موراد سالە‌ح18/11/2020 316 جار بینراوە

بێباكی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر بێهه‌ڵوێستى خه‌ڵك دا

 

ئێمە بەتەواوی لەو باوەڕەداین، نە حکومەتی بنەماڵە و ئەو گروپ و تاقمانەی ئەوان تێیدا نوێنەرایەتی دەکەن، لە خەمی قوت و نان و برسێتی خەڵکدان، نە بەغدایش شامی شەریفە. ئەوەی ئەوان ئەمڕۆ دەرحەق بە هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانی ئەنجامی ئەدەن جگە لە هەڵوێستێکی تەواو دوژمنکارانە و نابەرپرسیارانە هیچی تر نییە، ئەوان بەلایانەوە گرنگ نییە خەڵکی تا چەند برسی و بێ نان و بژێوی بن، هەرگیز بۆیان گرنگ نەبوە ژیانکردن بەشایستەی خەڵکی ئەم هەرێمە بزانن، هەمیشە مۆدێلێک لە سیاسەتیان پەیڕەو کردوە، کە بەردەوام خۆیان گەمەکەرێکی باشبون بۆ لەخشتەبردنی خەڵکی کوردستان و یارییان بە هەست و سۆز و کەرامەتی تاک بە تاکی خەڵکی کردوە.



ئەو بەناو حکومەتەی کە لە ژێر فشاردایە، هیچ نییە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ بۆ پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵێک هێز، کە هیچ دیدێکیان بۆ حکومەتی فیدڕاڵی لەپێناو بەرژەوندی خەڵکی کوردستاندا نییە.



ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە خراپترین و تۆقێنەرترین فۆرمی حوکمڕانیی دروستکراوە، کە دەسەڵات لە ئاکامی ئەو بێدەنگی و متبونەی خەڵکی بێهەڵوێستی کوردستان بەرهەمی هێناوە و قبوڵێتی.



دەسەڵاتێک کە حکومەتێکی تاڵانچی رێکخراو و پارێزراو ئاراستەی بکات و پەرلەمانێکی بێ سیستەم و مردو داڵدەی بدات هەر چاوەڕێی ئەم جۆرە حوکمڕانیەی لێدەکرێت خزمەت.



ئەوەی تاوانبارترە، کە دەیانپارێزێت لە تەواوی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان. ئەوەشی ئەم گشتە ئاراستە دەکات چینێک لە سەرمایەدار و به‌ ناڕه‌وا ده‌وڵه‌مه‌ند بو بەناوی حزب و سەرکردەی سیاسی لەم هەرێمە کاولەی کەخەڵکی تێکەووە، دواجاریش کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە و گروپی سوڵتانی داخراوە، کە ھیچ یەکێکیان ھیچ خەمخۆرییەک و ھیچ کردەیەکی ئابوریی ماناداریان نییە کە لەبەرژەوەندی خەڵکە بەش مەینەتەکەی ئەم هەرێمەدا بن. ئەوەی ھەیانە لەشکری حزبیی و سوپای تایبەت و پارتی سیاسیی قۆرخکراو و میدیای ئاراستەکراوە، کە وایانلێدەکات خاوەنی ئەو ئابورییە بن، کە لەم ھەرێمەدا بە قوربانیی خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم خاکە دەستکەوتوە و بەرهەمهاتوە.



ئەوەی کرۆکی کێشەی خەڵکە و خەڵک لێی بێدەنگە، ئابوری کوردستانە . ئابورییەک کە لە دەرەوەی خەڵک بەڕێوە دەبرێت، بۆیە تا لەم جۆرە عەقڵی سیاسییە لەم هەرێمەدا بن هیچ گۆڕانکارییەک لە بار و گوزەرانی خەڵک ناگۆڕێت و ئەم دۆخە وەکخۆی بەچەقبەستویی دەمێنێتەوە.



بۆیە دەڵێین: ئەگەر دەتانەوێت میللەت لەمە زیاتر زەلیل تر و برسی نەبێت، دەبێت دەسەڵاتداران بە ئیرادەیەکی بەهێز و دەستێکی پاک، چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدەن و بێ سڵەمینەوە دەستی ئەو کەمینە گەندەڵ و دز و مشەخۆرەی کەلە ناو هەریەکێک لە حزبەکان هەیە ببڕن! ئەگەرنا خەڵک سەبر و بێدەنگی دەگاتە بنبەست و کاسەی سەبریان پڕ دەبێت و دۆخەکە لەوەی هەیە زۆر خراپتر ئەبێت.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure