ساڵح ژاژڵەیی25/4/2020 418 جار بینراوە

پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت

هەرچەندە هەرێمی كوردستان زۆر لە مێژە ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی بوتەوە ، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كرَونا قەیرانەكەی گەیاندە لوتكەو لە ئیفلاسبون نزێك بۆتەوە . لە ماوەی 27 ساڵی حوكمڕانی كوردا هەلی زۆرباشمان بۆ ڕەخساو ئەگەر خاوەنی بەرنامەو پلان و ستراتێجی باش بوینایە ، ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز دەبوو .

 

سەرۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی كە خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری تەواوبوو ، نەیتوانی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوریدا بەهێز بكات. لە هەموو ئەمانەش خرابتر بڕیاری ڕیفراندۆمی داو نێوەی خاكی كوردستانمان لە دەستداو پێگەی كوردیشی لە بەغدا لاواز كرد .

 

ئێستا كە ڤایرۆسی كۆڕۆنا بڵاو بۆتەوە و بۆتە كێشەیەكی جێهانی و بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت بۆئاستێكی زۆر نزم دابەزیوە . زۆرینەی ئەو وڵاتانەی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستوە ، توشی كێشەی دارایی بونەوە . كەواتە دەبێ هەموو ئەو وڵاتانە بیر لە سەرچاوەیەكی تری داهات بكەنەوە بۆ ژیانی هاوڵاتیان . لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دارایی بۆتەوە ، نەك هیچ پاشەكەوتێكی نییە ، چەندەها ملیار دۆلار قەرزدارە . ژێرخانی ئابوری سفرە. لەگەڵ بەغدا نێوانی باش نییە .خۆناشكرێت حكومەت دەستە وستان دانیشێت و خەڵك لە برسا بمرێت . ئێستاش ئەگەر حكومەت بەڕاستی بێتە مەیدانەوە و دوور لە بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی و شەخشی بەرنامە دانێت ، دەتوانێت داهاتێكی باش بەدەست بهێنێت . ئێستاش زۆر درەنگ نییە ئەگەر بە خۆیاندا بچنەوە . بۆ كەم كردنەی قەیرانی دارایی هەرێم چەندپێشنیارێكم هەیە :

پێشنیاری یەكەم : بچوككردنەوەی حكومەت


هەرێمی كوردستان خاوەنی حكومەتێكی گەورەی زیاد لە قەبارەی خۆیەتی .ئەم هەرێمە دەتوانرێت بە كەمتر لە 10 وەزارەت بەڕێوە ببرێت . زۆر وەزارەت هەن وەكو : ڕوشنبیری ، ئەوقاف ، كاروباری كۆمەڵایەتی و هی تریش هەر لاببرێن و بە بەڕیوەبەرایەتییەك بەڕێوە دەبرێن . دەتوانرێت دوو وەزارەت لە یەك وەزارەتدا كۆبكەنەوە .

 

ئەم وەزارەتانە حەشاماتێكی زۆر فەرمانبەری تێدا كۆكراوەتەوە و زوربەشی هەر لە بنەڕەتەوە پێویست نەبوەو بۆ ڕازیكردنی ئەم حیزب و ئەم و دانراون و بونە بارێكی قورس بەسەر بودجەی حكومەتەوە . دیارە لە پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و بارەگای بارزانیش هەمان دیاردە هەیە . بەسەدان كەس ڕاوێژ كارەو بۆ یەك جاریش ڕاوێژی پێ نەكراوە .

 

ئەو هەموو وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕێوەببەری گشتی و ڕاوێژكار و زۆرپۆستی تری داتاشراو بە ملیار دینار خەرجیان هەیە بۆ كڕێی خان و . تەئسیسی ناوماڵ . كڕینی سەیارە خەرجی سەیارەو دابین كردنی پاسەوان و گرتنی خانو بۆیان . نەسریەی زۆر . ئەگەر لە 20 ساڵی ڕابوردوەوە پارەی ئەم فەرمانبەرە زیادانە بۆ سیكتەری كشتوكاڵ خەرج بكرایە ، ئێستا لە زۆر بواردا پێویستمان بە بەرهەمی وڵاتان نەدەبوو .

 

كەواتە ئەگەر حكومەت لێرەوە هەنگاو بنێت و دەست بكات بە بچوك كردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەر و بەرپرسی نا پێویست لە هەموو دامەزراوەكانی حكومەتدا پارەیەكی زۆرپاشەكەوت دەكات. دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر سەیارە وەرگرێتەوەو بیانفرۆشێـت جگە لەوەی پارەیەكی باشی دەست دەكەوێت ، لە خەرجی سەیارەكانیش ڕزگاری دەبێت .

پێشنیاری دوەم : پلان دانان بۆ جێبەجێكردنی ئەمانەی خوارەوە


1- كاتی خۆی بایۆمەتری كرا بەو هیوایەی هەموو ئەوانە بدۆزنەوە كە موچەی ناشەرعی وەردەگرن . بەڵام ئەنجامەكەی ئاشكرا نەكرا . چونكە دەركەوت هەموو ئەوانەی موچەی ناشەرعی یان دوو موچە وەردەگرن ئەندامی حیزبەكان خۆیانن . ئێستا دەتوانن جارێكتر پێدا چونەوە بكەن و هەمو ئەوانەی بە ناشەرعی موچە وەردەرگرن یان بە نایاسایی خانە نشسین كراون ، چیتر موچەیان نەدەنی و بڕیاری سزادانیش دەركەن بۆ ئەوانەی بە نایاسایی پارەیان وەرگرتوە .


2- پڕۆسەی چاكسازی كە سەرۆكی حكومەت لە سەرەتاوە بڕیاری دا بە تایبەتی بۆ كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان و ئەندام پەڕلەمان و چۆنیەتی خانە نشینیان ، بە زویی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە . لە بەغدا ئەندام پەڕلەمان تا تەمەنی نەبێت 50 ساڵ خانە نشین ناكرێت . بۆچی لێرەش بەو شێوەیە نەبێت .خۆ باری دارایی ئێمە لە هی ئەوان باشترنییە .

 

خەڵك هەیە خۆی هیچ نەبوە بە بڕیاری بەرپرسێك بەدەر لە ڕینمایەكان خانە نشین كراوە بە 3 ملیۆن دینار . ئەوە نابێت شمولی موچە كەمكردنەوە بكات ، بەڵكو لە بنە ڕەتەوە هەڵوەشێرێتەوە چونكە نایاسیە.

3- تا ئێستا دیار نییە داهاتی گومرگەكان چەندە . دەیان كۆمپانیای وەهمی لەو مەرزانە پارەوەردەگرن بۆخۆیان . باشە بۆچی ئەمە بۆ حكومەت نەبێ و حیزب و بەرپرسانی حیزب پارە وەرگرن بۆ خۆیان . حیزبەكان خۆیان خەرێكی كاری قاچاخن و پارەی گومرگیش نادەن . ئەگەر سەرۆكی حكومەت دەیەوێت پارە پاشەكەوت بكات ، با وەزیری دارایی ڕاسپێرێت كە ڕاستەو خۆ ئیدارەی هەموو گومرگەكان بكات و و ستافی تازەیان بۆ دانێت و دەستی پارتی و یەكێتی لەو گومرگانە دوور بخاتەوە . سەدان نمونەمان هەیە كە بەشێكی ئەو پارەیە ئەو دوو حیزبە بۆخۆیانی دەبەن . با سەرۆكی حكومەت وەزیری دارایی ڕاسپێرێت كە بە پێی یاسا باج لە كۆمپانیا گەورەكان وەرگرێت كە هەمویان موڵكی پارتی و یەكێتین . چاكسازی لێرەدا دەكرێت ئەگەر بتانەوێت . هەوڵ بدرێت باج بە شێوەیەكی عادیلانە لە هەموو كەسێك وەرگیرێت و كەس نەبەخشن لە پێدانی باج. زۆر وڵات نێوەی داهاتیان هەر باجە .

4- ئەو پارەیە وەرگرنەوە كە بەقەرز دراوە بە كۆمپانیاكان .


6- ئەرزێكی زۆر بەناوی وەبەر هێنانەوە دەدرێتە ئەم و ئەو یان بەرپرسانی حیزب داگیری دەكەن و نمونەمان زۆرە . باشتر وایە ئەو ئەرزانە بفرۆشرێن بۆ خەرجی حكومەت نەك خەڵكیان پی َدەوڵەمەند بكەن .

 

7- زیاتر لە 6 هەزار كەس لە ئاوارەی سوری بەناوی هێزی ڕۆژەوە كراونە پێشمەرگە . ئەوانە بۆ دژایەتی شۆڕگێرەكانی سوریا دروستكران چونكە نەهاتنە ژێر هەژمونی پارتییەوە . تا ئێستا بڕی 300 ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە . خەرجی مانگانەیان نزیكەی سێ ملیار و نێوە و موچەیان لە 500 هەزارەوە ددەست پێ دەكات .

 

دەڵی: ماڵ لە خۆیا نەبوو مێواننیش ڕوی تێدەكرد . ئێستا موچە بۆ كارمەندانی تەندروستی نییە .زیاتر لە 200 هەزار دەچوی زانكۆو پەیمانگامان هەیەو دانەمەزراوان . چ ویژدانێكە مانگانە ئەو بڕپارە زۆروە بدرێت بەم هێزە كە پێویستمان پێیان نییە . حەق وایە موچەكانیان ببرَن و با بچنەوە ئۆردوگا ، یان بچنەوە سوریا خۆ لەویش خەبات هەیە .


7- گومانێكی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە زۆری ئەو نەوتەی فرۆشراوە پارەكەی نەگەڕاوەتەوە. واتە دزراوە . ئەگەر پارەی نەوتی فرۆشراو بگەڕایەتەوە ، ئێستا قەرزدار نەدوەبوین و پارەشمان پاشەكەوت دەبوو . ئەوەتا یەك ملیاری لە لوبنان ئاشكرا بوەو بەرپرسانیش ناچنە ژێری . بەڕاستی كاتی ئەوەیە ئەو پارانە بگەڕێننەوە و موچەی هاوڵاتیانی پێ بدەن . ئەگەر بڵێن ئەمە بوختانەو شتی وانییە ، چۆن بڕوا بكەم . هەتا ئەو كاتەی دۆسیەی نەوت وەكو ئێستا شاراوەبێت. هەتا گومرگەكان لە ژێردەسەڵاتی حیزبدابن ، هەموو تاكێكی ئەم گەلە بۆی هەیە گەورەترین بەرپرسی ئەم وڵاتە بەدزبزانێت . ئەگەر ڕاست دەكەن و دزنین ، بڵێن، فەرمون ئەوە حساب و ئەوە كیتاب. ئەگەر بڕواشمان پی َناكەن وەرن خۆتان سەرپەرشتی بكەن .

 

چەندین ساڵە هاوار دەكرێت و گوێتان بۆ كەس نەگرت تا ئەم میللەتەتان ئاوا توشی قەیران كرد. ئەگەر دەتانەوێت هاوڵاتیان باری قورسی ئەم قەیرانە لەگەڵ ئێوە هەڵگرن و بە قسەكانتان بڕوا بكەن ، دەبێ ئەو پێشنیارانەی من لەبەر چاو بگرن ، چونكە خەڵك ئاگاداری هەموو شتێكەو چیتر بەدرۆی زل فریوناخۆن .

 

من خۆم بێم لە گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل پارە بدەم و وەسڵم نەدەنی چۆن بڕوات پی َدەكەم بڵێی پارە نییە ؟ بە چاوی خۆم ببینم لە مەرزی باشماخ قاچاخچییەتی هێلكەی بەسەرچو بكەیت و پارەی گومرگیش نەدەیت و خەڵكیش نەخۆش بخەیت و دەتەوێ بڕواشت پێ بكەم بڵێی پارەی موچەمان نییە ؟

 

ئەوە بزانن بەغدا فرسەتی بۆ هەڵكەوتوە . تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە كە دەتان گوت ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەفرۆشین . ئێستا كە دەچن بۆ بەغدا ، ئەوەی پار ئامادەبون بماندەنێ ئەمساڵ ناماندەنی . وەكو فەلەستینیەكانتان لێكردین . ئەوەی ئیسڕائیل ئەمساڵ ئامادەیە بیدا بە فەلەستینیەكان ، ساڵێكی ترپێیان نادات .

 

هیوادارم باش بیری لێبكەنەوەو هەتا زوە دەست بكەن بە چاكسازی لەو بوارانەدا كە ئاماژەم بۆ كردوە . دڵنیابن بەغدا وا بە ئاسانی نایەت ژێرباری پێدانی بودجەوە . جگە لەوەی خۆشی توشی قەیران بوە ، دەیەوێت هەرێمیش بچوك بكاتەوەو بیخاتە قاوغەكەی خۆیەوە . هەموشمان ئەوە دەزانین بەبێ بەغدا موچەتان پێ نادرێ . كەواتە دوو ڕێگاتان لەبەردەمدایە : یەكەم : هەنگاونان بۆ چاكسازی خێرا . هێنانەوەی پارە ی نەوت بۆ دەربازبون لەم قەیڕانە . دووەم: یان گەڕانەوەیە بۆ بەغداو ڕازی بون بە هەموو داواكانیان تا ئاستی تەسلیم بونی تەواو . دڵنیایین خاڵی بەكەم جێ بە جێ ناكەن . كەواتە بۆ مانەوەی خۆتان بۆ خاڵی دووەم دەڵێن بەسەر چاو موافیق . هیوادارم من هەڵەبم و وادەرنەچێ .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure