عه‌دنان كۆچه‌ر 26/5/2020 478 جار بینراوە

پارتى شوناسی نه‌ته‌وه‌ش به‌ دێگه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووه‌


فۆرمى باو له‌ناو مه‌نزومه‌ى بیركردنه‌وه‌ى پارتیدا، ئه‌و تایپه‌ خۆسه‌پێنه‌یه‌، كه‌ وا له‌كوردستان‌و جوگرافیا سیاسیه‌كه‌ى ده‌ڕوانێ، كه‌ میراتی كه‌سی‌و كه‌رتى تایبه‌ته‌، هه‌ر به‌و نه‌فه‌سه‌ش مینى سیاسی‌و روخساره‌ هه‌ڵتۆقیووه‌كانى ئه‌و هێزه‌ له‌ناو میدیا‌و ماس میدیادا قسه‌ ده‌كه‌ن، ئاخر ئه‌وه‌ چ بیركردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وجانه‌و چ فۆڕمێكى نیشتمانیی گه‌مژانه‌یه‌، كوردستانیان له‌نێوان ئینتیما بۆ پارتى‌و ئه‌وانى دیكه‌ دابه‌شبكه‌ن‌و هه‌ر جریووه‌یه‌كیش پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌وان بێت، به‌ هه‌موو باوه‌ڕى خۆیانه‌وه‌ ده‌رگاى نشتیمانى بۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر پشت‌و به‌هه‌مان لۆژیكه‌كه‌ى دێگه‌ڵه‌ ده‌یانه‌وێت سنوورداشی ئه‌و دیوو شوناسی نه‌ته‌وه‌ی بكه‌نه‌وه‌.


دوێنێ له‌ سۆشیال میدیا لێدوانى به‌رپرسی فراكسیۆنه‌كه‌ى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت"هه‌ر كه‌س به‌دڵى نییه‌، ده‌توانێ كوردستان جێ بهێڵێت"، ئه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و نه‌فه‌سه‌ هه‌ژموونخوازه‌ى مه‌نزومه‌ى ئیستیبدادى پارتیه‌، كه‌ ته‌واوى روخساره‌كانى له‌ بارزانییه‌وه‌ بۆ بچووكترین كادر به‌و نه‌فه‌سه‌ خۆسه‌پێنیه‌ بیر له‌ دیدگاو دنیابینى جیاوازى ئه‌وانى دیكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، قۆناغی یه‌كه‌م به‌ پاساوى جیاوازییه‌وه‌ ده‌یبوغزێنن‌و پاشان له‌رێگه‌ى ماشێنى راسیزمى میدیاییه‌وه‌ ته‌خوینى ده‌كه‌ن‌و دواجاریش به‌وپه‌ڕى بێ چاوه‌ڕووییه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ شوناسی كوردبوون دایببڕن‌و ده‌رگاى كوردستانى بۆ بخه‌نه‌ سه‌ر پشت بۆ ئه‌وه‌ى خاك‌و خۆڵى پیرۆزى باوانى به‌جێبهێڵێت.


چه‌ند جارێك بارزانى به‌هه‌مان فۆڕم‌و تۆنى نه‌ساز له‌باره‌ى خه‌ڵكانى ناڕازی ئاخاوتووه‌و ئه‌و دیدگا خۆسه‌پێنه‌ش وه‌ك سوننه‌تى پیرۆز وه‌چه‌ دواى وه‌چه‌ بۆ ئۆرگان‌و دامه‌زراوه‌و كه‌سانى دیكه‌ى پارتى شۆڕبۆته‌وه‌، ئه‌و نه‌ریته‌ نامۆیه‌، ئه‌و گوتاره‌ دڵڕه‌ق‌و نابوده‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێك هه‌ر كاتێك هێزێك، كه‌سێك، گروپێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌وان بیری كردبێته‌وه‌و سیاسه‌تى كردبێت، له‌ ناسنامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ى دایانبڕیووه‌و هه‌مان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یان دووباره‌ كردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌رگاى نه‌ته‌وه‌ به‌رووى ئه‌واندا داخراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى شوناسی نه‌ته‌وه‌ له‌ چه‌كمه‌جه‌ى باره‌گاى بارزانیدا بێت‌و هه‌ر كه‌سێك به‌ ده‌نگێكى جیاوازتر قسه‌یكرد، شایان به‌وه‌ بێت، مافی كوردبوون‌و پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی لێ بسه‌نرێته‌وه‌. له‌راستیدا ئه‌گه‌ر له‌ رووى سیاسی‌و هاوكێشه‌ هه‌رێمییه‌كان‌و گیرفان پڕی ئابووری سه‌ربه‌خۆوه‌، لۆژیكى ئاودیوكردن‌و سنوورداشكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌ دێگه‌ڵه‌وه‌ بۆ لوابێت، ئه‌وه‌ به‌ دێگه‌ڵه‌كردنى نه‌ته‌وه‌و شوناسی نیشتمانیی پرسێكه‌ له‌ پارتى گه‌وره‌تره‌و چیتر نابێت رێگه‌ به‌و نه‌فه‌سه‌ بدرێت تا كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانى هه‌ركاتێك ویستیان هه‌ڕه‌شه‌ى دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ناڕازییه‌كان له‌ كوردستان‌و شوناسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ى بده‌ن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure