ئیدریس سابیر24/4/2020 1068 جار بینراوە

چاوه‌کان به‌ره‌و‌‌ به‌غداد و هیواکانیش ڕوو له‌ فراکیسۆنی گۆڕانن

وه‌ک ئاشکرایه‌،‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی پارله‌مانتارانی کورد له‌ به‌غداد، نوێنه‌رایه‌تیکردنی هاونیشتیمانیانی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چاودێریکردنی حکومه‌تی ناوه‌ندی و پارێزگاری له‌ ده‌ستور و ده‌رکردنی یاساکانه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی. به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی هه‌رێم و که‌مته‌رخه‌می حکومه‌ت له‌ جێبه‌جێکردنی به‌رپرسیارێتێکانی سه‌رشانی‌، هه‌روه‌ها لاوازی ڕۆڵی پارله‌مان که‌ بریتین له‌ چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ له‌ حکومه‌ت و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کان‌، به‌ناچاری ئه‌رکێکی زیاده‌ که‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی هه‌ندێک له‌ پارله‌مانتارانی کورد له‌‌ناو ئه‌نجومه‌نی ناوێنه‌رانی عێراق، ئه‌ویش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانه‌.

 

جێی داغه‌ که‌ هاوکات‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌کییه‌کانی ووڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، سته‌می خۆماڵی و شکستی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و بێ به‌هاکردنی دادگا و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کان و شکاندنی شکۆی پارله‌مان، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ر ده‌ستی پارتی دیموکراتی کوردستان و بێده‌نگی لایه‌نه‌کانی دی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جێی متمانه‌ی شه‌قام، وایان له‌ دڵسۆزانی گه‌له‌که‌مان کردووه‌ که‌ ته‌واو به‌رامبه‌ر به‌ پرسی چاکسازی و خه‌باتی مه‌ده‌نی لانی که‌م له‌ ئێستادا بێ هیوا ببن و جگه‌ له‌ ئاسمان جێگه‌یه‌کی دی شک نه‌به‌ن که‌ سکاڵای خۆیانی بۆ بنێرن.

 

هه‌رچه‌نده‌ ڕێکه‌وتنی 18 ی شوباتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌‌ پێناو به‌شداریکردن له‌ کابینه‌که‌ی مه‌سرور بارزانیدا، به‌ گشتی بۆ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و به‌تایبه‌تی بۆ زۆرێک له‌ گۆڕانخوازان، ڕووداوێکی کاره‌ساتباربوو. بڕیارێکی هه‌ڵه‌ و خۆکوژی سیاسی و گره‌وی مان و نه‌مانی ڕێکخراوه‌یی بوو، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌کانی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌ک هه‌ر بوو به‌ جێی ئومێدی شه‌قامی کوردی و گۆڕانخوازه‌ ڕاسته‌قینه‌کان و چاودێرانی ڕه‌وشی هه‌رێم، به‌ڵکو ئه‌گونجێت له‌ ئه‌گه‌ری بوونی ئیراده‌ی سیاسی، ببێته‌ فریاده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌ره‌ی داکۆکیکردن له‌ مافه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌و به‌هایانه‌ی که‌ بوون به‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی.

 

فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌ له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ساخته‌کاری و پێشێلکارییه‌کانی هه‌ڵبژاردن و چاودێریکردنی پرسی چاکسازی و به‌دواچوون بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و دۆسییه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌کانی هه‌رێم و سه‌رکۆنه‌کردنی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و هه‌تا ده‌گاته‌ ڕاگه‌یاندنه‌ شه‌ش خاڵییه‌که‌ی ڕێکه‌وتی 2020.3.27 ، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی هه‌ندێک پارله‌مانتاری لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش جێگای ستایش و ده‌ستخۆشین. ئه‌گه‌ر سه‌رباری فشاره‌ ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ریان، نه‌ک هه‌ر بتوانن به‌رده‌وام بن، به‌ڵکو بشتوانن کاریگه‌ریی ئه‌رینی له‌ سه‌ر به‌خۆداچوونه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یان دابنێن، ئه‌و کات وه‌ک داهێنه‌ری مۆدێلێکی نوێی خه‌باتی پارله‌مانی، هه‌ڵوێسته‌کانیان له‌ مێژوودا تۆمار ده‌کرێت.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure