ساڵح ژاژڵه‌یی15/10/2020 454 جار بینراوە

پارتى و خیانه‌تى به‌رده‌وام

ئه‌گه‌ر كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕابوردوى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى یان پارتى كه‌ هه‌ردوكیان یه‌ك شتن و له‌ دوو فۆڕم و ناوى جیاوازدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پڕه‌ له‌ خیانه‌ت و تاوان و تراجیدیا كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌تى كورد ئه‌نجامیان داوه‌ . پارتى هه‌رگیز سڵى نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى تاوان و خیانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ته‌كه‌ى ئه‌گه‌ر به‌ژه‌وه‌ندى خۆى كه‌وتبێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ .

 

ئه‌گه‌ر هه‌ندێك خیانه‌تیان له‌ ناچاریدا به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ته‌كه‌یان ئه‌نجامدابێ وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن و پاساویان بۆ دێننه‌وه‌ ، زۆر خیانه‌تیشیان كردوه‌ كه‌ ناچار نه‌بون و ده‌یانتوانى نه‌یكه‌ن . . ئه‌گه‌ر ئاشبه‌تاڵى ساڵى 1975 له‌ ناچاریدابوبێت و وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن موئامه‌ره‌ى ده‌ولى بوه‌ ، ئه‌ى كاتێك یه‌كێتى نیشتمانى شۆڕشى نوێی ده‌ست پێكرده‌وه‌ بۆچى پارتى دژى وه‌ستایه‌وه‌و له‌ برى ئه‌وه‌ى ئه‌ویش ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ شه‌ڕ دژى حكومه‌تى عێراق ، ده‌ستى كرد به‌ په‌لاماردانى پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كێتى ؟؟. شه‌هید كردنى پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تایه‌كانى شۆڕشى نوێ وه‌كو حوسه‌ین بابه‌ شێخ و حه‌سه‌ن خۆشناو و هه‌موو ئه‌وانى تر له‌ پێناوى چیدابوو ؟؟.


ئه‌نجامدانى كاره‌ساتى هه‌كارى و شه‌هید كردنى شه‌هید عه‌لى عه‌سكه‌رى و دكتۆر خالیدو هه‌موو قاره‌مانه‌كانى تر له‌ پێناوى چیدابوو ؟؟ . كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت كه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌ره‌و سێ سنوور كه‌وتبونه‌ ڕێگا بۆ هێنانى چه‌ك بوه‌و زۆرینه‌ى هێزه‌كه‌ش بێ چه‌ك بون و هه‌رگیز به‌ نیه‌تى شه‌ڕى پارتى نه‌كه‌وتونه‌ ڕێگا ؟؟ ئه‌مه‌شیان موئامه‌ره‌ى ده‌ولى بوو ، یان خیانه‌ت بوو ؟؟ په‌لاماردانى هێزه‌كانى حیزبى دێموكراتى ئێران له‌ ده‌ڤه‌رى پیران شه‌هرو ئاڵۆتان له‌ ساڵى 1982 و شه‌هیدكردنى سه‌دان پێشمه‌رگه‌و به‌ دیل گرتن و ته‌سلیم كردنه‌وه‌ى سه‌دانى تر به‌ ڕژێمى ئێران له‌پێناوى چیدابوو ؟؟


ئه‌وكاته‌ى ئه‌وان ڕاوى پێشمه‌رگه‌ى حیزبى دێموكراتیان ده‌كرد له‌ قۆڵایی گه‌رمیانه‌وه‌ به‌ چله‌ى زستان پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كێتى كه‌وتنه‌ ڕێگا بۆ یارمه‌تیدانى حیزبى دێموكرات . باشه‌ ئه‌گه‌ر یارمه‌تیشى نه‌دان بۆچى شه‌ڕى كردن و پێشمه‌رگه‌ى حیزبى دێموكرات چ تاوانێكیان به‌رامبه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ئه‌نجامدابوو تا تۆڵه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ ؟.به‌ڵام دیاره‌ ئه‌مانه‌ بونه‌ خائین و به‌كرێگیراوى بێگانه‌ له‌پێناوى مه‌رامه‌كانى خۆیاندا . له‌ كاتێكدا له‌ قوڵایی ناو خاكى كوردستان پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كێتى شه‌رَیان دژى به‌عس ده‌كرد ، ئه‌وان ڕێكخستنه‌كانى خۆیان ڕاده‌سپارد شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ناچار بون ، ته‌سلیمبه‌ به‌عس ببنه‌وه‌و ببن به‌ جاش و به‌رده‌وامبن له‌ دژایه‌تى یه‌كێتى .


نمونه‌ى ئه‌وانه‌ ته‌حسین شاوه‌یس و قاله‌ فه‌ره‌ج و ده‌یانى تر . باشه‌ ئه‌مه‌یان له‌پێناوى چى و موئامه‌ره‌ى كام ده‌وڵه‌ته‌ بوو ؟؟. ئه‌ى باشه‌ ئه‌نجامدانى خیانه‌تى 31 ى ئابى 1996 له‌پێناوى چیدابوو؟ .
هیچ خیانه‌تێك و هیچ تاوانێك و هیچ تراجیدیایه‌ك كه‌پارتى ئه‌نجامى داوه‌ موئامه‌ره‌ى هیچ لایه‌نێك نه‌بوه‌و هه‌مویان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ئه‌نجامیان داوه‌ و پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى خیانه‌تیان به‌ شیره‌وه‌ خواردوه‌و پێیان ته‌رك ناكرێت و به‌ ویراسى حه‌زیان له‌ خیانه‌ته‌ و به‌ده‌ست خۆیان نییه‌ .


ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم وله‌ده‌ست دانى نیوه‌ى زیاترى خاكى كوردستان خیانه‌تێكى ترى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى . ئه‌مه‌یان سودى چیبوو ، له‌پێناوى چیدا كردیان ، كێ پێى كردن؟. هه‌مومان ده‌مانزانى ئه‌وه‌ كارێكى خراپه‌ . هه‌موشمان هاوارمان كرد . ئه‌مه‌ریكا به‌و گه‌وره‌یی و زه‌به‌لاحى خۆیه‌وه‌ هاته‌ سه‌رخه‌ت و تكاى له‌ بارزانى كرد ئه‌وه‌ نه‌كات و ساڵێك دواى بخات و ئه‌وان ده‌بن به‌ كه‌فیل و كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن .


باشه‌ كێ ئاوا خوا ده‌یداتى و چۆن ئاوا به‌ ئاسانى له‌قه‌ى لى ده‌دات ؟ به‌ڵام دوایی ده‌ركه‌وت و ئێسزۆر له‌ سیاسه‌ت مه‌داره‌كانى جیهانیش هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ بارزانى له‌سه‌ر داواى توركیا ئه‌وكاره‌ى كردوه‌ ، نه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگیز كوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت . ئێستا كه‌ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و ماستاو چى و هه‌لپه‌رست و به‌ناو مامۆستاى زانكۆ و كۆیله‌كانیان ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك وه‌كو خیانه‌تى نیشتمانى وێنا بكه‌ن و بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆى یه‌كێتى ، ئه‌مه‌یان له‌ پێناوى چیدایه‌ ، چما هه‌موو خه‌ڵك نازانێت ئه‌گه‌ر ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى كه‌ركوك به‌ به‌غدا وه‌كو خیانه‌ت وێنا بكرێت ، سه‌رۆك بارزانى پشكى شێرى به‌رده‌كه‌وێت ؟.


من به‌رگرى له‌ یه‌كێتى ناكه‌م و نه‌شمكردوه‌ .به‌ بێتاوانیشیان نازانم و له‌ نوسێنێكى تریشمدا به‌ درێژى باسى ئه‌وه‌م كردوه‌ . ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان هات و ڕأده‌ستى به‌غدا كرایه‌وه‌ ، ئه‌نجامى ڕیفراندۆم بوو .


ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وه‌كو خیانه‌تیش بۆ یه‌كێتى حساب بكرێت به‌رنامه‌ى پێشوه‌ختى یه‌كێتى نه‌بوه‌و به‌ هۆى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى مه‌سعود به‌رزانى فه‌یله‌سوف و سیاسه‌ت مه‌دارى گه‌وره‌ى كورده‌وه‌ بووه‌ ، كه‌ ئه‌وڕیفرادۆمه‌ى كرد بۆئه‌وه‌ى ئه‌وسنوره‌ له‌ ده‌ست یه‌كێتى بچێت و دڵى توركیاش ڕازى بكات .


به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتیش هه‌ڵ خه‌ڵه‌تێنران و به‌ده‌ستى خۆیان ماڵى خۆشیان و كوردیشیان وێران كرد . دواجار كراشن به‌ خائین . ڕاسته‌ ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر به‌ به‌غدا خیانه‌ته‌و پارتى و یه‌كێتى به‌رپرسیارن ، به‌ڵام وه‌كو دواجار ده‌ركه‌وت پارتى ئه‌مه‌ى به‌ به‌رنامه‌ كردوه‌و هیچ نیه‌تیشى نه‌بوه‌ به‌رگرى له‌ كه‌ركوك بكات له‌ كاتى هێرشى حكومه‌تدا .


حكومه‌تى عێراقیش بڕیارى دابوو كه‌ركوك بگرێته‌وه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بێت ، كه‌واته‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى بێ شه‌ر ِبێنه‌وه‌ ناو كه‌ركوك زۆر باشتر بوو له‌وه‌ى كه‌ركوك وه‌كو موسڵ وێران ببێت . خۆزگه‌ى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕێكه‌وتنایه‌و ئه‌و هه‌موو پیِشمه‌رگه‌یه‌ به‌ خۆڕایی شه‌هید نه‌ده‌بون و كوردانى توز خورماتوش ئاوایان به‌سه‌ر نه‌ده‌هات كه‌ ئیستاش هه‌ندێكیان نه‌گه‌ڕأونه‌وه‌ .


با واز له‌ هه‌موو شتێك بهێنین و ئێمه‌ش وه‌كو پارتى بڵێن ڕأده‌ستكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك خیانه‌ت بووه‌ . ئێمه‌ش ده‌ڵێن خیانه‌ت بووه‌ . پارتى ده‌ڵێت ئه‌وه‌ یه‌كێتى بوو خیانه‌تى كردو له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك كه‌وتنو كه‌ركوكیان ته‌سلیم كرد . ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌ڵێن راسته‌ ئه‌وه‌ هه‌موى به‌ ته‌نها خیانه‌تى هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى یه‌كێتى بووه‌ .


باشه‌ ئه‌ى ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى شه‌نگال بۆ به‌غدا ده‌چێته‌ چ بابێكه‌وه‌ ؟ ئایا حكومه‌تى عێراقى هێرشى هینابوو بۆ سه‌ر شه‌نگال ؟ .باشه‌ كه‌ حكومه‌تى به‌غدا هێرشى نه‌كردووه‌ ، خێره‌ ئاوا به‌ ئاسانى شه‌نگال دواى ئه‌وهه‌موو كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ریان هێنا ڕأده‌ستى به‌غداى ده‌كه‌نه‌وه‌ ؟ . پرسیار ئه‌مه‌یه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێكى خاوه‌ن ویژدان ، ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ سیاسه‌ته‌ مه‌دار ده‌زانن ، ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ دڵسۆزى ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌زانن ، شه‌نگالیش ناچێته‌ بابى خیانه‌ته‌وه‌ ؟.


باشه‌ بۆچى ئه‌وه‌ى كه‌ركوك خیانه‌ت بێ و ئه‌مه‌ى شه‌نگال ریكه‌وتن بێت ؟. ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنه‌ ، له‌پێناوى چیدایه‌ ؟. ئه‌گه‌ر بۆ كه‌ركوك خیانه‌ت بوبێت ، بۆ شه‌نگالیش خیانه‌ته‌ . ئه‌گه‌ر ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى شه‌نگال به‌ ڕێكه‌وتن بوبێت ، ماناى وایه‌ رأِده‌ست كردنه‌وى كه‌ركوكیش به‌ڕێكه‌وتن بوه‌ و ناچێته‌ بوارى خیانه‌ته‌وه‌ . جیاوازیه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ شه‌ل نییه‌و پاى شكاوه‌ .


پارتى دوو جار خیانه‌تى له‌ شه‌نگال كردوه‌ . جارى یه‌كه‌م كه‌ بارزانى فه‌رمانى به‌ هێزه‌كانى كرد بكشێنه‌وه‌و شه‌ر ِنه‌كه‌ن . گومانى زۆریش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتن بوبێت له‌گه‌ل َداعش . به‌ چاوى خۆمان نه‌مان دى ژنانى رۆِژئاواى كوردستان پێشیان به‌ هێزه‌كانى پارتى ده‌گرت و كه‌ ڕانه‌كه‌ن و ئه‌وان خێراتر ڕایان ده‌كرد ؟


خیانه‌تى دووه‌م ڕأده‌ست كردنه‌وه‌ى شه‌نگال به‌ به‌غدا به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ گوشارێك له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت و نه‌ حكومه‌تى عێراقیش پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتبێت به‌زۆر بێته‌وه‌ شه‌نگال . بابزانین هۆكاره‌كانى پشتى ئه‌م سیتاریۆیه‌ى پارتى چییه‌ و له‌ پێناوى چێدت ئه‌مه‌ى كردوه‌ :


یه‌كه‌م : هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا قایمقامى شه‌نگال پارتییه‌و ته‌نها هێزى پارتى لییه‌ ، به‌ڵام بۆ پارتى ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ خه‌ڵكى شه‌نگال نه‌ك پارتییان ناوێت ، به‌ڵكو زۆرڕقیشیان لێیانه‌و به‌ هۆكارى هه‌موو ئه‌و نه‌هامتیانه‌یان ده‌زانن كه‌ به‌سه‌ریان هه‌توه‌ . سیاسه‌تى پارتیش ڕونه‌ ده‌ڵى ماستێك بۆمن نه‌بێت، باموشى تێدابێـت كێشه‌ نییه‌ . بۆیه‌ چۆن له‌ خه‌مى له‌ ده‌ست دانى كه‌ركوك نه‌بوو ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ خه‌مى له‌ ده‌ست دانى شه‌نگالیش نییه‌ . پارتى له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت شه‌نگال بكاته‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆى ، بۆیه‌ وه‌كو هه‌دیه‌ پێشكه‌شى به‌غداى كرده‌وه‌ .


دووه‌م:له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بارودۆخى ئابورى هه‌رێم خرایه‌ . سه‌رۆكى حكومه‌ت پارتییه‌ .پاره‌ نییه‌ بۆ موچه‌ . بۆیه‌ مه‌رایی بۆ به‌غدا ده‌كات و ئاماده‌یه‌ ده‌ست له‌ شه‌نگال و ده‌یان شوێنى تریش هه‌ڵگرێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بدات و پارتى له‌م ته‌نگه‌شه‌یه‌ ڕزگارى ببێت و هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێننه‌وه‌. له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو مه‌رایی ده‌كات ، بۆ ئه‌وه‌ى موتمانه‌ى به‌غدا به‌ دست بێنێته‌وه‌ .ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ پارتى پشتیوانى خۆى بۆ كازمى ده‌ربڕیوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران .


سێیه‌م : بۆ ئه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌و په‌یه‌ده‌ له‌شه‌نگال ده‌ه‌ركرین چونكه‌ پارتى ئه‌وانه‌ به‌ دوژمنى خۆى ده‌زانێت.


چواره‌م :به‌ ده‌ركردنى په‌كه‌كه‌و په‌یه‌دا له‌ شه‌نگال موتمانه‌ى توركیا له‌ ده‌ست نادات و په‌یوه‌ندیه‌كانیان ده‌چێته‌ ئاستێكى باڵاترو باوه‌ڕ پێكراوتره‌وه‌ .


دواى هه‌موو ئه‌وخیانه‌تانه‌ى پارتى ئه‌نجامى داوه‌ له‌ ئێستادا ئه‌گه‌رى زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پارتى خیانه‌تێكى گه‌وره‌ى ترى نیشتمانى ئه‌نجام بدات له‌ پێناو مانه‌وه‌ى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا . هه‌موتان له‌ بیرتانه‌و زۆر دوور نییه‌ كه‌ پارتى به‌بی َهۆكار و بی َهیچ مه‌ترسیه‌ك هێزى برده‌ زینوى وه‌رتى َ. كڵاویشى كرده‌ سه‌رى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ كه‌ یه‌كێتییه‌و ئه‌وسنوره‌ش سنوورى یه‌كێتیه‌.


ماوه‌یه‌ك ده‌نگه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر دروست بوو . یه‌كێتى هێزى برده‌ ئه‌و ناوه‌ .دواجار كێشه‌كه‌ هێوركرایه‌وه‌ به‌وه‌ى لیوایه‌كى هاوبه‌شى یه‌كێتی و پارتیان بردۆته‌ ئه‌وێ . دیاره‌ ئه‌و ناوه‌ نزیك سنورى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌یه‌ . توركیا به‌فرۆِكه‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كى په‌كه‌كه‌شى شه‌هیدكرد .


هیچ گومانى تێدا نییه‌ پارتى له‌ خۆڕایی ئه‌مه‌ى نه‌كردوه‌ له‌ خیانه‌تكردندا خاوه‌نى ستراتیجى دوور مه‌ودایه‌ و ئه‌وه‌تا ئێستا خه‌ریكه‌ هێواش هێواش سه‌ره‌داوه‌كانى ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت و خه‌ریكه‌ پارتى به‌رنامه‌كه‌ى بخاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ . حكومه‌تى عێراقى بارى ئابورى زۆر خراپه‌ . له‌ لێوارى ئیفلاسبوندایه‌ . ئه‌گه‌ر كار ئاوا بڕوات ئه‌و بڕه‌پاره‌ كه‌مه‌ى ئێستاش دێت ، ناینێرن . كه‌واته‌ حكومه‌تى به‌ناوهه‌رێم موچه‌ى پی َنادرێت . ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌رى ڕاپه‌ڕینى گشتى هه‌یه‌ . ئه‌و كات ده‌سه‌ڵاتى پارتى ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسى گه‌وره‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وهۆكاره‌ پارتى له‌ ئێستاوه‌ خه‌ریكى ڕێخستنى سیناریۆكه‌یه‌و خه‌ریكه‌ له‌م ڕێگایه‌وه‌ بیخاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ .


ماوه‌یه‌كه‌ ئاسایشى هه‌ولێر قسه‌ له‌سه‌ر كوژرانى به‌رپرسى ئاسایشى سه‌رزێڕی ( غازى ئالیخان ) ده‌كات و تاوانى كوشتنه‌كه‌ى ده‌دات پاڵ په‌كه‌كه‌ . داوا له‌ هاولاِتیان ده‌كات هه‌ڵویستیان هه‌بێت . ئه‌ى بۆچى داواى له‌ هاوڵاتیان نه‌كرد هه‌ڵوێستیان هه‌بێت ، له‌ كاتى شه‌هید كردنى سه‌رده‌شت عوسمان و ده‌یان شه‌هیدى تر.


ئه‌مه‌ش پێشه‌كیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ڕێگایه‌وه‌ زه‌مینه‌ خۆش بكات بۆ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕێكى خوێناوى گه‌وره‌ . له‌ ئێستادا پارتى ئاره‌زوى ده‌ست پێكردنى شه‌ڕێكى هه‌یه‌ بۆ داپۆشینى گه‌نده‌ڵى و تاڵانیه‌كان و هه‌ڕاج كردنى نه‌وتى كوردستان و ئیفلاس كرد به‌ ئابورى هه‌رێم. توركیاش ئاواته‌ خوازه‌ پارتى چراى سه‌وزى بۆ هه‌ڵ بكات و به‌هانه‌ى هێرشى بۆ بڕه‌خسێنێت . پارتیش ئاماده‌یه‌و هاوكاریى سوپاى توركیش ده‌كات .


ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوبدات هیچ گومانى تێدا نامێنێت كه‌ كوشتنى غازى ئالیخانى به‌رپرسى گومرگى سه‌رزێڕى پارتى خۆى ئه‌نجامى دابێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بكه‌نه‌به‌هانه‌ دروستكردنى شه‌ڕو ده‌ست پێكردنى شه‌ڕ بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ .


پارتى چه‌ندین ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامى ڕێگاى خۆش كردوه‌ كه‌ هێزه‌كانى توركیا له‌ناو خاكى كوردستان جیگیر بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕۆژى ته‌نگانه‌دا توركیا فریاى بكه‌وێت . له‌ كاتێكدا به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم نه‌نێریت و هه‌رێم خۆشى ده‌ڵى پاره‌مان نییه‌ . وه‌كو ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى عێراق ده‌ڵێت سه‌ره‌تا به‌ناوى پاشه‌كه‌وتى موچه‌وه‌ گیرفانى موچه‌ خۆرانیان تاڵانكرد. قۆناغى دواى ئه‌وه‌ به‌ لێبڕینى موچه‌و به‌رده‌وام دواخستنى ده‌ستیانپێكرد .


ئێستا قۆناغى خۆ گونجاندنیان ده‌ست پێكردوه‌ . واته‌ حكومه‌ت پاره‌ بنێرێـت یان نه‌نێرێـت ئێمه‌ به‌ پێی ئه‌و پاره‌یه‌ موچه‌ ده‌ده‌ین كه‌ له‌به‌ر ده‌ستمانه‌ . كه‌واته‌ لێره‌ به‌دواوه‌ ساڵى سێ جار موچه‌ ده‌درێت. پاره‌ى گومرگه‌كان له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌دزرێت . پاره‌ى نه‌وت ده‌دزرێت . پاره‌ى داهاتى ناوخۆ ده‌دزرێت . هه‌رچى كۆمپانیاى گه‌وره‌ هه‌یه‌ ، كۆمپانیاى حیزبین و باج ناده‌ن . ئه‌گه‌ر به‌غداش پاره‌ نه‌نێرێت ، كه‌واته‌ موچه‌ نامێنێت .


كه‌واته‌ مه‌ترسى ڕاپه‌ڕین ده‌ست پێده‌كات . به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتى شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ دروست بكات ئه‌وكات شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كاته‌ به‌هانه‌ بۆ پێنه‌دانى موچه‌و بارودۆخێك دروست ده‌كات خه‌ڵك له‌ ترسى ژیانى خۆى موچه‌ى له‌بیر بچێته‌وه‌ . بۆ ئاگاداریتان پارتى بۆ مانه‌وه‌ى خۆى ده‌ست بۆ هه‌موو خیانه‌تێك ده‌بات و هیچ به‌ته‌نگ ژیانى خه‌لكه‌وه‌ نین و مانه‌وه‌ى خۆیان له‌ هه‌موو شتێك پێ گرنگتره‌ . ژیانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بۆسه‌دان ساڵى تریش زامنه‌و ، نه‌بونى هاوڵاتیانیش به‌ كێشه‌ى خۆیان نازانن .


بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هاولاتیان ده‌رك به‌و مه‌ترسیه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بن چونكه‌ هه‌مووشتێكى خراپ له‌ پارتى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت . كاتى ئه‌وه‌شه‌ له‌خه‌و هه‌ستن و چیتر بیده‌نگ نه‌بن . ئه‌گه‌ر میلله‌ت ئیراده‌ى هه‌بێـت هه‌موو شتێكى پی َده‌كرێت و له‌ هه‌موو حیزب و لایه‌ن و حكومه‌تیش به‌ هێزتره‌ . هه‌ر وه‌كو ده‌شڵێن :


هیچ كه‌سێك به‌ دیكتاتۆرى له‌دایك نابێت ، ئه‌وه‌ بێده‌نگى خه‌ڵكه‌ دیكتاتۆر دروست ده‌كات .

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure