عه‌دنان كۆچه‌ر 23/2/2020 452 جار بینراوە

هه‌ولێر له‌ زه‌مه‌نى كۆڕۆناى سیاسی



ئه‌و ژینگه‌ سیاسییه‌ى كه‌ له‌سایه‌ى حوكمڕانى پارتییه‌وه‌ به‌زۆر به‌سه‌ر هه‌ولێردا سه‌پاوه‌، به‌ته‌نها له‌و ره‌هه‌نده‌وه‌ مه‌ترسیدار نییه‌ كه‌ ئازادی سیاسیی تێدا به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌و دیوه‌شدا بۆته‌ مه‌ترسی كه‌ دۆخێكى كۆمه‌ڵایه‌تى ناجۆری دروستكردووه‌، له‌سایه‌ى ئه‌و مۆدێله‌ له‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌، ئاریشه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌ستكرده‌كان تادێت به‌ره‌و هه‌ڵكشانن‌و له‌كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چن، ئه‌و ده‌ردو به‌ڵا كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ ئاكاری به‌رزى هه‌ولێرییانه‌و سروشتى ئاینداری خه‌ڵكه‌كه‌ى دووره‌و به‌رۆژی روناك وا خۆیان به‌یانده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكردن، جا ئه‌و روداوه‌ ده‌ستكردانه‌ ده‌شێت به‌ره‌نجامى ته‌وزیفی سیاسی بن یانیش له‌ ئه‌نجامى ده‌ستكراوه‌یی گروپ‌و تیمێكى باڵاده‌ست كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌و رێگایانه‌وه‌ ته‌سفیه‌ى سیاسیی بكه‌ن.


راستییه‌كه‌ى دیمه‌نى ئه‌و مناڵه‌و باوكى، چه‌ند رۆژێكه‌ سۆسیال میدیاى ته‌نیووه‌، ئه‌و كاره‌سات‌و مه‌رگه‌ساته‌ قوڵه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك مرۆڤ توشی شۆك ده‌كات كه‌ ئیدى له‌په‌ناى قسه‌كردن له‌ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێویسته‌ ده‌رهه‌ق به‌ پاوانخوازی سیاسیش قسه‌ بكرێت، چونكه‌ ئیدى ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ى روده‌دات حاڵه‌تگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تى نین، به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى درێژكراوه‌ى دیارده‌گه‌لی سیاسییه‌و ساڵانێكه‌ هه‌ر له‌دواى سی‌و یه‌كى ئابه‌وه‌، پارتى به‌ ئه‌نقه‌ست بۆ جڵه‌وكردنى كۆمه‌ڵگا‌و بێده‌نگكردنى ركابه‌ره‌كانى به‌كاریان دێنێ، ئه‌و فۆڕم‌و مۆدێله‌ له‌ئاكارو ره‌فتارى ناشایسته‌، ئه‌مجۆره‌ له‌ ده‌ستئاوه‌ڵاكردنى چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ركوتى خه‌ڵك له‌هه‌موو ئاسته‌كان، ئه‌وه‌نده‌ به‌ قێزه‌ونى كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه‌ ئیدى ده‌ستگرتن به‌ كڵاوى خۆشته‌وه‌ كه‌س له‌و ئه‌جێندا مه‌ترسیدارانه‌ ناپارێزێ‌و كه‌سیش ناتوانێ خۆى له‌و نه‌فره‌ت‌و توڕه‌ییه‌ به‌دوور بگرێت، ئه‌وه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ ئیدى یاسا‌و دادگاكانیش تواناى راگرتن‌و سنوردانانیان نییه‌ بۆ ئه‌و كاره‌سات‌و ماڵوێرانییه‌.


ئه‌و رۆژگاره‌ى هه‌ولێر به‌ده‌ست هه‌ولێرییه‌كانه‌وه‌ بوو، ئه‌و ده‌مه‌ى خه‌ڵكى ره‌سه‌نى شاره‌كه‌ له‌ ئاكارو مۆڕاڵى هاونیشتمانیه‌كانى خۆیان به‌رپرس بوون، ئه‌وكاتانه‌ى كه‌ سیاسه‌ت‌و ناكۆكییه‌كان نه‌ببوونه‌ به‌شێك له‌ ده‌ستبردن بۆ ئاكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خه‌ڵكى پێكه‌وه‌و له‌ ئیتارى به‌ها باڵاكان پێكه‌وه‌ ده‌ژیان، كه‌چی ئێستا له‌سایه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ سه‌پاوه‌وه‌، هه‌ر رۆژه‌ی له‌شوێنێك جه‌سته‌یه‌ك ده‌هاڕدرێ‌و مرۆڤێك كه‌رامه‌ت‌و شكۆى ده‌شكێنرێ‌و ئاشووبی كۆمه‌ڵایه‌تى نوێ ده‌خوڵقێنرێت، ئاخر ئێمه‌ هه‌ولێرێكمان ده‌ناسی كه‌ شارى مه‌لای منه‌وه‌ر بوو، كه‌چی هێشتا به‌ده‌ست پیاوى مزه‌وه‌ره‌وه‌ ده‌هاڕدێت، ئه‌و هه‌ولێره‌ى ئێمه‌ هونه‌رى لێده‌تكا، كه‌چی هێشتا خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر شایه‌رو به‌ندبێژ‌و راپچیدا ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ توڕه‌مان ده‌كات‌و ناچارمان ده‌كات بڵێین هه‌ولێره‌ زه‌وتكراوه‌كه‌مان بده‌نه‌وه‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure