کارزان مه‌جید27/5/2020 316 جار بینراوە

ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەکوردستان

 


کۆرۆنا ڤایرۆسێکی کوشندەیەو بە هەموو ولاتانی جیهاندا بڵاو بووەتەوە بەکوردستانیشەوە، بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی کۆرۆنا سەر بە کۆمەڵەی ڤایرۆسەکانی ( SARS و MERS )ە ، لە دوای بڵاو بوونەوەی فایرۆسەکەش هەزاران کەسیش گیانیان لەدەستداو ئابوری جیهانیشی داتەپاند


لەکوردستانیش فایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی وڵاتانی جیهان بڵاو بوویەوە ودامودەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان چڕ کردەوە لە بۆ ڕێگری کردن لە بڵابوونەوەی فایرۆسەکە ، هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنی پتەوی نێوان سەرجەم دامودەزگاکان ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ حکومەت لە بۆ کۆنترۆڵ کردن و زیاتر تەشەنەسەندنی فایرۆسەکە ، بەراورد بە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش لەکوردستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بە داخەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە ، من نامەوێت زیاتر باس لە ئەم پەتایە بکەم ئەوە بەجێ دەهێڵم بۆ پزیشکە بەرێزەکان


ڕووداوەکانی هاتووچۆش مەترسیەکانی هیچی کەمتر نیە لە فایرۆسی کۆرۆنا ، دەردێکە هەموو جیهانی گرتۆتەوە لە دوای دروست بوونی ئۆتۆمبێل و یەکەم ڕووداوی هاتووچۆ لە جیهاندا لە ساڵی ( ١٧٧٩ )وە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەردەوامە و تا هەنووکە ساڵانە نزیکەی ملیونێک و دوسەدو پەنجا هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن و ملیۆنانيش بریندار دەبن ئەمە جگە لە زیانە مادییەکان کە بە ملیارها دۆلار مەزەندە دەکرێت ، لێ لە دوای زۆربوونی مەترسیەکانی هاتووچۆ و دانانی پلانی ستراتیجی لە لایەن بەشێک لە وڵاتانەوە ژمارەی ڕووداو و گیان لەدەستدانیان کەم کردۆتەوە


کوردستانیش هاوشێوەی زۆربەی وڵاتان بەدەست زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ وە دەناڵێنێت ، هۆکارەکان گەلێک زۆرن ، بەڵام نەبوونی پلانی ستراتیجی و گرنگی نەدانی وەک پێویست بە پرسی هاتووچۆ وە ، ساڵانە نزیکەی هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن و هەزارانیش بریندار دەبن و ملیۆنان دۆلاریش زیان بە ژێرخانی ئابووری کوردستان دەکەوێت ، هەر بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ وە هەر پێنج ساڵ جارێک گیان لەدەستدان هێندەی شەهیدانی هەڵەبجەیە و نزیکەی پێنج هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن ، چارەسەر کردن و کەم کردنەوەی مەترسیەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و کۆی پرسەکە لە کوردستاندا قەتیس کراوە لە دەزگای هاتوچۆ دا کەئەمەش ناتەندروستە و لە داهاتووشدا قوربانیەکان وەک ئێستایە

لە کۆتایدا ئەپرسم ...

- ئایا ئەگەر لە ساتی بڵاوبوونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا بۆ کوردستان، حکومەتی هەرێم هاوشێوەی پرسی هاتووچۆ ، تەنها دەزگای تەندروستی بە بەرپرس دانابایە بۆ کۆتنرۆڵ کردنی فایرۆسەکە،دەزگای تەندروستی توانای کۆنترۆڵکردن و بڵاونەبوونەوەی فایرۆسەکە دەکرد ؟

- ئایا دەزگای هاتوچۆ بە تەنها لە رابردوودا روداو و قوربانیانی هاتووچۆی کەم کردۆتەوە؟ بێگومان نەخێر ، ئایا لە داهاتووشدا دەتوانێت بە تەنها مەترسیەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانیانی کەم بکاتەوە ؟ ئایا حکومەت سود لە ئەزموونی بەرەنگار بوونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرێت بۆ پرسی هاتووچۆ لە ئێستاو داهاتوودا و قوربانیانی هاتووچۆ کەم دەکاتەوە ؟

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure