ساڵح ژاژڵه‌یی30/5/2020 6518 جار بینراوە

p گروپى خیانه‌تكارى 16 ئۆكتۆبه‌ر كێن؟؟


به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى ، هه‌رێمى كوردستانى خسته‌ گه‌مه‌ى ئه‌سپى دۆڕاوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ نێوه‌ى زیاترى خاكى كوردستانمان له‌ ده‌ستدا . هه‌موولایه‌ك ئاگادارى ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ته‌نها بڕیارى مه‌سعود بارزانى خۆى بوو به‌ پشتیوانی گروپێكى ناو یه‌كێتى و هیچ پشتیوانییه‌كى نێو ده‌وڵه‌تیمان نه‌بوو .


ئه‌مه‌ریكا هاته‌ سه‌رخه‌ت و داواى كرد بۆ یه‌ك ساڵ ڕیفراندۆم دوابخه‌ن و ئه‌وان ئاماده‌ن نێوه‌ند گیرى بكه‌ن و كێشه‌كانى نێوانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا چارسه‌ر بكه‌ن . به‌ڵام مه‌سعود بارزانى داواكه‌ى ڕه‌تكردنه‌وه‌ . ئێران به‌ ئاشكرا دژایه‌تى خۆى بۆ ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاند به‌ڵام مه‌سعود بارزانى گویێ بۆ َنه‌گرتن .
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆش به‌ گشتى هاولاِتیان دژى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بون چونكه‌ لاى هه‌موان ڕون و ئاشكرابوو ، كه‌ كاته‌كه‌ گونجاو نییه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت ، ته‌نها مه‌سعود بارزانى خۆیی و گروپێكى ناو یه‌كێتى سور بون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم.
تۆ سور بزانیت هیچ پشتیوانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى و ناو خۆییت نه‌بێت . تۆ زۆر باش بزانیت ژێرخانێكى ئابورى به‌هێزت نه‌بێت و ئه‌گه‌ر ئێران و توركیا سنورت له‌سه‌ر داخه‌ن ، تواناى خۆڕاگرى ته‌نها مانگێكت نییه‌ . تۆ بزانیت پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى مانگێكت نییه‌ و به‌ده‌مى خۆشت هاوار ده‌كه‌ى توكى سه‌رت قه‌رزه‌ . تۆ خۆت به‌ ده‌ستى خۆت سامانى ژێر زه‌وى و سه‌ر زه‌ویت تاڵان فرۆش كردبێت . تۆ باش بزانێت هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى تۆكمه‌و خاوه‌ن چه‌ك و پێداویستى و مه‌شق پێكراوت نییه‌ . تۆ باش بزانیت هێزه‌كه‌ى خۆت زۆر نابه‌رابه‌ره‌ له‌ ڕوى ژماره‌و چه‌ك و پێداویستییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزى به‌رامبه‌رت .
تۆ خۆت باش بزانێـت تا ئێستا هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى یه‌كگرتوت نییه‌و مێلیشیاى حیزبیت هه‌یه‌ .تۆ پێش وه‌خت به‌شێكى زۆرى هه‌رێمى كوردستانت ته‌سلێم به‌ توركیا كردوه‌و چه‌ندین باره‌گاى سه‌ربازى و بنه‌كه‌ى جاسوسى میتى توركى لێ دانراوه‌ . تۆ خۆت باش بزانێت كه‌ هێزى ئێرانى هاوكارى حكومه‌تى عێراقى ده‌كه‌ن و كه‌سێكى وه‌كو قاسمى سلێمانى خۆى هاتۆته‌ ناو هاوكێشه‌كه‌وه‌ .
له‌ هه‌موى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بوه‌ ، كه‌ركوك بگرێته‌وه‌ . كه‌واته‌ به‌ چ عه‌قڵیه‌تێكه‌وه‌ ڕیفراندۆم ده‌كه‌ى ؟. ئه‌گه‌ر كه‌سێك كه‌مێك هوشیارى سیاسى هه‌بێت چۆن بڕیارى ئاوا چاره‌نوسساز ده‌دات و ئاینده‌ى وڵات و میلله‌ته‌كه‌ى ده‌خاته‌ قومارێكه‌وه‌ كه‌ خۆشى زۆر باش بزانێـت پێش وه‌خت دۆڕاوه‌ . كه‌واته‌ ئه‌وپه‌ڕى ئه‌حمه‌قییه‌ شه‌ڕ بكه‌ى ، ئه‌وپه‌ڕى ژیرییه‌ خۆت له‌ شه‌ر ِبه‌دوور بگرێت .
كه‌واته‌ با پرسیار له‌ خۆمان بكه‌ین چى واى له‌ مه‌سعود بارزانى و هاو ئاوازه‌ ڕیفراندۆم چییه‌كانى ناو یه‌كێتى كرد ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن؟ به‌ بۆچونى من هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێـه‌وه‌ بۆ :
1- مه‌سعود بارزانى به‌ ئاگادارى نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا ئێمزاى كردبوو كه‌ شه‌ڕى داعش ته‌واوبوو ، ئاماده‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى شه‌ڕه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر ده‌ستیانه‌وه‌ به‌ شارى كه‌ركوكیشه‌وه‌ . له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا بڕێ 400 ملیۆن دۆلارى له‌ به‌غدا وه‌رگرتوه‌ . ئه‌وه‌ قسه‌ى عه‌بادى خۆیه‌تى . كه‌واته‌ مه‌سعود بارزانى بۆیه‌ ڕیفراندۆمى ئه‌نجامدا ، بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌و فرۆشتنى كه‌ركوك له‌ بیر خه‌ڵك بباته‌وه‌و خۆى وه‌كو پاڵه‌وان پێشان بدات .
2- پارتى هه‌رگیز پێگه‌یه‌كى به‌هێزى نه‌بوه‌ له‌ كه‌ركوك و ده‌ورو به‌رى . ئه‌و لایه‌ن گرانه‌شى هه‌یبون به‌هۆى دامه‌زراندنه‌وه‌ بوه‌ وه‌كو بندیوار . به‌و هۆیه‌وه‌ پارتى له‌ كه‌ركوك هه‌میشه‌ خه‌رێكى كارى تێكده‌رانه‌ بوه‌ . ئه‌وان بونه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى دوو ئاسایش و دوو هێزى پێشمه‌رگه‌ى جیاوازو دوو به‌رنامه‌ى خوێندن هه‌بێت . ئه‌مانه‌ش هه‌میشه‌ هۆكارى نا سه‌قامگیرى بون له‌ كه‌ركوك .
كه‌ركوك هه‌میشه‌ قه‌ڵایه‌كى به‌هێزى یه‌كێتى بوه‌ . فه‌لسه‌فه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بازرانیش ئه‌وه‌یه‌ : ئه‌گه‌ر شۆڕشیان بۆ نه‌كرا ، ناهێڵن له‌ برى ئه‌وان كه‌س شۆڕش بكات و ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش شۆڕى كرد ئه‌وان ده‌یڕوخێنن . ئه‌مه‌شیان به‌ كرده‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌ . ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ماستێك بۆئێمه‌ نه‌بێیت با خۆڵى تێكرێت .


له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ ڕیفراندۆمى ئه‌نجامدا. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وت ده‌بێتـه‌ پاڵه‌وانى نیشتمانى و . ئه‌گه‌ر سه‌ریش نه‌كه‌وت ، كه‌ركوك و زۆرینه‌ى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كه‌ قه‌ڵه‌م ڕه‌وى یه‌كێتین له‌ ده‌ستى ده‌ده‌ن .


كه‌واته‌ مه‌سعود بارزانى ئه‌گه‌ر باران ببارێت ئاشى ده‌گه‌ڕێت و ئه‌گه‌ر باران نه‌بارێت جوتى ده‌گه‌ڕێـت و ئه‌و هه‌ر مسوه‌گه‌ره‌ . مه‌سعود بارزانى چۆن توانى ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدات له‌ كاتێكدا نه‌ پشتیوانى ده‌ره‌كى و نه‌ پشتیوانى ناوخۆیشى نه‌بوو ؟.


مه‌سعود بارزانى باش ئه‌وه‌ى ده‌زانى به‌بێ به‌شدارى یه‌كێتى ڕیفراندۆمى بۆ ئه‌نجام نادرێـت به‌ تایبه‌تى كه‌ كه‌ركوك بنكه‌ى به‌ هێزى یه‌كێتییه‌ . مه‌سعود بارزانى توانى سود له‌ ناكۆكیه‌كانى ناو یه‌كێتى وه‌رگرێت . ئه‌ویش عاقڵانه‌ ئه‌و هه‌له‌ى قۆسته‌وه‌و بۆشاییه‌ بچوكه‌كانى كرده‌ ده‌لاقه‌یكى گه‌وره‌و كارێكى واى كرد ڕیگاى دوو سایدى له‌ نێوانیاندا دروست كرد.


ڕێكه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و گۆڕان ، كه‌ به‌ ڕێكه‌وتنى ده‌باشان ناسراوه‌ ، پارتى نیگه‌ران كردبوو . هه‌ندى كه‌سیش له‌ناو یه‌كێتیدا به‌ كۆنه‌ قینى ڕابوردوى به‌رامبه‌ر به‌ كاك نه‌وشیروان و هه‌ندێكى تریش له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى دارایی زۆریان هه‌یه‌و هه‌موى ده‌كه‌وێته‌ سنورى پارتییه‌وه‌ ، كه‌وتنه‌ گه‌ڕ و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیان له‌ پارتى نزیك كرده‌وه‌و له‌ گۆڕانیش دوور كه‌وتنه‌وه‌ .
ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌و به‌رپرسه‌ كه‌ركوكیانه‌ش بكرێت كه‌ دژى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمن . باسى ئه‌وه‌ش كرا كه‌ پارتى بڕێك پاره‌ى داوه‌ به‌ هه‌ندێ كه‌س له‌وانه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتییان له‌ پارتى نزیك كردۆته‌وه‌ .


به‌ڵام كۆمه‌ڵێكیش له‌ ناو یه‌كێتى هه‌بون كه‌ دژى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بون . ئێستا كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ بزانین خیانه‌تكارى ڕاسته‌قینه‌ى 16 ئۆكتۆبه‌ر كێن؟. كاتێك ڕیفراندۆم ئه‌نجامدرا ، زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم بون . كاتێك ئه‌نجامه‌كه‌ى خراپ بوو كه‌ركوك گیرایه‌وه‌، كۆیله‌كانى پارتى كه‌وتنه‌ لێدوان گوایه‌ سه‌رۆك بۆ جیابونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ڕیفراندۆمى نه‌كردوه‌ .
باشه‌ ئه‌گه‌ر بۆ جیابونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوه‌ ، یۆچى ئه‌م كاره‌ساته‌ت به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ هێناو نیوه‌ى زیاترى خاكى كوردستانت له‌ ده‌ستدا ؟ ئه‌گه‌ر میلله‌تى كورد نه‌گبه‌ت نه‌بێـت خاوه‌نى سه‌ركرده‌ى ئاوا ده‌بێـت خۆشى نه‌زانێت بۆچى ڕیفراندۆمى كردووه‌ ؟؟.


له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ردا هێزه‌كانى سوپاو حه‌شدى شه‌عبى به‌ هاوكارى ئێران و ئاماده‌بونى قاسمى سلێمانى ، هێرشیان ده‌ست پێكرد له‌ ده‌ڤه‌رى توزخزرماتوه‌وه‌ . سه‌ره‌تا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌رگرییه‌كى قاره‌مانانه‌یان كرد ، به‌ڵام كه‌ زانرا ناتوانن به‌رگرى بكه‌ن و هێزى پێشمه‌رگه‌ توشى كاره‌سات ده‌بێت ، بڕیاردرا شه‌ڕنه‌كه‌ن و به‌بی َشه‌ر ِكه‌ركوك چۆڵ بكه‌ن . جگه‌ له‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ بونه‌ قوربانى هه‌موو كوردانى توزخورماتو توشى ماڵ وێرانى و ده‌ربه‌ده‌رى و شه‌هێدبون و سوكایه‌تی پیكردن بون . له‌و كاته‌وه‌ مه‌سعود بارزانى و هاوئاوازه‌ ڕیفراندۆم چییه‌كانى ناو یه‌كێتى ده‌سته‌واژه‌ى گروپى خیانه‌تكارى 16 ئۆكتۆبه‌ریان به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا بڕیوه‌ كه‌ بڕیارى پاشه‌كشه‌یان داوه‌ .


مه‌سعود بارزانى ئه‌وه‌ى كردۆته‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان و هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ وه‌بیر كه‌ركوكیه‌كان دێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌وگروپى خیانه‌تكارانه‌ بونه‌ هۆكارى ئه‌و كاره‌ ساته‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌و گروپه‌ بۆ ده‌سكه‌وتى خۆیان بڕیارى پاشه‌كشه‌یان دابێت و ئه‌وه‌یان زانیبێت ده‌توانن به‌رگرى بكه‌ن ، منیش سه‌د جار هاوڕام ئه‌و ناوه‌یان به‌سه‌ردا ببڕێـت .


به‌ڵام پێشتر زانراوه‌ كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو رویه‌كه‌وه‌ ، له‌ ئاستى گه‌وره‌یی ئه‌و شه‌ڕه‌دا نییه‌و به‌غداش بڕیارى داوه‌ به‌ هه‌رنرخێك بوه‌ ده‌بی َكه‌ركوك بگرێته‌وه‌ . كه‌واته‌ له‌ كاتێكى ئاوادا شه‌ڕكردن ، واته‌ خۆكوشتن .


له‌ حاڵه‌تێكى ئاوادا له‌وه‌ عاقڵانه‌تر نییه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌یت و هێزه‌كه‌ت و میلله‌ته‌كه‌ت له‌ شه‌ر ِلاده‌ى . شاره‌كه‌ له‌ وێران بون بپارێزى و شه‌ڕى خۆتڕێن نه‌كه‌ى به‌بی َعاقڵى ؟. به‌ بۆچونى خۆم باشتر وابوو هه‌ر له‌سه‌رتاوه‌ شه‌ڕیان نه‌كردبایه‌ . ئه‌و كات نه‌كه‌س شه‌هید ده‌بوو ، نه‌ توزخورماتو وێران ده‌بوو .


هه‌موشمان ئه‌و ڕاستییه‌مان ده‌زانى ئه‌گه‌ر هه‌ر شه‌ڕ به‌ده‌وام بوایه‌ زۆرینه‌ى پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى شه‌هید ده‌بون چونكه‌ له‌ به‌ره‌ه‌ى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌ى شه‌ڕه‌كه‌دا بون . ئه‌وانه‌ى پارتیش پاشه‌ كشه‌یان ده‌كرد . ئه‌و كوردانه‌ى ئێستا له‌ ده‌ڤه‌رى خانه‌قین و جله‌ولاو ناوچه‌كانى كه‌ركوك شه‌هید ده‌كرێن ، و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێن و ده‌غڵ و دانیان ده‌سوتێنن ، له‌ نه‌بونى پێشمه‌رگه‌ ڕو ده‌دات له‌و ناوچانه‌ .


ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌ فاشیله‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى و كروپه‌ هاو ئاواز و ڕیفراندۆم چییه‌كانى ناو یه‌كێتى سه‌ر به‌ مه‌سعود بارزانى ڕوده‌ده‌ن . ئه‌ى پێش ڕیفراندۆم گوێتان له‌ مه‌سعود بارزانى نه‌بوو ده‌ستى به‌رز ده‌كرده‌وه‌و ده‌یفه‌رموو ، به‌قسه‌ى كه‌س ناكه‌م و هه‌رچى ڕو بدات خۆم به‌رپرسیارم .


ئه‌وه‌تا مه‌سعود بارزانى و هاو ئاوازه‌كانى به‌ چاوى خۆیان ده‌بینن چییان به‌ سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ هێناوه‌ ، بابزانین خۆى و هاو ئاوازه‌كانى كه‌ لایه‌نگرى ڕیفراندۆم بون چى بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ن ؟.


ئه‌وه‌تا له‌ ئێستادا له‌ كه‌ركوك به‌ به‌رنامه‌ ته‌عریب ده‌ستى پێكردوه‌ . ئه‌گه‌ر كه‌مێك ویژدانتان هه‌بوایه‌ ، كه‌مێك خۆشه‌ویستیتان بۆ نیشتمان هه‌بوایه‌ ، ده‌بوایه‌ خۆتان بكوشتایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر كه‌ركوك و توزخورماتو و ناوچه‌كانى ترتان هێناوه‌ .


مه‌سعود بارزانى سه‌رى ئه‌و گروپه‌ى ناو یه‌كێتى تاشى كه‌ بونه‌ پشتیوانى بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندوم و كڵاوى كرده‌ سه‌ریان و ئاوێنه‌شى دایه‌ ده‌ستیان .


باشه‌ مه‌سعود بارزانى ریِفراندۆمى له‌ چی و ڕێگریكردن له‌ دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ كه‌ركوك له‌ كوێ ؟. خه‌ڵكینه‌ باش بیرى لێ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌مه‌ته‌ڵ ده‌چێت . یان ئه‌م سه‌رۆكه‌ نه‌خۆشى ده‌رونى هه‌یه‌و ئێمه‌ پێمان نه‌زانیوه‌ . كه‌سێك هوشیار بێت چۆن شتى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات .


باشه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانى بۆ گێرانه‌وه‌ى كه‌ركوك ڕیفراندۆمى كرد ، بۆچى له‌ ئێستادا ڕێگا نادات پارێزگارێكى كورد له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى دانرێت . هیچ نه‌بێ له‌به‌رخاترى ئه‌وانه‌ى ناو یه‌كێتى كه‌ له‌به‌ر خاترى ئه‌و یه‌كێتییان خسته‌ ناو ئه‌و گه‌مه‌ دۆڕاوه‌و هه‌موو ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان به‌ده‌ستى خۆیان له‌ ده‌ستدا .


مه‌سعود بارزانى له‌ ر ِێگاى ئه‌و سیناریۆیه‌وه‌ كه‌ نه‌خشه‌ى بۆ دانابوو توانى ناكۆكی بخاته‌ ناو سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و ته‌نانه‌ت دواى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ش ناكۆكیه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامن . له‌ ئێستا كه‌ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ناوى گروپى خیانه‌تكارى 16 ئۆكتۆبه‌ر ده‌هێنن، هاو ئاوازه‌كانى بارزانیش له‌ناو یه‌كێتیدا زۆریان پی َخۆشه‌و به‌ حسابى خۆیان ئه‌وان دڵسۆزى ڕاسته‌ قینه‌ن.


سه‌یركه‌ن چۆن پارتى هێزێكى نارده‌ زینوى وه‌رتى بۆ په‌لكێش كردنى سوپاى تورك بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌و له‌و كاره‌شى دا كڵاوى كرده‌ سه‌ر یه‌كێتى و به‌ وه‌زیره‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌و كاره‌ى كرد و كه‌سیش ناتوانێت ڕه‌خنه‌ بگرێت .


به‌ بۆچونى من ئه‌گه‌ر باسى خیانه‌ت بكرێت ، له‌م كاره‌ساته‌دا ، به‌م شێوه‌یه‌ : تاوانبار و خیانه‌تكارى ڕاسته‌ قینه‌ مه‌سعود بارزانى خۆیه‌تى كه‌ گوێى بۆ كه‌س نه‌گرت .


به‌ڵام گروپى ڕیفراندۆمچى و هاوئاوازه‌كانى مه‌سعود بارزانى له‌ناو یه‌كێتیدا ، ئه‌گه‌ر له‌ مه‌سعود بارزانى زیاتر تاوان بارتر نه‌بن ، كه‌متر نین . چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ یه‌كێتیان ڕانه‌كێشایه‌ ناو ئه‌م گه‌مه‌ دۆڕاوه‌وه‌، مه‌سعود بارزانى نه‌یده‌توانى به‌ بێ یه‌كێتى ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدات .


ئه‌وه‌شى كه‌ ئه‌و گروپه‌ ئه‌نجامیان داوه‌و فه‌رمانیان به‌ پاشه‌كشه‌ داوه‌و له‌گه‌ل سوپاى عێراقى ڕێك كه‌وتون و مه‌سعود بارزانى زاراوه‌ى گروپى خیانه‌تكارى 16 ئۆكتۆبه‌رى به‌سه‌ردا بڕیون ، ئه‌نجامى ڕیفراندۆم بوه‌و له‌ ناچاریدا ئه‌وه‌ كراوه‌و به‌لاى منه‌وه‌ كارێكى زۆر باشیان كردوه‌ . كه‌واته‌ له‌ ئێستادا بۆ هه‌موان ڕونه‌ كى َخیانه‌تى كردوه‌ . تۆ ڕیفراندۆم بكه‌ى به‌ تایبه‌تى بۆ گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك .

به‌ڵام كه‌ركوكت له‌ ده‌ستدا . به‌ڵام ئێستا به‌غدا ئاماده‌یه‌ پارێزگارێكى كورد دانێت ، به‌ڵام بارزانى ڕازى نییه‌ . خۆتان سه‌ر پشك بن و پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌م سه‌رۆكه‌ بدۆزنه‌وه‌ چونكه‌ به‌ده‌گمه‌ن شتى ئاوا له‌ جیهاندا ڕوده‌دات .

 

 

 

 

 


.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure