، له‌ به‌رامبه‌ر 400 ملیۆن دۆلار كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ ته‌واو بوو كه‌ركوكیشمان له‌ ده‌ستدا .


هاوڵاتیانى سته‌مدیده‌ى ئه‌م نیشتمانه‌ .ڕۆشنبیران و ودڵسۆزان و خه‌مخۆرى نیشتمان . پێش ئه‌وه‌ى بڕیار بده‌ى چى بكه‌ین له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ى ئێستا كه‌ ڕوبه‌ڕوى هه‌رێمى كوردستان بۆته‌وه‌ ، زۆر گرنگه‌ ئاوڕێك له‌ڕابوردوى خۆمان ، خه‌باتمان ، به‌رنامه‌و ستراتیجمان ، سه‌ركرده‌كانمان بده‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى ڕابوردومان دوو باره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌و ڕێگایه‌كى ڕاست و ته‌ندروست بگرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئامانجه‌كانى خۆمان بهێنینه‌ دى .


1-له‌ هیچ قۆناغێكى خه‌باتى كوردایه‌تیدا ، كورد به‌ پێی برنامه‌ى پێشوه‌خت ده‌ستَى به‌خه‌بات نه‌كردوه‌ و هه‌میشه‌ دواى ڕوداوه‌كان كه‌وتوه‌ . شۆرشى ئایلولى ساڵى 1961 دواى چه‌ندین ساڵ به‌ شه‌رى براكوژى ودوو له‌تبونى حیزب و ئاشبه‌تاڵ كۆتاییی هات . شۆڕشى نوێی كورد كه‌ له‌ ساڵى 1976 وه‌ده‌ستى پێكرده‌وه‌ ، له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا به‌ یه‌كتر كوشتن ده‌ستى پێكرد.


كاتێك له‌ ساڵى 1991 ڕاپه‌ڕێنى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان ده‌ستى پێكرد، نه‌مان زانى ئێمه‌ چیمان ده‌وێت و كار بۆ چى ده‌كه‌ین . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس و29 ساڵ حوكمڕانیمان ، نه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێكى نیشتمانیمان به‌ده‌ست هێناو نه‌ ئێستاشدا ده‌زانین چیمان ده‌وێت . ئه‌گه‌ر بمانزانیایه‌ چیمان ده‌وێت و هه‌لى زۆرباشمان بۆ هاته‌ پێشه‌وه‌و ده‌مانتوانى هه‌موو مافه‌ ده‌ستوریه‌كانى خۆمان به‌ده‌ست بهێنێن . به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌ڕێكه‌وتیش به‌ده‌ستمان هێنا له‌ كۆتییدا له‌ ده‌ستمان دا .


2- له‌ ساڵى 1961 تا ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى ئێمه‌ به‌سه‌ر كرده‌مان زانیون و هێوامان له‌سه‌ر هه‌ڵ چنیون خۆمان له‌ پێناویاندا به‌خت كردوه‌ ، سه‌ركرده‌ نه‌بون به‌ ناوه‌ ڕاسته‌ قینه‌كه‌یان . ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌مویان به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان پێش به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل و نیشتمان خستوه‌ . شه‌ڕى یه‌كتریان كردوه‌و خوێنى كوردیان ڕشتوه‌ له‌ پێناوى ده‌سه‌ڵاتى خۆیاندا ، به‌ڵام له‌ژێر په‌رده‌ى كوردایه‌تى درۆینه‌دا .


ماهیه‌تى ئه‌م سه‌ركردانه‌ كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌گه‌یشتنه‌ لۆتكه‌ى دسه‌ڵات و بڕیار . به‌ماوه‌یه‌كى كه‌م بونه‌ خاوه‌نى ملیاره‌ها دۆلار .دواى ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ بۆخۆیان كاریان كردوه‌ ، خاوه‌نى به‌رنامه‌و ئه‌جینداى نیشتمانى نه‌بون و له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانى جه‌ماوردا نه‌بون و ڕوى ڕاسته‌قینه‌یان ده‌ركه‌وت .


ئه‌وه‌شمان بۆ ڕون بۆوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ ئه‌نجامى نه‌زانى و گه‌مژه‌یی ئێمه‌ سه‌ركرده‌بون نه‌ك كارێزمایی خۆیان . له‌ برى ئه‌وه‌ى هه‌ول َبده‌ن ژێرخانى ئابورى هه‌رێمى كوردستان دامه‌زرێنن و ئاواتى خه‌ڵك و مافه‌ نیشتمانیه‌كان به‌ده‌ست بهێنن ، سامانى نیشتمانیان به‌تاڵان برد بۆ نه‌وه‌كانیان و ئه‌وده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌ نیشتمانیانه‌ى به‌ده‌ستیشمان هێنان ، به‌هاوكارى هاوپه‌یمانان ، له‌ ده‌ستمان دان و گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ خاَلأى سفر.


3- كورد واته‌نى نان ئه‌و نانه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خوانه‌ . ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ باسى ئێستا بكه‌ین . كێن ئه‌وانه‌ى حوكمڕانن ، چۆن حوكمڕانى ده‌كه‌ن ، بۆكێ حوكمڕانى ده‌كه‌ن ، نوێنه‌رى كین به‌رنامه‌ى ئاینده‌یان چییه‌و میلله‌ت له‌ چ بارودۆخێكدایه‌ ؟؟. ئه‌وانه‌ى ئێستا حوكمڕانى هه‌رێمن كۆمه‌ڵێك هه‌رزه‌كارى سیاسى نه‌زان و نه‌شاره‌زاو كه‌م ئه‌زمونن . ئه‌مانه‌ له‌ دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌وه‌ كوردستان ، تا ئه‌و كاته‌ هه‌واى كوردستانیشیان هه‌ڵنه‌مژیوه‌ . نامۆن به‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى .


سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تیش ئه‌وه‌ فڕیان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌و ته‌نها ناویان بیستوه‌ . ئه‌وانه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر سفره‌ى حازر . عه‌ره‌قیان به‌ هیچه‌وه‌ نه‌كردوه‌ . هه‌موو شاره‌زایی و كارێزمایی ئه‌وان ، له‌ میراتى باوانیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . باوانیشیان له‌سه‌ر خوێنى ئێمه‌ گه‌وره‌ بون . كه‌واته‌ ئه‌مانیش هاتون له‌سه‌ر حسابى نه‌وه‌كانى ئێمه‌ بخۆن و بخه‌ون .


ئه‌وه‌ى بیرى لی َده‌كه‌نه‌وه‌ به‌تاڵانبردنى سامانى نیشتمانه‌و پڕكردنى گیرفانى خۆیانه‌ . له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ن گه‌ل و نیشتمانیش بفرۆشن . كه‌مێك بیر بكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كانى پێشو نه‌بونایه‌ ، ئێستا ئه‌مانه‌ چى ده‌بون و له‌ كۆى ده‌بون و چیان ده‌كرد ؟؟. كامیان له‌ ئێوه‌ به‌تواناتر و شاره‌زاتر و دڵسۆزتر وپیاوتر ده‌بون .


4- موچه‌ى هاوڵاتیان ناده‌ن به‌ به‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى به‌غدا موچه‌ى فه‌رمان به‌رانى هه‌رێم نانێرێـت . تا ئێستا دوو جار له‌گه‌ڵ دوو سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ڕێكه‌وتن كراوه‌ له‌ سه‌ر ناردنى موچه‌ . هه‌موتان ده‌زانن هه‌ردوك جاره‌كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ندى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌بوه‌ . بۆیه‌ هه‌رێم هیچ حه‌قێكى نییه‌ داواى موچه‌ له‌ به‌غدا بكات . هاوڵاتیانى ئازیز :


جێی خۆیه‌تى هه‌موتان باش بزانن كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت ڕێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ به‌غدا بكات . ئه‌وه‌ درۆده‌كه‌ن كه‌ ده‌ڵێن به‌غدا ئاماده‌نییه‌ ڕێك بكه‌وێت . سه‌یركه‌ن له‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ڤدى به‌رده‌وام بۆ به‌غدا ده‌نێرن و نه‌گه‌یشتونه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك . خۆ ئه‌مه‌ ڕێكه‌وتن نییه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك كاتى زۆر بوێت . هه‌موو ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌مه‌یه‌ : پاره‌ت ده‌وێ نه‌وتم بده‌رێ . نه‌وتم ناده‌یتێ پاره‌ت ناده‌مێ .


خۆ حكوه‌مه‌تى به‌غدا قه‌رزدارى حكومه‌تى هه‌رێم نییه‌ . كه‌واته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم بۆ مه‌به‌ستى ڕێكه‌وتن وه‌ڤد نانێرن بۆ به‌غدا ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بخه‌ڵه‌تێنن و پێمان بڵێن : بۆیه‌ موچه‌ نییه‌ چونكه‌ به‌غدا ناینێرێت . به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌وه‌ بزانین حه‌قمان له‌سه‌ر به‌غدا نییه‌ ، به‌ڵكو حه‌قمان له‌سه‌ر ئه‌م تاڵانچیانه‌یه‌ كه‌ سامانى ئێمه‌یان دزیوه‌ . ئه‌گه‌ر به‌غداش ئاماده‌ى ڕێكه‌وتن بێت ، ئه‌مان به‌هانه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێك نه‌كه‌ون . له‌م ڕۆژانه‌دا به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان ده‌َلێت:


داوامان له‌ مسته‌فا كازمى كردوه‌ موچه‌ى مانگه‌كانى 5، 6، 7 ى فه‌رمان به‌رانى هه‌رێم بنێرێت . ئێمه‌ هه‌مومان ده‌زانین كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هیچ بڕه‌ نه‌وتێكى نه‌داوه‌ به‌ به‌غدا له‌برى موچه‌ى ئه‌و مانگانه‌ ئه‌ى كه‌واته‌ به‌ چ حه‌قێك داواى پاره‌ له‌ به‌غدا ده‌كات ؟. خۆشیان ده‌زانن ئه‌وه‌ نا یاساییه‌ . كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا ڕێك نه‌كه‌وێت ئه‌و داوایه‌ ده‌كه‌ن . له‌ هیچ شوێنێكى جیهاندا هه‌یه‌ ، كه‌سێك قه‌رزى لاى كه‌س نه‌بێت و داواى قه‌رزى لێ بكات ؟. ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌ڕاستى نیازى رێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت، نێچیر بارزانى وئاشتى هه‌ورامى ده‌نێرن بۆ به‌غدا .


ئه‌وان ئه‌ندازیارى هه‌ڕاج كردنى نه‌وتى كوردستانن . ئه‌وان ورده‌كارى دۆسییه‌ى نه‌وتیان لایه‌و ده‌توانن قسه‌ له‌سه‌ر ورده‌كارى دۆسییه‌ى نه‌وت بكه‌ن . ڕێك نه‌كه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر نه‌وته‌ چونكه‌ دۆسییه‌كى زۆر ئاڵۆزه‌و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ڕاستییه‌كان له‌ خه‌ڵكى كوردستانیش و عێراقیش ده‌شارنه‌وه‌ . ناردنى وه‌ڤدى ئه‌م جاره‌ بۆ به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئاواتى شێخ جه‌ناب ، ئاماژه‌یه‌كى ڕونه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێك نه‌كه‌ون . ئاواتى شێخ جه‌ناب نه‌ ورده‌كارى دۆسییه‌ى نه‌وتى لایه‌و نه‌ بڕیارى ڕێكه‌وتنى به‌ده‌سته‌ ، ته‌نها بۆ كات بردنه‌ سه‌ره‌ .


به‌ كورتى نایانه‌وێت ڕێكه‌وتن بكه‌ن چونكه‌ئه‌گه‌ر له‌گه‌لأَ به‌غدا ڕێك بكه‌ون ده‌بێ هه‌رێم ڕۆژانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستى سۆمۆ بكات له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاتى خاڵه‌سنوریه‌كان و فڕۆكه‌ خانه‌كان . ئه‌و كات هه‌رێم ناتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیاكان و قه‌رزه‌كان بداته‌وه‌ و ڕێكه‌وتنه‌ نه‌هێنێنیه‌كه‌ى نێوان بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و توركیاش هۆكارێكى تره‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌غداو هه‌رێم نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن . ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن ، دزى و تاڵانییان نامێینێت ئه‌مانیش له‌ باوانیانه‌وه‌ فێرى دزى و تاڵانى بون و پێیان ته‌رك ناكرێت .


له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر كه‌ هاولاِتیان بیزانن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دزو تاڵانچى و چاو چنۆكانه‌ پێشه‌كى پاره‌ى نه‌وتیان وه‌رگرتوه‌و بۆخۆیانیان بردوه‌ . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا نه‌وتیش بفرۆشرێت ، پاره‌ وه‌رناگرن . جه‌نابى سه‌رۆكى حكومه‌تیش خه‌ریكى قسه‌ى زل و بێ مانایه‌و ده‌ڵێت : ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست به‌ردارى شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم نابین .باشه‌ پێمان ناَڵێی شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم چین كه‌ داوایان ده‌كه‌ى ؟؟. ئه‌م لێدوانه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێكه‌ نه‌كه‌ون چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان هیچ شایسته‌یه‌كى دارایی لاى به‌غدا نییه‌ . ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كامه‌یه‌ بۆما ڕون بكه‌نه‌وه‌ .


ئه‌گه‌ر به‌غداش پاره‌ نه‌نێرێت ، پاره‌ هه‌یه‌ بۆ موچه‌ به‌ڵام به‌ ئاره‌زو موچه‌ ناده‌ن . گوێ له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان بگرن به‌ چ شێوه‌یه‌ك باسى تاڵانى ئه‌و به‌ناو سه‌ركردانه‌ ده‌كه‌ن له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان . تازه‌ ئه‌وانه‌ حه‌یایان تكاوه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دزى و تاڵانییان بۆ ته‌رك ناكرێت و به‌رده‌وام ده‌بن.


دواى ئه‌وهه‌موو شه‌ڕو ناكۆكى و ڕشتنى خوێنى هاولاتیان له‌ نێوان به‌ره‌ى جه‌لالى و مه‌لاییدای و له‌ ده‌ستدانى هه‌موو ئه‌وهه‌لانه‌ى بۆكورد هاته‌ پێشه‌وه‌ به‌هۆى ناكۆكى ئه‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ، سه‌یركه‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاته‌ پێشه‌وه‌و مامجه‌لال و مه‌سعود بارزانى به‌ جۆرێك له‌ یه‌ك نزیكبوه‌وه‌ مۆیان به‌ به‌ره‌وه‌ نه‌ده‌چوو .


وه‌كو ئه‌وه‌ى نه‌ بایان دیبێت و نه‌بۆران . له‌كاتى هه‌ڵبژاردندا مامجه‌لال ماڵه‌وماڵى ده‌كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سعودبارزانى ببێته‌ سه‌رۆكى هه‌رێم و خۆشى ببێته‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق.


مه‌لا به‌ختیار له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ كه‌ناڵى 24 ده‌ڵێت : مامجه‌لال پێش نه‌خۆش كه‌وتنى ڕاشكاوانه‌ به‌ مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى ده‌گوت ، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ قسه‌ى كاك مه‌سعود نه‌كه‌ن، ده‌ڕۆم بۆ هه‌ولێر و ده‌بم به‌ په‌ناهینده‌ .


حاڵى حازریش كوڕانى تاڵه‌بانى نێوانیان زۆر باشه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى هه‌رچه‌نده‌ ، بنه‌ماڵه‌ى بارزانى دژایه‌تى لاهورى شێخ جه‌نگیش ده‌كه‌ن . به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى دایك و باوكى نییه‌ . باشه‌ ئه‌ى كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ رشتنى خوێنى ئه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ى له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌م دووبنه‌ماڵه‌یه‌دا خوێنیان ڕژا ؟. ئه‌ى نابینن ئێستاش نه‌وه‌كانى ئه‌مانه‌ به‌رده‌وامن له‌ حوكمڕانى و میلله‌تێكیان برسى كردوه‌و به‌ ئاشكرا سامانى ئه‌م ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌تاڵان ده‌به‌ن ؟.


هاولاِتیانى ئازیز : كاتى ئه‌وه‌یه‌ سه‌رتان هه‌ڵبڕن و چاوتان بكه‌نه‌وه‌و سه‌یر بكه‌ن كێن ئه‌وانه‌ى ئێستا حوكمڕانیتان ده‌كه‌ن ،پێش ڕاپه‌رێن ئه‌مانه‌ له‌ كوێ بون و چ كاره‌ بون ، چۆن و به‌ چ حه‌قێك بونه‌ كوێخاو ده‌م سپى ئێمه‌ . ئه‌ركى ئه‌خلاقى و نیشتمانى و باوكایه‌تى ئێمه‌یه‌ كه‌ چیتر زوڵم قبوڵ نه‌كه‌ین ، چیتر كۆیلایه‌تى قبوڵ نه‌كه‌ین ، چیتر به‌ خۆڕایی كوڕى خۆمان نه‌كه‌ین به‌ قوربانى كوڕى كه‌سانیتر .


ئه‌گه‌ر له‌ ڕابوردودا به‌ هۆى نه‌زانین و نه‌شاره‌زایی خۆمان ، خه‌ڵكانێكمان كردبێته‌ دیكتاتۆ به‌سه‌ر خۆمانه‌وه‌، با له‌ ئێستادا بیر بكه‌ینه‌وه‌و نه‌وه‌كانى خۆمان نه‌كه‌ینه‌ به‌نده‌و غولامى كوڕانى ئه‌وانه‌ى خوێنى ئێمه‌یان ڕوشتوه‌ .ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌بین نه‌ خۆمان و نه‌ نه‌وه‌كانمان له‌ ئه‌وان كه‌مترنین . ئه‌وانه‌ى ئێستا حوكمڕانن و سامانى ئێمه‌ به‌تاڵان ده‌به‌ن ، هیچ نین ئه‌گه‌ر خۆمان پشتیوانیان لێ نه‌كه‌ین و نه‌بینه‌ به‌نده‌و غولامیان .


كۆبونه‌وه‌ى په‌ڕله‌مانى رۆِژى 30 نۆڤه‌مبه‌ر هه‌م سه‌ره‌تایه‌كى باش و هه‌م دڵخۆشكه‌ریش بوو ، دواجار ئه‌نجامى باشى هه‌بو . ئاگادار كردنه‌وه‌و جوڵه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ دواى خۆیدا هێنا . به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌م جوڵه‌جه‌ماوه‌ریه‌ له‌م قۆناغه‌دا سه‌ر بكێشێت بۆ خوپیاشاندان .


حه‌زم كرد وه‌بیرتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ ڕوداوه‌كانى 17 ى شوباتو خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌رى شار و شارۆچكه‌كانى ده‌ڤه‌رى سه‌وز ، به‌رنامه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌بوو . به‌ڵام كه‌ده‌ستى پێكرد ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ناچارى به‌شدارى خۆپیشاندانه‌كانى كرد و تا ڕاده‌یه‌كیش خۆى كرده‌ خاوه‌نى . راستر بڵێین بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دواى ڕوداوه‌كه‌ كه‌وت نه‌ك به‌رنامه‌ داڕێژه‌رى بوبێـت . دواجار ئومیدى خۆپیشانده‌ران به‌ با چوو ، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین كه‌سیش شه‌هیدو بریندار بون و هۆكارى ئه‌وانه‌شیان خسته‌ ئه‌ستۆى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ، كه‌ له‌ڕاستیشدا گۆڕان به‌رپرسیار نه‌بوو .


چۆن ئه‌و كات زه‌مینه‌ى هه‌یه‌جانى جه‌ماوه‌رى و خۆپیشاندان هه‌بوو ، ئێستاش له‌و كاته‌ گه‌رم و گوڕتره‌ . به‌ڵام بڵاوه‌ پێكردنو كۆتایی هێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌و كات له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، تا ئێستاش كاریگه‌رى ده‌رونى به‌ حێهێشتوه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكى زۆر . ئێستاش خه‌ڵك هه‌یه‌ ده‌ڵێت : كاكه‌ خه‌ریكى چین به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كاك نه‌وشیروان هیچ نه‌كرا ، به‌ كێى تر ده‌كرێت !.


دواى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ره‌و لاوازبون و پوكانه‌وه‌ ڕویشت و كاریگه‌رى نه‌ما له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان ، خه‌ڵك توشى بێ ئومێدیه‌كى گه‌وره‌ بوو . بڕواشى به‌ ئۆپۆزسبونیش تا ڕاده‌یه‌كیش لاواز بوو .


به‌ڵام ئه‌مه‌ نابێ ببێته‌ هۆى بێ ئومید بونى جه‌ماوه‌ر . بێئومێد بون واته‌ مردن . هه‌موو كاتێك جه‌ماوه‌ر گه‌وره‌تره‌ له‌ هه‌موو حیزبه‌كان . كه‌واته‌ جه‌ماوه‌ر هه‌میشه‌ ده‌توانێت گۆڕه‌پانى سیاسى بجوڵێنێت و گۆڕانكارى گه‌وره‌ بكات . خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایی باشترین ڕێگاوباشترین چاره‌سه‌رن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ناچار بكرێت گوێ بۆ داواكانى جه‌ماوه‌ر بگرێت .


ئه‌گه‌ر هه‌ر گوێیان نه‌گرت ، ده‌بێ خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌بێت دواجار سه‌ربكێشێت بۆ ڕاپه‌ڕێنێكى جه‌ماوه‌رى سه‌رانسه‌رى و ئه‌وه‌ش به‌بی قوربانى نابێت . له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵات شاره‌زا بوه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران و زۆریش به‌ مه‌ترسیان نازانیێت بۆیه‌ هه‌ر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر دزى و تاڵانى . ئه‌وه‌تا موچه‌ نییه‌و ده‌ڵێن پاره‌ نییه‌ ، هه‌موشمان ده‌زانین پاره‌ش هه‌یه‌و دزیش به‌رده‌وامه‌ . كه‌واته‌ ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا جه‌ماوه‌ر چى بكات ؟؟.


هه‌نگاوى یه‌كه‌م ده‌بێ هوشیارییه‌كى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌ ده‌ست پی َبكرێت له‌ ڕێگاى سۆشیال میدیاو په‌یوه‌ندى تاكه‌ كه‌سى . پێشهه‌موو شتێك ده‌بێ هێزه‌ چه‌كداره‌كان هوشیار بكرێنه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌وانیش بێ موچه‌ن و خۆپیشاندانه‌كان بۆ ئه‌وانیشه‌ . هۆشیار كردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌یانهه‌زار ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكان . پێیان بگوترێت ، ئه‌گه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت نه‌بوژێته‌وه‌ ئه‌وان بێكار ده‌بن .
هوشیاركردنه‌وه‌ى هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌ موچه‌ خۆ رو دوكاندار و كرێكار و خانه‌نشینه‌وه‌ . ده‌بێ كه‌سانێك هه‌بن و په‌یوه‌ندى دروست بكه‌ن له‌ نێوان هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆده‌نگى دروست بكه‌ن . واته‌ لیژانى تایبه‌ت له‌ كه‌سانى شاره‌زاو ئازاو خاوه‌ن كه‌سایه‌تى پێك بهێنرێت بۆ سه‌رپه‌رشتى خۆپیشاندانه‌كان . كارێكى باش نابێت هه‌ر شاره‌و هه‌ر شارۆچكه‌یه‌ك بۆخۆى خۆپیشاندان بكات و په‌یوه‌ندییان به‌ شاره‌كانى تره‌وه‌ نه‌بێت . خۆپیشاندانى هه‌ڕه‌مه‌كى ئه‌نجامى نابێت .


ناكرێت له‌ سلێمانى خۆپیشاندان بكرێت و له‌ هه‌وڵێر هیچ نه‌كرێت . له‌وكاته‌دا كه‌ له‌ دهۆك خۆپیشاندان ده‌كرێت و خه‌ڵك ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌ ، سلێمانى بێده‌نگ بێت . ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان هه‌ر ئاوا بكرێت ده‌سه‌ڵات هیچ گرنگییه‌ك به‌وخۆپیشاندانه‌ نادات . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌بێ شێوازى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانه‌كانیش بگوڕدرێت.


باشه‌ بۆچى ده‌بێ له‌ شارى سلێمانى خۆپیشاندان هه‌ر له‌ سه‌راى ئازادى بكرێت و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بتوانن به‌ ئاسانى ده‌وریانبگرن وبڵاوه‌یان پی َبكه‌ن . با ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كانى ناو شار بگرن و ئه‌مجاره‌یان خۆپیشانده‌ران بڵاوه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بكه‌ن . كاتى ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانكارى له‌ بازنه‌ى خۆپیشاندانه‌كان بكرێت و به‌ جۆرێك فراوان بكرێت ، كه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت به‌ ئاسانى كۆنتڕۆڵى خۆپیشانده‌ران بكات و بڵاوه‌یان پی َبكات .


له‌ برى ئه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر له‌ سه‌راى ئازادى كۆبكه‌یته‌وه‌ ، با بڕۆن دوڕیانى سه‌رچنار بگرن پردى ده‌باشان بگرن، پردى وڵوبه‌ بگرن : لاى حه‌سیب ساڵه‌ح بگرن ، فولكه‌ى سه‌وزه‌كه‌ بگرن . واته‌ هه‌رچى ڕێگاى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ بیگره‌و ڕێگاى جوڵه‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بگره‌ . هه‌وڵ بده‌ن ژن و مناڵ بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌ر كه‌س له‌به‌رده‌م ماڵى خۆى له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دانیشن و هیچى نه‌كه‌ن . به‌و شێوه‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان خۆیان ڕوبه‌ڕوى مه‌ترسى ده‌بنه‌وه‌و خۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌یان پێ ناكوژرێت و دواجار خۆشیان ده‌بنه‌ پشتیوانى جه‌ماوه‌ر و به‌رپرسه‌كانییش كونه‌ مشكیان لێ ده‌بێت به‌ قه‌یسه‌رى .


با ئه‌و كات سه‌راى ئازادى هه‌ر بۆ ئه‌وان بێـت و خێرى لێ ببینن . ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ك بێت له‌ هه‌موو شار وشارۆچه‌كان په‌یڕه‌و بكرێت و هه‌وڵیش بدرێت ڕێگاى نێوانیشیان بگیرێت . ئه‌وكات هێزى ئه‌منى تواناى جوڵه‌ كردنى نامێنێت و فریاى ئه‌و هه‌موو شوێنانه‌ش ناكه‌وێت . ڕاسته‌ ئه‌مه‌ به‌قسه‌ ئاسانه‌و كارێكى قورسه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌حاڵ نییه‌ ، ئه‌گه‌ر میلله‌ت یه‌كێتى هه‌بێت زۆر ئاسانه‌و له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كورتا به‌رهه‌مى ده‌بێت .


یان ده‌بێ ده‌سه‌ڵات مل بۆ داواكانى جه‌ماوه‌ر بدات ، یان ده‌بێ بڕوات . تكایه‌ به‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابوردوو دوو باره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ و خۆپیشاندان له‌ یه‌ك شوێنى دیاریكراو نه‌بێت . چونكه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ى پێ خۆشه‌ هه‌موان له‌ یه‌ك شوێن كۆببنه‌وه‌و كۆنتڕڵیان بكات. خۆپیشاندان هه‌ر ئه‌ركى مامۆستایان نییه‌ به‌ته‌نها . ئه‌ركى تاك به‌تاكى هه‌مومانه‌ . چونكه‌ هه‌مومان وه‌كو یه‌كو هه‌ر یه‌كه‌مان به‌ شێوه‌یه‌ك غه‌درمان لێكراوه‌ . سه‌ركه‌وتن له‌ یه‌كبوندایه‌ .


ئه‌گه‌ر شێوازى خۆپیشاندانه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ نه‌گوڕن و وه‌كو ڕابوردو چه‌ند ڕۆژێك چه‌ندكه‌سێكى دیاریكراو له‌ شوێنێكى دیاریكراودا كۆببنه‌وه‌ ، بڵاوه‌یان پی َده‌كرێت و بێ ئومێدى دروست ده‌بێت و خه‌ڵك بڕواى به‌ خۆپیشاندان نامێنێت . خاڵێكى گرنگى تر ئه‌وه‌یه‌ نابێ داواكارى جه‌ماوه‌ر ته‌نهاهه‌ر بۆ موچه‌ بێت . موچه‌ حه‌قى شه‌رعی هاوڵاتیانه‌و پێویست به‌ داواكردن ناكات .


ده‌بێ داوا بكرێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بڕواتچونكه‌. ئه‌مانه‌ قوماریان به‌ سامانى نیشتمانه‌وه‌ كردوه‌ و نیشتمانیان فۆرشتوه‌ , ئه‌مانه‌ دزو تاڵانچى و مافیان و شایانى حوكمڕانى نین . تا كه‌ى میلله‌ت هه‌موو مانگیك ده‌بێبۆ موچه‌ خۆپیشاندان بكات . ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ بۆگه‌نانه‌ پاره‌كانى ئێوه‌یان دزیوه‌ و كاتێك جه‌ماوه‌ر دێته‌ ده‌نگ ، ده‌ڵێن : پاره‌ نییه‌ به‌ڵام قه‌رزى ده‌كه‌ین .


گومانى تێدا نییه‌ له‌ خۆیانى قه‌رز ده‌كه‌ن . هه‌ر پاره‌ دزراوه‌كانى خۆتانه‌و جارێكى تریش ده‌یكه‌نه‌وه‌ به‌ قه‌رز له‌سه‌رتان . ئاخر چ عه‌قل َو مه‌نتقێك ئه‌وه‌ قبۆلأ ده‌كات كه‌ تۆ نه‌وت بفرۆشى و داهاتى ناوخۆى زۆرت هه‌بێ و موچه‌ش نه‌ده‌یت و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش بڵێی 27 ملیار دۆلار قه‌رزدارم ؟؟. باشه‌ كه‌ موچه‌ت نه‌دابێ و هه‌موو پڕۆژه‌كانیش به‌ ته‌واو نه‌كراوى مابنه‌وه‌ ، ئه‌و پاره‌یه‌تان له‌ كێ و له‌ كوێ و بۆچى قه‌رز كردوه‌ ؟؟.


هه‌موو ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ هاتوه‌ ، له‌ بێده‌نگى میلله‌ت خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . له‌ ئه‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ هه‌مویان ده‌ستیان به‌كڵاوه‌وه‌ گرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى با نه‌یبات و خۆى خراپ ناكات و چاوه‌ڕوانى خه‌ڵكى تربێت شتى بۆ بكات .


دوایی با خۆشى بردوه‌ نه‌ك هه‌ر كڵاوه‌كه‌ى . جان چاك ڕۆسۆ ده‌ڵێت : هه‌ر میلله‌تێك به‌بێ مه‌رج خۆى بخاته‌ ده‌ستى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك ، له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ وه‌رناگرێت . كاتێك به‌بێ مه‌ر ج و داواكارى ده‌نگ به‌م تالانچیانه‌ ده‌ده‌ى ، ده‌بی َچاه‌ڕوانى هیچیش نه‌كه‌ى لێیان . سه‌ید قوتبیش ده‌ڵێت : مه‌پرسن له‌ سته‌مكاران بۆ سته‌متان كرد ، بپرسن له‌كۆیله‌كان بۆ كڕنوشتان برد . مارتن لۆسه‌ر گینگ ده‌ڵێت : كه‌س ناتوانێت سوارى كۆڵتان بێت ، ئه‌گه‌ر خۆشتان نه‌نوشتابنه‌وه‌ .


كۆتا قسه‌شم ئه‌مه‌یه‌ :له‌ ئێستادا شێوازى حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان له‌م فۆڕمه‌دایه‌ ( په‌ڕله‌مان شاگردى حكومه‌ته‌ ، حكومه‌ت شاگردى حیزبه‌ ، حیزبیش دوكانى بنه‌ماڵه‌یه‌ ، بنه‌ماڵه‌ش غولامى بێگانه‌یه‌ ) . هه‌تا جه‌ماوه‌ر ئاوا بێده‌نگك بن و ئه‌م فۆڕمى حوكمڕانیه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵ نه‌ته‌كێنن و نه‌گۆڕن و ئه‌م مافیاو نیشتمان فرۆش و تاڵانچیانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لانه‌به‌ن ، چاوه‌ڕوانى هیچیش نه‌كه‌ن بۆداهاتوى خۆیان و نه‌وه‌كانیان و نیشتمانیان .

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure