عه‌دنان كۆچه‌ر19/6/2020 444 جار بینراوە

لۆژیكى "ته‌وه‌قوع" توركیا چی له‌ سلێمانى ده‌وێت

گوتاری هه‌نارده‌كراوى توركیاى ئاكپارتى بۆ داگیركاریی باشووری كوردستان‌و شكاندنى سه‌روه‌ری‌و شكۆى عێراق، به‌ ته‌نها له‌ ئاسته‌ سه‌ربازییه‌كه‌یدا خۆى به‌یان ناكات، هه‌روه‌ك ته‌نها گرێدراوی ئه‌و ململانێ سه‌ربازییه‌ش نیه‌، كه‌ له‌نێوان پارتى كرێكارانى كوردستان‌و توركیادا مێژوویه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵكو ماناكانى پشت ئه‌و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خه‌یاڵ‌و خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى جوگرافیا‌و جیۆپۆله‌تیكى ئیمپراتۆریای رماوى عوسمانى، هه‌رئه‌وه‌شه‌ لێدوانه‌كانى ئه‌رۆدگان‌و به‌رپرسانى دیكه‌ په‌یوه‌ست به‌ له‌شكركێشیه‌كان ئه‌و لۆژیكه‌ مێژووییه‌ دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌، كاتێك ده‌ڵێن"بۆ باكووری عێراق، هیچ پرسكردنێكى ناوێت، چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ جوگرافیاى ده‌وڵه‌تى توركیا".


له‌راستیدا سه‌ركێشیه‌ هه‌رێمییه‌كانى توركیاى ئاكپارتى له‌رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، له‌ لیبیاوه‌ بۆ سوریا‌و عێراق‌و ركابه‌رییه‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو، به‌ریه‌ككه‌وتنى به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ سعودیه‌و ئیمارات‌و كۆمكاری عه‌ره‌بی، له‌ ئامێزگرتنى هێڵى بوغزێنراوى ئیخوان‌و هه‌وڵدان بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى ئومه‌تى ئیسلامیی، هه‌روه‌ك وێناكردنى ئۆرۆدگان وه‌ك پاڵه‌وانى ئاینیی له‌روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئیسرائیل‌و كاركردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ى فه‌له‌ستینیه‌كان، هه‌موویان پێكه‌وه‌ پاكێجێكن داهاتووى توركیا دیاریده‌كه‌ن، راستیه‌كه‌شی زۆرێك له‌ شیكه‌ره‌وه‌و راڤه‌كاره‌ سیاسیه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، توركیا له‌سایه‌ى ئابووریه‌ داڕماوه‌كه‌ى، به‌هۆى به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى مه‌وداكانى ئازادی، به‌هۆكاری به‌هێزبوونى ئۆپۆزسیۆنى ناوخۆیی چاره‌نووس‌و قه‌ده‌رێكى شوم چاوه‌ڕێی ده‌كات‌و ده‌شێت قۆناغى داهاتووى دواى كۆرۆنا، قۆناغی گه‌مارۆدانى توركیا بێت، به‌سه‌رێكدا ئه‌وروپا‌و به‌سه‌ره‌كه‌ى دیكه‌شدا ناوخۆی وڵاته‌كه‌و له‌زۆر ئاستى دیكه‌ش، ئه‌مه‌ش ئه‌و گیانه‌ڵا سیاسیه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ سه‌ركێشیه‌كانى ئۆردۆگاندا خۆى به‌یانده‌كات، به‌هه‌ڵمه‌تى "چنگى پڵنگ‌و چنگى هه‌ڵۆ"شه‌وه‌، كه‌ ئامانج لێی داگیركردنى باشووری كوردستانه‌.


لێدوانه‌كانى ئه‌و دوو رۆژه‌ى به‌رپرسانى توركیا ئه‌وه‌ به‌یانده‌كات، كه‌ ئامانجى هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا، داگیركردنى كوردستان‌و به‌ ئامانجگرتنى ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تى، هه‌روه‌ك به‌دیهێنانى هه‌ژمونخوازییه‌ له‌سه‌ر شاری سلێمانى‌و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه‌ى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌یڵێت، بۆ درێژكردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه‌یه‌ بۆ داگیركردن‌و به‌ ئامانجگرتنى سلێمانى، به‌ڵام موسیبه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان ده‌یهه‌وێت شه‌رعیه‌ت به‌و داگیركارییه‌ بدات‌و پاساو بۆ سنوڕبڕى بدۆزێته‌وه‌، پارتیه‌، كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى هاشو هوشی كوردایه‌تى‌و ده‌وڵه‌تسازییه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت راى گشتى بۆ په‌لاماردانى كوردستان رام بكات، ئه‌وه‌تا عه‌لی عه‌ونى‌و هێمن هه‌ورامى‌و وورده‌ پیاوه‌كانى ترى ئه‌و هێزه‌ سه‌رقاڵى دوپاتكردنه‌وه‌ى گوتاره‌كه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیان‌و خواخوایانه‌ وه‌ك چۆن له‌سه‌ر پشتى ده‌بابه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر، ئه‌مجاره‌ش به‌سه‌ر پشتى ده‌بابه‌دا بێن‌و نه‌خشه‌ی راده‌ستكردنى سلێمانیش به‌ پشتیوانى توركیا به‌جێبگه‌یه‌نن، ره‌نگه‌ تویته‌كه‌ى ئه‌مڕۆی هه‌ڤاڵ (لاهوری شێخ جه‌نگی) هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، هه‌ستكردن بێت به‌ مه‌ترسی ئه‌و ئه‌جێندا په‌نهانه‌ى كه‌ توركیا‌و پارتى پێكه‌وه‌ بۆ به‌ ئامانجگرتنى سلێمانى دایانڕشتبێت، له‌وه‌شدا هه‌ڵه‌ ناكه‌ین، چونكه‌ كه‌ى بارزانى هه‌ڕه‌شه‌یكردو ده‌سته‌واژه‌ى "ته‌وه‌قوع" ناكه‌ن ـ ی به‌كارهێنا، مه‌علوم كه‌تنێكى له‌بن ده‌سته‌، كه‌ خاك‌و خه‌ڵكى كوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش ماڵوێران ده‌كات.


خاكى كوردستان‌و خه‌ڵكه‌كه‌ى، كێڵگه‌ى تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌زموونكردنى فۆڕمه‌كانى داگیركاریی نین، ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت سلێمانى‌و كوردستان وه‌ك عه‌فرین ببێته‌ ویلایه‌تى چه‌ته‌كانى توركیا، ده‌بێت بزانن، نه‌ خاكه‌كه‌و نه‌ خه‌ڵك‌و هێزه‌ سیاسیه‌كانیشی رێگه‌ ناده‌ن، له‌ پێناو پاراستنى بنه‌ماڵه‌یه‌ك شكۆى نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ر به‌و ئاسانییه‌ هه‌رزانفرۆش بكرێت، به‌ڵێ كوردستان‌و سلێمانى پێكه‌وه‌ شاری كوردایه‌تى‌و هه‌ڵمه‌تن، نه‌ك ملكه‌چ‌و خه‌سێنراو بۆ هاوبه‌شه‌ هه‌رێمییه‌كه‌ى پارتى، كه‌ ده‌ستى به‌سه‌ر ووزه‌و خاك‌و هه‌موو شتێكدا گرتووه‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure