له‌تتيف فاتيح فه‌ره‌ج6/3/2020 1283 جار بینراوە

به‌ بۆنه‌ی راپه‌ڕینه‌وه‌ میداڵێك بۆ عوسمانی حاجی مه‌حمود

له‌ راپه‌ڕیندا عوسمانی حاجی مه‌حمود له‌ هه‌رده‌كانی گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌چێته‌ كفری و له‌ ته‌ك هاوڕێكانی و خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی كفریدا شاره‌ له‌ به‌عس پاكده‌كه‌نه‌وه‌ ، پێش ئه‌وه‌ی بتوانن پشووبده‌ن و لانی كه‌م پاش نزیكه‌ی سێ‌ ساڵ له‌ پارتیزانی له‌وێدا بوه‌ستن ، له‌ گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش و پێشمه‌رگه‌كاندا رووده‌كه‌نه‌ خورماتوو ، سه‌ره‌تا خورماتووش له‌ به‌عس رزگار ده‌كه‌ن ، به‌ڵام شوێن و پێگه‌ی خورماتوو ئه‌ركی پارێزگاریه‌كه‌ قورس ده‌كات ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عوسمانی حاجی مه‌حمود وهاوڕێكانی به‌رپرسیاره‌تی ئه‌ركی پارێزگاری ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبگرن ، شه‌ڕی خورماتوو داستانێكی گه‌وره‌یه‌و زۆرترین شه‌هیدو قوربانی تیادرا ، له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌كه‌دا هه‌واڵی شه‌هید بوونی حاجی مه‌حمودی باوكی و عومه‌ری برای ده‌ده‌نه‌ كاك عوسمان ، به‌ڵام ئه‌و نایه‌وێت سه‌نگه‌ر به‌ جێبێڵێت .


شه‌ڕی 1991ی خورماتوو به‌ ته‌نێ‌ پێویستی به‌ ده‌یان كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورده‌ ، خورماتوو كه‌وتوه‌ته‌ سێگۆشه‌ی تكریت ، كه‌ركوك ، باقوبه‌وه‌ ، ئه‌م سێ‌ شوێنه‌ جگه‌ له‌ كه‌ركوك كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی به‌شێكی زۆری ئازاد كرا ، به‌ڵام هێزی به‌عسیان به‌ ته‌واوه‌تی لێنه‌بڕا ، زنجیره‌كانی حه‌مرینیش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چ جه‌ماوه‌ری خورماتوو ، چ پێشمه‌رگه‌كانی گه‌رمیان و ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ بوون نه‌یانده‌ویست به‌ ئاسانی شاره‌كه‌ راده‌ستی به‌عس بكه‌نه‌وه‌ .


شه‌ڕی خورماتوو بۆ عوسمانی حاجی مه‌حمود ئه‌زمونێكی قورس و تاڵ بوو ، له‌لایه‌كه‌وه‌ مه‌رگی باوك و برا، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ شه‌هید بوونی هاورێ‌ نزیكه‌كان و دواتریش به‌و جۆره‌ و به‌ ناچاری جێهێشتنی شاره‌كه‌ بۆ ئه‌و تا ئێستاش مایه‌ی كه‌سه‌ره‌ ، من له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ نێو قسه‌و باسی تردا یه‌ك دوو جار ئه‌وم خستوه‌ته‌وه‌ نێو ئه‌و رۆژگاره‌و له‌ ده‌می قسه‌ كردن و سیمایدا هه‌ستم كردوه‌، ئه‌و تا ئێستا ئه‌و روداوانه‌ وه‌ك برینێك سه‌یر ده‌كات ، برینێك كه‌ له‌ جه‌سته‌ی شاره‌كه‌و له‌ دڵی ئه‌ویشدایه‌ ، شارێك كه‌ نه‌له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا حه‌سایه‌وه‌ نه‌له‌ سه‌رده‌می كۆماریداو نه‌دوای روخانی بته‌كانی سه‌دامیش .
دوای نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌ له‌ شه‌ڕی خورماتوو به‌ بڕوای من كاتی ئه‌وه‌یه‌ میدالیای تایبه‌تی ئه‌و شه‌ڕو به‌رگریه‌ ببه‌خشرێت به‌ عوسمانی حاجی مه‌حمود و ئه‌و میداڵه‌ش له‌ لایه‌ن ناوه‌ندێكی خورماتوو به‌ ناوی خه‌ڵكی خورماتووه‌وه‌ بدرێته‌ ئه‌و پیاوه‌ ، داستانی خورماتووش به‌و ماوه‌كه‌مه‌ ی به‌رگری هیچی له‌ داستانی لینینگراد كه‌متر نیه‌ به‌و جیاوازیه‌شه‌وه‌ كه‌ لینینگراد ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكی زۆر له‌ پشتیان بوو ، به‌ڵام خورماتوو جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی ماندوو دانیشتوانه‌كه‌ی كه‌س پاڵپشتیان نه‌بوو له‌ سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ .

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure