کاروان عەلی شامار21/2/2020 854 جار بینراوە

چەن فاکتێک لەمەڕ دوا پێشھاتەکان لەھەرێمی کوردستاندا!

 

(١)
خۆپیشاندانەکەی نەوەی نوێ!

وابریارە رۆژی شەممە جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدا، بەھەموو پێودانگێک مەھامی سەرەکی خۆپیشاندانەکە دوو رەھەندی سەرەکی لەخۆ دەگرێ، یەکێکیان، ئەوەیە کە سەرۆکی جوڵانەوەکە نزیکەی (٧٠)ملیار دینار قەرزی حکومەتی لایە، دوای بریاری چاکسازی حکومەت لە خانەنشینی پلەتایبەتەکان، یەکێک لە برگەکانی چاکسازی تایبەتە بەوەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت لای وەبەرھێنەرەکان، کە پێویستە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سەرجەم قەرزەکان وەرگرێتەوە، کاک شاسواریش بە خۆپیشاندانەکەی سبەی دەیەوێ فۆکەسی میدیا و شەقام بەلای خۆیدا بباو دیزەبەدەرخونەی بابەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی بکا!


رەھەندێکی تری سیاسیەو دور نییە ھەندێک سیاسی بزنس کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەکەدایە بۆ مەرامی سیاسی و تایبەت لەگەڵ خۆپیشاندانەکەدابن، بەتایبەت دوای کۆنگرەی یەکێتی جۆرێک لە مەترسی دروست بووە لەسەر بەرژەوەندی و کۆمپانیاو بزنسەکانیان، بەتایبەت لەسنوری قەلەمرەوی یەکێتیدا!

(٢)
دیاردەی دەستدرێژی سێکسی لە پایتەختدا!

دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی ئازادکردنی چەن تاوانبارێک کە دەستدرێژی سێکسیان کردبۆوە سەر منداڵێکی تەمەن (٧)ساڵان لە پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا، ھەر زوو ھەواڵەکە لە میدیاو سۆسیال میدیاکاندا بلاوکرایەوەو سەرنجی زۆر کەسی بەلای خۆیدا برد، بەڵام دیوی پشتەوەی ئەو روداوە کەمترین قسەی لەسەر کراوە. دەسەڵاتدارانی ئەمنی پارتی ھەنوکە بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانیان میتۆدو شێوازێکی نوێیان گرتۆتە بەر کە ئەویش بریتییە لە ئختیصاب و ئەتکردن و ئابروبردنی کەسانی ئەنتی و دژ بە ئەجنداکانی پارتی، واتە ئەگەر لەرابردوو کەسێک تیرۆرکرابێ لەسەر بابەتێکی سیاسی یاخود بەھۆکاری دژایەتی ماڵباتی بارزانی و پارتی، لێ ھەنوکە کەرامەتی دەشکێنرێ و ئەتک و لاقە دەکرێ دواتریش تیرۆر دەکرێ!

 

(٣)
کوردو حکومەتەکەی عەلاوی

دوای ئەوەی شاندی دانوسانکاری ھەرێم سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کۆبونەوە بۆ رێکەوتن لەسەر پشکی کوردو دانانی وەزیرەکان وەلێ نەگەشتنە ھیچ رێکەوتنێک، چونکە عەلاوی سورە لەسەر ئەوەی وەزیرەکانی کابینەکەی دەبێ کەسانی ناحیزبی و تەکنۆکرات بن، بەشێکی پێداگری و سوربونی لەسەر مەرجی کەسانی ناحیزبی پابەستە بە پلان و داواکاری بەرھەم صالحەوە چون لەلایەک بەھۆی دانەنانی بەسەرۆکی یەکێتی دەیەوێ تۆلەی خۆی لەو حیزبە بکاتەوەو لەلایەکی تریشەوە دەیەوێ ھاوسۆزی خەلکی عیراق بەلای خۆیدا راکێشێ، چون وابریارە لە سالی ئایندەدا ھەلبژاردنی پێشوەختە بکرێ و جارێکی تر چانسی بوون بەسەرۆک کۆماری ھەبێتەوە!

 

(٤)
کوردستان و ڤایرۆسی کۆرۆنا

دەنگۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو گەشتنی بە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان بوە بە مژاری رۆژ، بەلام تا ھەنوکە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروستی میکانیزمی چۆنیەتی خۆپاراستن و رێگری لەم جۆرە ڤایرۆسەی بەشێوەیەکی زانستی رانەگەیاندووەو ھیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختەی بۆ نەکردووە، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا نەک بۆ ھەرێمێکی پێنج ملوێنێ لێ بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک چین جێی ھەڵوەستەیەو لەئەگەری تەشەنەکردنی بەتایبەت ئەو ولاتانەی کە سیستمێکی تەندروستی بەھێزیان نییە دور نییە کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆیدا بێنێ، بەو ھۆیەشەوە ترسێکی گەورەی خستۆتە نێو خەلکی کوردستانەوە، ئەگەرچی ھیچ حالەتێکی نەخۆشی لەکوردستان تۆمارنەکراوە وەلێ بەئاشکرا درک بەمەترسیەکانی دەکرێ و بەشێک لەکەلوپەلی خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە وەک ماسک و دەمامک و دەسکێش نرخەکانیان چەن ھێندە بەرزبۆتەوە!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure