دانا مەنمی11/5/2020 399 جار بینراوە

ڕۆڵی پێکهاتەکان وەک بەشێک لەململانێی لایەنەکان

پارتی کورسی کۆتاکان لەپەڕلەمان کۆنترۆڵ کردووەو بە ویستی خۆی هەڵیاندەسوڕێنێ ، کۆتاکانیش تەسلیمی‌ هەموو ویستەکانی‌ پارتی لە پەڕلەمان بوون، ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک پارتی پرۆژە یاسایەکی بۆ زیادکردنی پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان خستە دەنگدانەوە ،بێ یەکێتی پرۆژەکەی پارتی سەرکەوتوو نەدەبوو ، ئامانجی یەکێتی لەپشتیوانیکردنی پرۆژەی زیادکردنی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی‌ تورکمان تەنها بۆ پاراستنی‌ مافەکانیان بوو، بۆ ئەوەی‌ ئەمانیش هاوشێوەی کریستیان و ئەرمەن بونیان لەپەرلەمانی کوردستاندا هەبێت و گوزارشت لەوویست و ئیرادەی خۆیان بکەن وبەرگری‌ لەمافەکانیان بکەن.

 

بەڵام ڕۆڵی ئێستای پێکهاتەی کۆتاکان له‌په‌رله‌مانی کوردستان نەک به‌شداری سیاسی نییه‌ ، به‌ڵكو كۆیلایه‌تی سیاسییه‌ بۆ لایه‌نێكی سیاسی كه‌ رێز له‌ خواسته‌كانیان ناگرێت ، پێکهاتەکان ڕۆژی ٧ی ئایار ٢٠٢٠، له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دا نەیانتوانی بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆبوونی خۆیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بپارێزن و كاریگه‌ری پارتییان له‌سه‌ربوو و ته‌رازوی پارتیان قورستر كردو هاوکێشەکەیان لەسودی تاکڕەویی پارتی ساغ کردەوە ، هەرچەندە ئاشکرایە کۆتاکانی ناو پەڕلەمانی کوردستان نەیانتوانیووە نوێنەری ڕاستەقینەی خودی پێکهاتەکان بن ، پێکهاتەکانیش ئەو کۆتا تەزویرانەیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نەزانیووە، داکۆکی و پشتیوانی فراکسیۆنی پارتی و پارتی وەکو حیزب لەکۆتا تەزویرەکانە کە بەدەنگی ساختە گەیەنراونەتە پەڕلەمان نەک پێکهاتەی ڕەسەنی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن و کریستیان و ئاشوریی !

 

لە کوردستان پارتی لەپێش هەمووانەوەیە بۆ بانگەشەی ڕێزگرتن لە ویستی پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان ، دیسکۆرسی سیاسی پارتی بانگەشەی ڕێزگرتنە لە ئیرادەو خواست و ویستی پێکهاتەکان ،جگە لەپارتی کەم هێزی سیاسی و ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتیش ئەدۆزینەوە باس لەگرنگی و ڕێزگرتن و پاراستنی مافی پێکهاتەکان نەکات، بەڵام وەکچۆن زۆربەی بانگەشەکانی پارتی لەڕووی تیۆرییەوە لە چوارچێوەی بەڵێن دا ماونەتەوە وهەوڵی ڕاستەقینە بۆ تیۆریزەکردنی لەئارادا نەبووە ،ئاوەهاش لایەنەکانی تر نەیانتوانیووە لەنێوان خۆیان و پێکهاتەکاندا متمانە بنیات بنێن ، لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەکان متمانەی تەواویان بەپارتی نییە و بەدوای لایەنێکی سیاسیدا دەگەڕێن کە دڵنیاییان بداتێ لە بەشداری سیاسی و پرس و ڕاوێژو بڕیاردان و پاراستنی مافەکانیان، پارتی لەپشتی بانگەشەی ڕێزگرتن و پاراستنی مافی پێکهاتەکانەوە خواستی دەستەمۆکردنی ئیرادەی پێکهاتەکانی هەیە و دەیەوێت پێکهاتەیەک لە پەڕلەمان خاوەنی کورسی بێت کە یەک پێناسەی هەبێت بۆ هەقیقەت و ئەو پێناسەیەش پێناسەی جێبەجێکردنی ئەمرو نەهییەکانی فراکسیۆنی پارتی بێت .

 

لەهەموو عێراق شەش کورسی هەیە بۆ پێکهاتەی کۆتاکان لەپەڕلەمانی عێراق ،بەڵام لە هەرێمی کوردستان ماوه‌ى سێ خولى په‌رله‌مانییه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانیان له‌ پێنج كورسییه‌وه‌ بۆ ۱۱ كورسى زیادكراوه‌،لەدیدی منەوە پێویستە پرۆژە یاسایەکی تر بۆ ڕێکخستنەوەی فۆڕمی پێکهاتەکان لەناو پەڕلەمانی کوردستان لەلایەن یەکێتی و گوران و کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامییەوە بخرێتە بەردەست و کارنامەی دانیشتنەکانی پەڕلەمان ، پێویستە کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای سەرژمێری ڕێکبخرێتەوەو کورسیەکانیان بۆ خزمەتی خودی پێکهاتەکان بەکاربهێنرێت ،نەک بەشێک بن لە ململانێی نێوان لایەنەکان و كاری نوێنەرایەتی كۆتاكانیش ئەوە نیە ببێتە داردەستی هیچ لایەنێك، ئەم هەنگاوە مەحاڵ نییە لەوانەیە پارتی ژێربەژێر پێکهاتەکان هان بدات بۆ دژایەتیکردن و بڵێ پێکهاتەکان هێڵی‌ سورەو کەس ناتوانێت باسی‌ بکات، بەڵام دەبێ لەو پرۆژە یاسایەدا کە چوار لایەنەکە بۆ ڕێکخستنەوەی فۆڕمی پێکهاتەکان پێشکەشی دەکەن بەیاسا مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و دڵنیایی بداتە پێکهاتەکان .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure