شەماڵ طەلیعە18/7/2020 250 جار بینراوە

لە نێوان تیرۆرکردنى هاشمى وسەردەشت عوسمان دا

پاش تیرۆرکردنى هشام هاشمى ( شارەزاى بوارى ئەمنى وگروپە توندڕەوەکان ) لەناوچەى (زیونە ) لەناوەڕاستى بەغدا ، سەرنجى میدیا ئیقلیمى ونێودەوڵەتییەکانى بۆلاى خۆى ڕاکێشا .تیرۆرکردنى هاشمى لەپاش زنجیرەى ئەو تیرۆرکردنانە دێ کەبەهۆى ناکۆکى تایفى وحیزبى ومەزهەبی دەوڵەتى عێراقى تەنیوەتەوە ، بۆیە تیرۆرکردنەکە شتێکى شۆکهێنەر بوو بەڵام سەیر نەبوو ، یان ڕووداوێکى چاوەڕوانکراو بوو چونکە سەرۆک وەزیرانى عێراق ( مستەفا کازمى ) لەگەڵ دەست بەکاربوونى دا دەستى بە نەهێشتن وسزادان وقەلاچۆکردنى شانە نووستووەکانى گروپە توندڕوەکان کرد هەر لە حەشدى شەعبی وکەتائیبی حیزب اللە تاوەکو داعیش وقاعیدەش ، لەپاش ئەم کردەوانەى کازمى ، ئیدى ڕووداوى تیرۆرکردنى هاشمى وەک گەیەنەرى زانیارى وورد ونهێنى بە حکومەتەکەى کازمى شتێکى چاوەڕوانکراو بوو ، هەڵبەتە لەپاش تیرۆرکردنى هاشمى ، سەرۆک وەزیران زۆر بەتوندى وحەماسیەوە هاتە سەرخەت بۆ تۆڵەسەندنەوەى لەبکوژانى ناوبراوتەنانەت ووتى : ناهێڵین ڕۆژبێتەوە بکوژەکانى ڕەوانەى دادگا دەکەین ، گۆڕانکارى لەدەسەڵاتى ئەمنى ناوچەکەدا کرد وبەڕێوەبەروبەرپرسى لایەنى ئەمنى گۆڕى وکەسانى دیکەى لەجێگەى دانا ، جگە لەمەش خودى سەرۆک لەگەڵ لیژنەیەکى تایبەت دا سەردانى ماڵى قوربانى کرد وبەڵێنى پێدان کەلەزووترین کات بکوژان دەستگیردەکرێن، یان ئەحمەد ملا طلال ووتى : ناهێڵیین بکوژان هەڵبێن ولەپەتى سزادان دەرچن ، ئەم هەڵوێستانەى وەزارەت وحکومەتەکەى کازمى بەڵگەیەکى زیندوون لەسەر ڕۆڵى گرنگیان لە گرنگى دان بەکەیسى تیرۆرکردنى هاشمى .ئەوەى مایەى پێکەنینە ، هەڵوێستى ( یەکێتی وپارتى ) ە کە داواى لە کازمى کردووە هاوکارى دەبین بۆدۆزینەوەى بکوژانى هاشمى وئیدانەى تیرۆرکردنەکەى دەکەین ...هتد .ئەم هەڵوێستەى هەردوو حیزبى حوکمڕانى ناوبراو ، هەڵویستیکى شەرمنانەیە چونکە هەردووکیان دەستیان تیوەگلاوە وتیکەڵە بەخوێنى تیرۆرکردنى رۆژنامەنووس ونووسەر وڕۆشنبیر ومەلا وپیاوانى ئایینى وچالاکوانن ، یەکێ لەو ڕۆژنامەنووسانەى کە پارتى دیموکراتى کوردستان تەنها لەبەر دوو ڕەخنە لەسیاسەتى ئەو حیزبە ، دواى ڕفاندن لەناو چەقى شارى هەولێردا لەلایەن چەند کەسێکى دەمامکدارەوە بۆ دەرەوەى شار دەکوژرێت ، لاشەکەى دەشێونرێت وفڕێ دەدرێتە ناو دۆڵێکەوە ، جگە لەمەش بەمەشەوە ناوەستن وبەتیرۆریست وپیاو کوژى لەقەڵەم دەدەن ، لەکاتێکدا سەردەشت خوێندکارى بەشى ئینگلیزى بووە لەزانکۆى سەلاحەدین ، جگە لەوەى بەشێوەیەکى دڕندە ودوور لەعورف ویاسا وڕیسا دەیکوژن لەهەمان کاتدا چەندین تۆمەتى ناڕەوا ونایاسایی دەدەنە پاڵ ، هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لەناو یەک پارچە گێژاوى خوێنڕشتن وکوشتن وڕفاندنەوە خەمخۆرى خۆیان بۆ تیرۆرکردنى هاشمى دەردەبڕن وهاودەنگى وهەڵوێستى خۆیان بۆ کازمى دەردەبڕن ، یان دەیانەوێ دەستى خوێناوى وچەپەڵى خۆیان بە کازمى بشۆنەوە ؟!

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure