دڵشاد ئه‌نۆر20/4/2020 400 جار بینراوە

سەردەمی پیاوە ئەمنیەکان !


.
پیاوی ئەمنی هەمیشە بە تیۆری پیلانگێڕی مامەڵە لەگەڵ شتەکان دا دەکات، دونیابینی ئەمنیەت و دونیابینی واقیعی زۆر دوورن لەیەکتریەوە، بۆیە کاتێک کاروباری وڵات ڕادەستی پیاوە ئەمنیەکان دەکرێ، زۆر شت دەگۆڕێ، زۆر شتیش لە جێگەی خۆی نامێنێ.


پیاوی ئەمنی کە هەمیشە بە گومانەوە مامەڵە دەکات، یاخود لەنێو گوماندا دەژی، کاتێک کاروباری وڵاتی ڕادەست دەکرێ، یاخود تەنانەت جڵەوی حیزبیش دەگرێتە دەست، ڕەنگە هەر بەچاوی " تاوانکار و فێڵ بازێکەوە" لە هاوڵاتیەکی ڕەش و ڕووت یاخود عەرەبانە بەدەستێکیش بڕوانێت.


پیاوی دابڕاو لە واقیع، ناتوانێت خاوەن دونیابینیەکی تەندروست بێت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، سروشتی ئەمنیەکانیش وایە، تێکەڵیان لەگەڵ کۆمەڵگە کەمتر و زیاتر ئاشنان بە تیۆری پیلانگێڕی.


وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێم ئەمنی بوو، بەڵام دۆسیەی مامەڵەکردنی لەگەڵ کاسبکار و خەڵکە ئاساییەکە ڕادەست نەکرا، لەکاتێکدا لەم کابینەیەدا، دۆسیەی کۆرۆنا ڕادەستی وەزیری ناوخۆ کرا، کە ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە ژیانی تاک بە تاکمانەوە هەبوو، بۆیە زۆر شت ڕوویاندا، کە نەدەبوو ڕووبدەن.


وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت: تا ٢٣ ی مانگ ڕێوشوێنەکان توندتر دەکرێنەوە و قەدەغەی هاتووچۆ پیادەش دەگرێتەوە، بەڵام بەچەند کاتژمێرێک، پاش ئەم بڕیارە، بازاڕ و شوێنە گشتیەکانیش دەکرێنەوە، ئەمە دەرخەری دابڕان و ناواقیعی بوونی بڕیاری پیاوە ئەمنیەکانە.


دۆسیەی کردنەوەی بازاڕ و مزگەوت و جم و جۆڵی بازرگانی زۆر دوورە لە پسپۆڕی خەڵکە ئەمنیەکەوە، بۆیە هەر بڕیارێکی ئەوان ناڕەزایەتی بەدوادا دێت، یاخود جێبەجێ ناکرێ.
نەک دۆسیەی کۆرۆنا، بەڵکو سیاسەت، ئابووری، تەندروستی، حیزبایەتی و...هتد، ئەمانە دوورن لە پسپۆڕی پیاوە ئەمنیەکانەوە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیانە، سیاسی ژیر و کەسی واقع بینی دەوێ، نەک پیاوی ئەمنی بە گومان و دابڕاو لە واقیع.


پێچەوانەی واقیع، هەردوو زۆنەکە بەرەو سەردەمی پیاوە ئەمنیەکان هەنگاو دەنێ، گەر بێت و ئەم پیاوە ئەمنیانە، بەرگی ئەمنیەت فڕێ نەدەن، ڕاوێژکارە ئەمنیە بەدگومانەکان بەخەڵکی شارەزا و واقیع بین نەگۆڕن، رق و رقکاری بە دبلۆماسیەت و گفتووگۆ نەگۆڕن ، ئەوا سەردەمێکی تاریکتر لە ئێستا چاوەڕێی هەرێم دەکات...

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure