هه‌ردى حه‌مه‌ ڕه‌شيد7/5/2020 542 جار بینراوە

پارتیی بێ تاوانە لە پەرلەمان

ئەوەی لە پەرلەمان ئەگوزەرێت کەمترین سوچی پارتیی تێدایە، بەڵکو هێزەکانی دەرەوەی پارتیی شەڕ بەو حیزبە ئەفرۆشن!

 

چ حیزبێك بەقەدەر پارتیی و فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستیان ڕوون و جێگیرە؟!

 

ئەم حیزبە لە دروستبوونی پەرلەمانەوە، لەیەکەم خولەوە بەم جۆرەی ئێستا سەیری ئەو باڵەخانە نەفرینکراوەیان کردووە، پارتیی لەوەش دوورتر لە شەستەکانەوە بارەگای بارزانیی پێ گەورەترین دەزگا بووە، دەی ئەمە دروست پێچەوانەی کاری پەرلەمانییە، بەڵام ئەجێندای خۆیانە و بەرگریی لێئەکەن!

 

بە مەبدەئی قەڵەمڕەویی خۆی بەرخورد لەگەڵ ئەم دەزگایەدا ئەکات، چەند مانگێك لە پێش ٣١ی ئابی١٩٩٦ کە یەکێتیی لە هەولێر دەریکردن، پەرلەمانتارەکانیان ئامادە نەبوون بچنەوە بۆ دەوام، وتەزا بەناوبانگەکەی فرانسۆ حەریریی کە وتی: لە مەیدانی حەیوانی کۆدەبینەوە، لە پەرلەمانی کۆنابینەوە! گەواهی ئەو ڕاستییەیە.


ئەوان ئەیانەوێت پەرلەمان لە حەوشەی خۆیاندا بێت و بەس، دەی لەمە ڕوونتر؟!

پەرلەمان بۆ چەند ساتێك لەلایەن بەشێك لە فراکسیۆنەکان و لەژێر ڕێنمایی نەوشیروان مستەفادا زیندوو بوو، کاتێك نەیویست لەژێر هیچ بارێکدا سەرۆکەکەی سازش بکات، هاوکات خواستێکی جدیی لەلایەن سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر و کۆمەڵی ئیسلامیی و فراکسیۆنەکەیانەوە هەبوو، پاش کودەتا ڕەشەکەی ١٢ی ئۆکتۆبەری بازگەی پردێ و گێڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان، بە سازشی بەردەوامی فراکسیۆنی گۆڕان و هاوڕێکانی یوسف محەممەد بۆ جەعفەر ئیمینکیی شکۆی ئەو مێژووەشیان شکاند!

 

پاش نیشتنەوەی حەماسەتی ئەو ڕۆژە، پەرلەمانتارانی گۆڕان یەك یەك و دوو دوو گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و کەوتنە موغازەلەی ئیمینکیی، ڕاوێژکاریان هەبوو لەگردەکە کەلەشەکری ئەشکاند و لە حەفتەیەکدا تەنیا یەك شەممان بە لاندکرۆزەری فول مواسەفاتی پەرلەمانەوە ئەچوو بۆ دەوام و نیو سەعاتێك تەمەلوقی بۆ ئەوانە ئەکرد کە سەرۆکەکەیان دەرکرد و دواتر لەسەر حسابی پەرلەمان یەك بەرمیل بەنزینی موحەسسەنی ئەکردە لاندکرۆزەرەکەیەوە و ئەگەڕایەوە بۆ گردەکە و تا یەك شەممەیەکیتر جرت و فرتی ئەکرد تا ئەوەندە بەنزینی پێئەما بیگەیەنێتەوە هەولێر، خەباتیشی بە خەڵك ئەفرۆشت!


دەی ئەمە و هاوڕێکانیان بۆ خۆیان چوون یان بۆ من و تۆ تا خۆمان شین و مۆر بکەینەوە؟!

 

پەرلەمان یەکێکە لە بوئرە ترسناکەکانی گەندەڵیی، سەرۆكایەتیی و پەرلەمانتاران و ڕاوێژکار و دیوانەکەی نوقوم بوون لە دەست بڵاویی و بەفیڕۆدانی پارەدا، پارەیەك کە سەرۆکایەتیی حکومەت بۆیان خەرج ئەکات و بە بەردە و نانخۆری خۆیان لێیان ئەڕوانێت، پارتیی لە سەرۆکایەتیی ئەم باڵەخانەیەشدا نەبێت، هێشتا پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە دامەزراوەکە بە موڵکی خۆیان ئەزانن و حەشر هەڵئەسێنن ئەگەر دۆخەکە بە دڵی ئەوان ئاراستە نەکرێت.

 

پارتیی ڕوونە، ئەوە حیزبەکانیترن ساتێك گەرم و ساڵێك سارد و خامۆشن، پەرلەمان کەرامەتی کوردی نەهێشت، پارتیی بۆچی ڕاست ناکات، ئەڵێ؛ کۆی سەرکردایەتیی حیزبەکان و نیوەی کادیرە ناوەندییەکانیان لەسەر حسابی پەرلەمان پاشایانە ئەژین، خوێندنی باڵا تەواو ئەکەن، تەجمیلی لوت و قژ و شوێنیتریشیان کردووە، یەك پارچە دەزگاکە لەخزمەتیاندایە، دەی لە دۆخی وادا کەس خوا و خەڵك و خاکی بیر ئەمێنێت؟!


کەواتە موزایەدە بۆچی ئەکەن، لێگەڕێن با پێکەوە بیخۆین!


گوتار لەمە ڕوونتر چییە؟!

ئەوەی ئێستا لەسەر کۆبوونەوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی ئەکرێت، لەبنەڕەتدا ئەڵقەیەکیترە لە زنجیرەی تێڕوانینەکانی پارتیی، کێ ئەیەوێت جیاوازبێت لەوان ئەوە واتە ڕاستگۆیە، لابردنی پارێزبەندیی ترسە لە بڕینی موچە، دەی کێ ئاوایە و شەقێك لەو ئیمتیازاتە هەڵئەدا، بێگومان ڕاستگۆیە و ئەبێت بەسەرەتایەکی باش بۆ لەمەودوا، بەپێچەوانەوە هەمووان وەك یەك لە ئیمتیازاتی ئەو دەزگایە بخۆن و هیچ بەرهەمێکیان نەبێت، چ جیاوازییەکان لەگەڵ پارتییەکان هەیە؟!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure