د. شێرکۆ ســوبحانی 4/6/2020 566 جار بینراوە

ترسناکی گوێزەرەوەی بێدەنگ لە سەردەمی کۆرۆنادا

 
گوێزەرەوەی بێدەنگ یان کپ یان بێ نیشانە بریتیە لەو کەسەی کە بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لەسەر بێت، میکرۆبێکی هەڵگرتوە و دەیگوازێتەوە بۆ کەسانێک کە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵیدا.
وەک لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی هاتووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم، پەتای گرانەتا بەربڵاو بوو، چارەسەری نەبوو، ژنێکی ئێرلەندی بە ناوی ماری لە شاری نیۆرک لە هەر شوێنێک کاری کردبێت، نزیکەی ١٠ کەس دەمرێت. دەرکەوت کە ئەم خانمە هەڵگری پەتای گرانەتایە! بۆیە بەداخەوە بۆماوەی ٢٣ ساڵ زیندانی دەکرێت و کۆچی دوایی دەکات.


لەم کاتەدا، لە بریتانیا،کچێکی پەرستاری ٢٣ ساڵ بە ناوی ئێملی، بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە. وە ئەم کچە خۆی لە ناو توێژینەوەیەکدا بوو سەبارەت بە تووشبوونی ناو دەزگا تەندروستیەکان، توێژینەوەکە دەریخست کە لە سەدا ٣ ی سامپڵەکان کە ١٠٠٠ سامپڵ بوون، هەڵگر یان تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.


لە کەنیسەکەی کۆریا و کەشتیەکەی دایمۆند پرینس هاوشێوەی چیرۆکی ماری و ئیمڵی هەیە. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە کەسانی بێ نیشانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە گواستنەوەی میکرۆبەکان، بە تایبەت ڤایرۆسی کۆرۆنای سارس-٢.


ئامانج لەم پارچە نووسینە ئەوەیە کە هەموو کەسێک وەک مرۆڤ لەڕووی مۆراڵی و ئایینیەوە دەبێت پارێزگاری لە خۆی و دەورووبەری بکات و بزانێت کە چۆن هەڵسووکەوت دەکات. بۆ زاڵبوون بەسەر پەتای کۆڤید-١٩ هەموو کەسێک دەبێت تەنانەت گومان لە خۆی و خێزانەکەی و خزم و هاوڕێیانی خۆی بکات کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن. نەک هەر گومان لە ئەنجامەکانی وەزارەتی تەندروستی نەکات، بەڵکو دەبێت بزانێت کە ئەمە زۆر لەوە مەترسیدار ترە کە حکومەت باسی دەکات.


ئەوەی کە ئەم نووسینە دەخوێنێتەوە، کێ ناڵێت هەڵگری ڤایرۆسەکە نیە وەک ئێملی؟! لێرەدا هانی کەس نادرێت کە بروات تێست بکات و پەستان بخرێتە سەر دەزگا تەندروستیەکان، بەڵکو تاکە کەس دەبێت بزانێت کە دەستی بە سابوون جوان دەشوات، دەستی نادات لەدەموچاوی، ماچۆچێن و تەوقە و باوەش ناکات، لەدووری مەترونیوێک دەوەستێت لەکەسانی تر، یان ماسک و دەستکێش بەکاردەهێنێت، ئەمانە هەموو نەک هەر بۆ پاراستنی خودی خۆیەتی، بەڵکو بۆ پاراستنی دایک و باوک و باپیری و کەسە ئازیزەکانێتی! ئاخۆ دەبێت کێ هەیە حەز بکات کەسێکی خۆشەویستی خۆی ببینێت کە بە ئەستەم هەناسەدات و بە تەنگەنەفەسی بەجێی بهێڵێت؟!


مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە زۆرترین بڕی ڤایرۆس بڵاودەکاتەوە بۆ دەوروبەری، وە تائێستاش بە تەواوی نەزانراوە ڕێگەی تری بڵاوبوونەوە چییە! خۆ توێژینەوە هەیە کە دەریدەخات نەخۆشی کۆڤید-١٩ تا ٥٠ ڕۆژی ڕەبەق ڤایرۆسەکە لە پیساییەکەی دەستنیشان دەکرێت!


بۆیە ئەمە ڕاووبۆچوون نیە، بەڵگە و توێژینەوە ئەم شتانەیان سەلماندووە کە وایە.


گەنجێکی ٢٠ ساڵە کە شوێن نیە سەری پیا نەکات، کتێبخانە نەبێت، ڤایرۆسەکە هەڵدەگریت، ڕەحمێک بە دایک و باوکی بکات با کۆتایی تەمەنی بە تەنگەنەفەسی نەباتە سەر! خۆ ڕەنگە هەر خۆت ناچاربیت ببیەتە مرافقی لە نەخۆشخانە!


لەبەرئەوە خۆشمان بێت و ترشمان بێت دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرینەبەر، پێش ئەوەی دەزگا حکومیەکان ڕێنمایمان بکەن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure