دكتۆر محەمەد كیانی15/6/2020 737 جار بینراوە

تەعدای شەرەف لە کچە حەفت ساڵکە و ژنە کەمئەندامەکە و ئازادی و دیواری ئاودەستی مزگەفتەکان

 

باوكی ئەو كچە هەشت ساڵیەی پار ساڵ تەعدای سێكسی لێكرابو دەستگیرکرا

باوكی ئەو كچە حەفت ساڵیەی ساڵی پار تەعدای سێكسی لێكرابو رۆژی هەینی رابردو ٢٠٢٠/٦/١٢ دەستگیرا بۆ ئەوەی فشاری بخەنە سەر تا واز لە داوا یاساییەكەی تەعداکردنی شەرەف لە کچە هەشت ساڵیەکەی بێنێت. پارێزەرەکەی بە NRT راگەیاندوە بەڕێز لوقمان ئیسماعیل دەستگیرکراوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مادەی دووی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامیرەکانی پەیوەندی. خوشکی کاك لوقمان دەڵێت لەمەوبەر دوجار دادگا هۆشدارییان داوەتێ، بەڵام ئەو دەیزانی بۆ ئەوەبوە فشاری بخەنە سەر تا دەستبەرداری کەیسی کچە غەدرلێکراوەکەی بێت. ''هێزەکانی ئاساییش هیچیان لەبارەی دەستگیرکردنی لوقمان ئیسماعێل نەوتوە، بەڵام برایەکەم زوتر وتی لە دادگا بانگکراوە لەبەر ئەوەی ناوی هەندێ بەرپرسی هێنابو''، خۆشەکەی رونیکردەوە.

 

کچەکەی لوقمان لە تەمەنی حەفت ساڵی لە نیسانی ٢٠١٩ فڕێندرابو و لاقەی سێکسی کرابو. پێنج کەس لەسەر کەیسەی لاقەکردنی ئەم منداڵە گێران بۆ ماوەیەکی کورت بەڵام بە کەفالەت بەردران. لەو کاتەوە لوقمان ئیسماعیل فشاری دەخرێتەسەر بۆ وازهێنان لە داواکەیان و ماڵەکەی جێهێشتوە.. رۆژی هەینی دێتەوە ماڵەکەی و دەستگیر دەکرێت. دەڵێن ئەو تۆمەتبارانەی ئەم تاوانەبان کردوە خزمی کەسێکی نزیکە لە سەرانی پارتی.

 

پرسیار: کەیسی ئەم منداڵە بەستەزمانە حەفت ساڵیە چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ کەیسی ئەو ژنە کەمئەندامەی لە پردێ تەعدای شەرەفی لێکرابو؟ بۆ سەرۆکی پارتی لەسەر ئەم ژنە هاتە گۆ و داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێی کرد، ئەی ئەمەش تەعدا نییە لە شەرەفی کورد؟ یان ئەگەر ئەندامی حیزبەکەی و خزمی کەسانی نزیکی ئەو تەعدا لە شەرەفی هەر کەسێك بکەن حەڵاڵە بۆیان و بنەماڵەی تەعدالێکراو دەبێ خۆشحاڵ بن چونکە مبارەک کراون؟ ئەی کام شەریعەت و کام مرۆڤایەتی قبوڵی ئەوە دەکات کەسێکی بێ دەسەڵاتی وەك لوقمان بەو دەردە ببردرێ بۆ زەوقی چەند مجریمێکی قێزەونی بێ ئەخڵاق؟ ئەم دووڕووییە چۆن لە کەسێك دەوەشێتەوە خۆی بە سەرکردە و مەڕجەعی گەلێك بزانێت؟

 

تۆمەتی پێشێلکردنی ئەم یاسا بەدناوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاخاوتن (پەیوەندی) بە بەرفراوانی بەکاردەبرێت بۆ دەمکوتکردنی خەڵکانی رخنەیان لە دەسەڵات و حیزبەکانی دەسەڵات و هەڵسوکەوتی بەرپرسەکان و گەندەڵکاران و فەرهودچیەکان هەیە. ئەم یاسایە، سەرکوتکردنی ئازادی بیروڕا و گردبونەوە و ئاخاوتنی پێ دەکردرێت. ئامێرەکانی پەیوەندی هەمو شتێک دەگرێتەوە، لە رۆژنامە، تەلەڤیزیۆن، تەلەفۆن، تویتەر، فەیسبوك.... بە مانەیەکی تر: دزیمان لێ دەکەن نابێ دەنگ بکەین، موچە نادەن نابێ دەنگ بکەین، سامانی گشتی فەرهود دەکەن نابێ دەنگ بکەین، مولکی گشتی دەبەن نابێ دەنگ بکەین، لەگەڵ دەوڵەتانی درواسێ کورد دەکوژن نابێ دەنگ بکەین، ئێستا تەعدا لە شەرەفیشمان دەکەن نابێ دەنگ بکەین.

 

یەك مەنفەسمان بۆ ماوەتەوە داخی دڵی خۆمانی پێ هەڵڕێژین؛ ئەویش ئامرازێکی کۆنی ئەزمونکراوە و بەکاردەهێندرا لە کاتی ئیڕهابی بەهێزی بەعس، ئەویش نوسین بو لەسەر دیواری ئاودەستەکانی مزگەفت و جێگە گشتیەکان. مینبەری ئازادمان لە زەمانی دەسەڵاتداری "شۆڕشگیرەکان"ی دوێنێی کورد و دەسەڵاتدارانی فیودالی کێوی ئەمڕۆ دیواری ئاودەستەکانە. ئازادیخوازن و نوێخواز و دادخوازەکانی گەلی کورد، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئسلوبی خەباتی ژێرزەمینی سەردەمی رژێمە سەرکوتکەرەکان، لەسەر ئەو دیوارە مقەدەسانەی ئاودەستی مزگەفتەکان و جێگە گشتیەکان بە نوسین بیروڕای ئازاد بگۆڕنەوە و پرسە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و ئابوریەکان شەنوکەو بکەن. ئەو دیوارانە بکرێنەوە بە رۆژنامەی ئازاد و موعتەبەر و ئازایانە رخنەکان لەسەر لاپەڕەکانیان(دیوارەکانیان) لە دەسەڵاتداران بگرن و باسی گەندەڵی و فەرهودکردن و تەعداکانیان لە تاکەکانی کۆمەڵ بێترسانە بکەن.هەر لەوێ بۆچون و چارەسەری پرسەکان بگۆڕنەوە و ئاگاداری بوەر و ڕای گشتی ببن. "دبێ پڕ بەدەم هاوارکەین "بژی دەسەڵاتی کوردی، بژی ئازادی سەر دیواری ئاودەستی مزگەفتەکان"

 

دەسەڵاتی لەم جۆرە لەگەڵ بونی كۆمەڵگەیەكی تەندورست و عادل و تۆكمە ناگونجێ. خراپتر لەپاشترە. نەك هەر قوتمان لە دەمی ئەژدیهادایە، كەرامەت و ناموس و ژیانیشمان نرخی بۆ نەماوە لەدەست دەسەڵاتداری بێمۆڕاڵ و دز و فەرهودچی و مجرم و خائین.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure