دڵشاد ئه‌نۆر10/4/2020 516 جار بینراوە

کاری ڕۆژنامەگەری لەنێوان جدیەت و سەتحیەت دا !

چەند ساڵێک لەمەوبەر، هاوڕێ یەک تەلەفۆنی کرد، لەبارەی بەڕێزێکەوە پرسیاریکرد، وتی: ئایا فڵان کەس ڕۆژنامەوانە ؟


_ بۆ ؟


_ هاتووەتە خوازبێنی خوشکێکم و خۆی بە ڕۆژنامەوان ناساندووە!


بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیش، چاوێکم بە فەیسبوک دا گێڕا، دوو کەس لێک ئاڵابوون، شەڕە کۆمێنتیان بوو، یەکیان بە زمانێکی زۆر بازاڕی و دوور لەهەموو ئەتەکیەتێک، هێرشی دەکردە سەر ئەویتر، چوومە نێو ئەکاونتەکەیەوە، تا بزانم هێرشکار، کێ یە؟


بۆم دەرکەوت، هێرشکار لە نێو هێزێکی سەربازی کار دەکات و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیشە، وەکخۆی لەپرۆفایلەکەیدا نوسیبووی.


بەکارهێنانی نازناوی ڕۆژنامەنوسی لەکاتی چوونە خوازبێنی ژندا، خۆ بە ڕۆژنامەنوس ناساندن لەکاتی چوونە نێو فەرمانگەیەکدا بۆ ئیشی تایبەتی، بەکارهێنانی ئەم پیشەیە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و بەرتیل وەرگرتن، تەنانەت بەکارهێنانی بوارەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئەم حیزب و بەرگری لەو حیزب، یاخود بۆ گەورەکردنەوەی ئەم بەرپرس و هێرشکردنە سەر ئەویتر، ....هتد، بەنیسبەت ژینگەی کاری ڕۆژنامەنوسیەوە لەهەرێم نامۆ نیە، چونکە ئەم بوارەش وەکو بوارەکانی تر، بەمەبەست وێران کراوە.


یاخود بە مانایەکی تر، ژمارەی ڕۆژنامەنوسە پیشەگەر و جدی و ڕاستگۆ و بێ لایەنەکان، زۆر زۆر کەمن بەراورد بە ژمارەی " ڕۆژنامەوانە" سەتحی و فڕێدراوەکان بۆ نێو مەجالەکە، بۆیە ڕۆژنامەنوسە جدیەکان قوربانیەکی گەورەی ئەم تێکەڵ و پێکەڵیەن.

بیرۆکەی نوسینی ئەم بابەتەم، دەرئەنجامی گفتووگۆیەکی چەند ڕۆژی ڕابردووە، لەگەڵ چاودێرێکی بواری میدیا لە یەکێک لە ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان، کە زۆر لەخەمی دۆخی میدیا لەهەرێم و ئەم تێکەڵ و پێکەڵیەدا بوو، پێیوابوو: قوربانی ڕاستەقینەی ئەم دۆخە، ڕۆژنامەوانە جدی و فیعلیەکانن.


نیگەرانی ئەو چاودێرە نیگەرانی هەموومانە، بەڵام ژمارەی " ڕۆژنامەوانە" سەتحی و هێنراوەکان بۆ نێو بوارەکە زۆر زۆرن، دەعمی گەورەیان هەیە، دیوی پشتەوەیان بەهێزە و بۆ شەڕە دەنوک و بەرگری لەحیزب و بەرپرس هێنراون. دەیانەوێ لە ڕێگەیانەوە درۆ و ڕاست تێکەڵ بکرێ، جدیەت نەهێڵرێ، میدیا متمانە و میسداقیەتی نەبێ و ڕای گشتی چەواشە بکرێ، بۆیە نیگەرانیەکان هیچیان لێ سەوز نابێ.


لەهەمانکاتیشدا، بەسەدان میدیای جۆراو جۆر و پەیج وئامرازی تری ڕاگەیاندن خراونەتە خزمەتی ئەو جۆرە ڕۆژنامەوانانەوە، تا ڕۆڵ و کاریگەری میدیا و میدیاکارە کەم و لاواز و بێ دەعمە جدیەکان نەهێڵرێ.


ئەم " ڕۆژنامەنوس" ە سەتحیانە، دۆخێکیان خوڵقاندووە، تەنانەت خەڵکە ئاساییەکەش لە میدیا و میدیاکار توڕەیە، بەداخەوە، لێرەدا ڕۆژنامەنوسە جدیەکانیش بەوانەوە دەسوتێن، چونکە دواجار زۆرینەی خەڵک، جدیەت و سەتحیەت، کاری باشی ڕاگەیاندن و کاری لاواز و نا پرۆفیشناڵ لەیەکتری جودا ناکەنەوە.


خەڵک ناحەقیشی نیە، متمانەی بە بوارەکە نەبێ، لە میدیا و میدیاکار توڕەبێ، بەتایبەت کاتێک سەیری ئەکاونتی زۆرینەی زۆری ڕۆژنامەنوسان دەکەیت، زمانی نوسینیان هێندە بازاڕیە، هیچ جیاوازی لەگەڵ پۆستی فەیسبوکەوانانی تردا نیە، کە باجیان لەسەر نیە.


نەک هەر ئەوە، ئەتوانم بێ دوو دڵی، بڵێم: زۆرینەی ئەوانەی ناسنامەی ڕۆژنامەنوسیان پێدراوە، نەک نازانن ڕاپۆرتێکی جوان و بێ کەم و کوڕی بنوسن، بەڵکو ناشزانن، بەڵکو ئاشناش نین، بە بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن.


چەندە ورد بیتەوە، زۆر کەم ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی وردت دەست دەکەوێ، کە بەدواداچوون و ماندووبوونی پێوە دیار بێ. زۆر زۆر کەمن ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی خەمی میسداقیەتی خۆیان و دەزگاکەیان بێت و خۆیان لە بابەتی ناڕاست و شەڕە دەنوکی نێوان حیزبەکان بپارێزن.


یانی بەکورتی، ئەم لەشکرە لە " ڕۆژنامەنوس"ی هاوردەکراو، دۆخێکیان خوڵقاندووە، ڕاست و درۆ ، جدیەت و سەتحیەت، پرۆفیشناڵیەت و نا پرۆفیشناڵیەت، هەموویان تێکەڵ کردووە، فەوزا و بێ سەروبەریەکیان خوڵقاندوە، سەریان لەخەڵکیش شێواندووە.


لەنێو ئەم دۆخە شێواو و بێ سەروبەرەدا، تەنها ڕۆژنامەنوسە جدی و پرۆفیشناڵ و ماندووەکان زەرەرمەندی سەرەکین، چونکە ئەمان بیریان لای کاری ڕۆژنامەگەری نایاب و پاراستنی سومعە و میسداقیەتی دەزگاکەیانە.


لەکاتێکدا " ڕۆژنامەوان" ە سەتحی و هێنراوەکان کە زۆرینەی ڕەهان، میسداقیەتی خۆیان و سومعەی کەناڵەکانیان لا گرنگ نیە، بەڵکو لەخەمی ئەوەدان، ڕاسپێردەرەکانیان لە خۆیان ڕازی بکەن و ئەوەی بۆی نێردراون، جێبەجێی بکەن، لەپاڵ ئەوەشدا، دەستکەوتە کەسیەکانیان پارێزراو بێ .


بۆیە سەرباری کەمی ژمارە، سەرباری پشێوی دۆخەکە، گرنگە ڕۆژنامەوانە پرۆفیشناڵ و جدیەکان نائومێد نەبن، بەردەوام بن، چونکە دواجار خەڵکانێک تەنانەت گەر ژمارەشیان کەم بێ، پێزانینیان بۆ کارەکانیان هەیە و جودایان دەکەنەوە لە زۆرینە سەتحیەکە.


لەهەمووشی گرنگتر، ڕۆژنامەوانی پرۆفیشناڵ هەمیشە دەنگی زوڵاڵە، بەرتیل خۆر و ڕاسپێردراوی هیچ حیزب و گروپ و تاقم و بەرپرسێک نیە، کە ئەمە ئیمتیازێکی زۆر گەورەیە و بواری پێدەدات، یاخود دەستکراوەی دەکات، تا نەبێتە بەشێک لە ناشیرینیەکان و سومعە و میسداقیەتی خۆی و دەزگاکەشی بپارێزێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure