عه‌دنان كۆچه‌ر1/5/2020 424 جار بینراوە

حوكمڕانى فشه‌ڵ‌و كابینه‌ى سه‌ر به‌گۆبه‌ند


چه‌مك‌و ئیدیۆمى ده‌وڵه‌تى فشه‌ڵ، ئه‌و فۆڕم‌و مۆدێله‌ى ده‌وڵه‌تدارییه‌، كه‌ له‌كۆى بنه‌ما‌و به‌ها باڵاكانى حوكمێكى ره‌شید‌و ساڵح خاڵیه‌و به‌هۆى كه‌متوانایی‌و بیركۆڵیه‌وه‌، هاونیشتمانیانى روبه‌ڕووى ته‌نگژه‌ به‌دواى ته‌نگژه‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌وڵه‌تێك، كه‌ نه‌ك هه‌ر ناتوانێ ژێرخانێكى ئابووری به‌هێزو پرۆژه‌ى ستراتیژى دوورمه‌ودا بینا بكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر پێشهاتێكدا، وه‌ك باڵنده‌یه‌كى باڵكڕاو خۆى‌و خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌دیواری ئاسنینى قه‌فه‌زدا ده‌دا‌و سه‌د زام ده‌خاته‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌، ئه‌و فۆڕمه‌ له‌حوكمڕانى، كه‌ له‌هه‌ناوى خێڵ‌و خوێنه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت درێژه‌ به‌هه‌ژموونى خۆی بدات، دره‌نگ یان زوو هه‌ر ده‌بێت بكه‌وێت.


كابینه‌ ده‌ست‌و پێ سپیه‌كى حكومه‌تى هه‌رێم، ره‌نگه‌ خراپترین مۆدێله‌كانى ده‌وڵه‌ت‌و حوكمڕانى شكستخواردووى ئه‌و ده‌یه‌ى ناوچه‌كه‌‌و جیهان بێت، كابینه‌یه‌ك، هێشتاش به‌تێگه‌یشتنى خۆماڵیانه‌ شیره‌ خۆره‌یه‌، كه‌چی به‌ ئه‌ندازه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ میحنه‌ت‌و ده‌رده‌سه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا به‌شیوه‌ته‌وه‌، له‌سیاسه‌تى برسیكردن‌و ده‌ستبردن بۆ قوتى خه‌ڵك، له‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ئازادییه‌كان‌و گرتنى رۆژنامه‌نووسان، له‌په‌یڕه‌وكردنى ره‌فتاری هه‌واڵگری‌و ئه‌منى به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كاندا، بۆ دروستكردنى ئاشوبی زینى وه‌رتێ، بۆ هه‌ڵشاخان به‌ڕووى ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌و ناڕۆشنى سیاسه‌تى ده‌رهه‌ق به‌ به‌غداد، هه‌روه‌ك له‌شه‌ڕه‌ به‌یاننامه‌و ململانێكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى‌و تیمه‌ حكومیه‌كه‌ى، هه‌موویان پاكێجێكى گشتگیری فشه‌ڵبوونى پایه‌كانى ئه‌و ده‌وڵه‌تداریه‌یه‌، كه‌ دوا فریادڕه‌سی پارتی باوه‌ڕى پێی هه‌یه‌.


ماوه‌ى رابردوو، ئه‌و چه‌شنه‌ له‌سیاسه‌ت‌و هه‌ڵسوڕانى سیاسی، به‌ته‌نها له‌ یه‌ك ئاستدا خۆی به‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى ناوخۆى پارتى‌و په‌یوه‌ندیه‌كانى پارتى‌و ئه‌وانى دیكه‌ش ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، به‌سه‌رێكدا رۆڵى مه‌كته‌بی سیاسی‌و ئاراسته‌كانى ناو ئه‌و هێزه‌ به‌جۆرێك قۆڵبه‌ستكراون، به‌ هه‌موویانه‌وه‌ تواناى بڕیاردانیان له‌كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌ش نیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، به‌سه‌ره‌كه‌ى دیكه‌شدا، پشبه‌ستوو به‌عینادی سیاسی ره‌فتار له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌ نوێیه‌كانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى ده‌كات‌و خۆى‌و ماشێنه‌ ئیعلامیه‌كه‌ى سات‌و كات نه‌ماوه‌ خه‌ریكی جنیۆدان‌و رشانه‌وه‌ نه‌بن، ئه‌وه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى دروستكردنى حكومه‌تی سێبه‌رو په‌نهانه‌وه‌، رۆڵى دامه‌زراوه‌ى حكومه‌تى له‌چه‌ند ده‌ستێكى دیاریكراودا كورتكردۆته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بێ ده‌رهاویشته‌ نابێت، به‌دڵنیایشه‌وه‌، ده‌رهاویشته‌كانى له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا خۆیان به‌یانده‌كه‌ن.


به‌رده‌وامیدان به‌و فۆڕمه‌ شكستخواردووه‌ى ده‌سه‌ڵاتداری، نه‌ك هه‌ر بیرۆكه‌و خه‌یاڵى لامه‌ركه‌زى ده‌كاته‌ پاكێجی كۆده‌نگ له‌ناو هێزه‌كان، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر وابڕوات به‌ره‌نجامى سه‌ركێشیه‌كانى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ده‌شێت له‌ په‌یوه‌ند به‌ به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی عێراقیش ئاریشه‌ى نوێ‌و به‌ڵاى تازه‌تریش سه‌رهه‌ڵبده‌ن، ئه‌وه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى، ئه‌گه‌ری دروستبوونى قه‌تیعه‌ى كۆتایی له‌نێوان سه‌ركردایه‌تى نوێی یه‌كێتى‌و ئاراسته‌ى خۆسه‌پێنی ناو پارتى، ئه‌گه‌رێكى كراوه‌و به‌رده‌وامه‌، خۆ ئه‌گه‌ریش هێڵه‌ جیاوازه‌كانى ناو پارتی نه‌توانن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونه‌ بوه‌ستنه‌وه‌، هێنده‌ نابات خواستى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌بێته‌ ئه‌لته‌رناتیفی سه‌ره‌كى‌و ئه‌و ژماره‌ كورسیه‌ش، كه‌ به‌ساخته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌، وه‌ك زۆر هه‌ره‌سی دیكه‌ ده‌پوكێته‌وه‌و پارتى ده‌كاته‌ هێزێكى كه‌نارگیر.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure