عەبدوڵای مەلا نوری10/6/2020 843 جار بینراوە

نامەیەک بۆ لایەنگرانی پارتی و یەکێتی!


خوشکینە، برایینە؛ حکومەتی عێراق بە نوسراو، داوای زانیاری وردو دروست لە سەر کۆی داهاتی نەوت و پرۆسەکانی پەیوەست بە نەوت و گومرک و باقی داهاتەکانی تر لە حکومەتی هەرێم دەکات.
بە حەساسیەتەوە لێم وەرمەگرن؛ لە لایەک ئەم داوایە تەواو دەستوریە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەر بگرێ واتە بڕینەوەی دەست و قاچی دەسەڵاتدارە فاسدو ئیفلاسەکانی خۆمان.


بەڕێزینە؛ گەندەڵبونی حکومەتی عێراقیش نابێتە پاساوی ئەوەی بڵێین: بەغدا خۆشی گەندەڵەو مافی ئەوەی نیە لێپرسینەوە لە هەرێم بکات.


دەکرا حکومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردودا شەفاف بوایە، بۆ ئەوەی ئێستا نوێنەرەکانی ئێمە لە بەغدا، بە روسوریەوە داوای نەهێشتنی گەندەڵی و شەفافیەتیان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بکردایە.


خۆتان دەزانن؛ زیاتر لە (دە)ساڵە داوای ئەوە دەکەین با داهات و خەرجی هەرێم شەفاف بێت.


پێمان دەوتن: داتاو زانیاری راست بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان، لە ئێمەشی بشارنەوە ئەوا ئێران و تورکیا زانیاریەکان دەدەن بە عێراق.


پێمان دەوتن: رێکەوتنی ٥٠ ساڵیتان لە گەڵ تورکیا کارەساتە، تورکیا جێی متمانە نیە، تا بیکەنە بەدیلی عێراق.


پێمان دەوتن: رۆژێک دێت بەغدا بودجەمان لێ دەبڕن.


پێمان دەوتن: تکایە پشت بە نەوت مەبەستن، توشی ئیفلاسمان دەکات.


ئەمانەو دەیان قسەی تری دڵسۆزانە.


بەڵام ئەو کات برادەرەکانی ئێوە لە پەرلەمانی کوردستان و لە تەلەفزوێنەکانتانەوە ئێمەیان بە خائین وەسف دەکرد، ئێوەش چەپەڵەتان بۆ لێدەدان!


ئێستا دەپرسم؛ ئایا ئەو دەیان ملیار دۆلارەی کە لە رابردودا، لە لایەن بەرپرسانی هەرێمەوە دزراو رەوانەی بانکەکانی دەرەوە کرا، چ سودێکی بۆ ئێوەی بێ کارو برسی هەبو؟


ئایا رۆژ لەمە تەنگانە تر هەیە، بۆ لە بەرپرسەکانتان ناپرسن کوا ئەو پارانە، بۆ نایهێننەوەو بیدەنەوە بە خەڵک؟


ئێستا دەزانن موچەخۆرانی هەرێم باجی ناشەفافی و گەندەڵیەکانی ساڵانی رابردوی بەرپرسانی ئێوە دەدات؟


لە دوای ئەو هەمو درۆیەی بۆتانیان کرد، کاتی ئەوە نەهاتووە بەرپرسەکانتان تەماتەباران بکەن؟!


کاتی ئەوە نەهاتووە پشت لە بەرپرس و حیزبەکانتان بکەن و، رو لە میللەتە زوڵملێکراوەکەتان بکەن؟!


دەزانن ئەگەر کاتی خۆی بە قسەی ئێمە بکرایە، ئێستا وڵاتمان سەوزو ئاوەدان دەبو، هەموان خاوەن ئیش و گیرفان پڕ دەبون، خۆشەویستی و متمانە لە نێوانماندا لە ئاستێکی بەرزدا دەبو.


روی دەمم لە هێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش دەکەم؛ ئایا ئێستا تێگەیشتن ساڵانێکە ئێوە پاسەوانی کۆمەڵێک بنەماڵەو سەرکردەی گەندەڵ و ناپاک دەکەن؟! ئایا کاتی ئەوە نیە نەفرەت لەم دەسەڵات بکەن و باوەشی خۆشەویستی بۆ خەڵک بکەنەوە؟!


بەڕێزینە؛ لەم رۆژگارە سەختەدا هێشتا بەرپرسەکانی ئێوەو منداڵەکانیان، لە ناو گێژاوی رابواردن و گەندەڵی و قومارو بێ ئاگاییدا نغرۆن.


ئێوەش هێشتا هەندێکتان دڵتان پێیان خۆشەو بەرگریان لێ دەکەن و وێنەیان لە سەر فەیسبوکەکانتان دادەنێن.


حکومەتی عێراقیش ئامادە نیە پارە بنێرێ، چونکە دەڵێن: وەک ٤٠٠ ملیارەکەی پێش جەژنن دەیدزن!


ئێمەش لەم ساتەدا ناتوانین دەسەڵاتدارانی ئێوە رازی بکەین، پارە دزراوەکان بگێڕنەوە.


بۆیە بە ناچاری بە ناوی ئێوەو خەڵکی کوردستانەوە نامەیەک بۆ خوا دەنێرم و لێی دەپاڕێمەوە بە زوترین کات ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم رورەشی بەردەم خەڵکی کوردستان بکات.


دڵنیام ئەو رۆژە نزیەکە، جا ئەگەر بە شەقی خەڵکی رەشوروتی هەرێم بێت، یان بە شەقی حکومەتی بەغدا بێت.

 

تێبینی: لە کۆمێنتی یەکەمدا لینکی بەشێک لەو ڤیدیۆیانەی ساڵانی رابردو بۆ لایەنگرە بەڕێزەکانی یەکێتی و پارتی دادەنێم، هیوادارم بە ویژدانەوە تەماشای بکەن :

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure