شۆڕش حاجی20/2/2020 830 جار بینراوە

گەر گۆڕانكاری ناكەن گۆڕەپانەكە چۆڵ كەن


پێشترو لە چەند وتارو بۆنەی تردا‌ گوتومانە كە شكستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتە مایەی نا ئومێدبونی هاوڵاتیانی باشوری كوردستان بە پرۆسەی گۆڕانكاری، چونكە گۆڕان وەك جوڵانەوەیەكی گۆڕانخواز خاوەنی تێڕوانین‌و بەرنامەی چاكسازی بو بۆ هەمو بوارەكانی حوكمڕانی‌. بۆیە ئەگەر گۆڕان شكست بێنێ ئاراستەی روداوەكان بەئاقارێكی تردا دەڕواو رەوتی چاكسازی‌ بۆ ماوەیەك پاشەكشە دەكات. هەروەها پێشتر هۆشداریماندا لەوەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسسازدایەو ئەگەری شكست‌و سەركەوتن‌ لەبەردەمیدا كراوەیە. هەروەها هەوڵێكی زۆرماندا بۆ ئەوەی بتوانرێ قەرەبوی شكستی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی نوینەرانی عیراقی ساڵی ٢٠١٨ بكرێ، بەڵام بێسود بو.


لە ئێستادا هێماكان بەرەو لاسەنگ بونی زیاتری تای تەرازوی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێ‌ و نیشانەكانی ئەو شكستە لە دو بواردا بەڕوونی دەركەوتون. یەكەم، شكستی گۆڕان لە شێوازی رابەرایەتیكردن‌و ئیدارەدانی جوڵانەوەكەو میكانیزمی بڕیاردان‌و هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر هەمو پرسەكان. دوەم، شكستی گۆڕانە لە چنینەوەی بەرهەمی بەشداریكردنی لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.


دەرهاویشتەكانی شكستی گۆڕان لەو دو بوارە وایانكردوە رۆژ لەدوای رۆژ خەڵك لە بزوتنەوەی گۆڕان دور بكەوێتەوە و پەیتا پەیتا قورسایی ئەو جوڵانەوە گۆڕانخوازە لەناو خەڵك‌و كاریگەریی لەسەر كایەی سیاسی كەمبێتەوە. بۆیە ئەركی هەمو خەمخۆرانی ئەم گەل‌و نیشتمانەیە بەوردی چاودێری ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان بكەن‌و تاووتوێی مەترسی داكشانی گۆڕان بكەن لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و بەرژەوەندی هاوڵاتیان‌ لە باشوری كوردستان.


پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، كە ئایا مانی بزوتنەوەی گۆڕان بەم گوتارو هەڵوێست‌و شێوازی كاركردنەی ئێستای‌و، لەژێر رابەرایەتی ئۆرگانە فەرمییەكانی ئەمڕۆی گۆڕان‌و بڕیاربەدەستەكانی دەرەوەی دامەزراوەكانی گۆڕان لە قازانجی چەمكی گۆڕانخوازی‌و رەوتی چاكسازییە لە باشوری كوردستان، یان لە زەرەریێتی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە با دوا هەنگاوی گۆڕان لە كایەی سیاسیدا بەنمونە وەرگرین.


بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٨، كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان. دواتر رێكەوتنێكی لەگەڵ پارتی واژۆ كرد، كە لەئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازانی كوردستان نەبو. بەڵام ئەو خاڵانەی شاندی دانوستانكاری گۆڕان باسیانكرد كە لەگەڵ پارتی لەسەری رێكەوتون لەچاو كەمیی ژمارەی كورسییەكانی گۆڕان مایەی رەزامەندی رێژەیەكی بەرچاوی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانیش بو. سەرەڕای ئەوە، هەر لەسەرەتاوە رەخنەی ئەوە لەرێكەوتنەكە گیرا كە سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو رێكەوتنەكە دیاری نەكرابو‌و هیچ مەرج‌و كۆتوبەندێكیش بۆ ئەگەری جێبەجێنەكردنی رێكەوتنەكە دانەنرابو.


پارتی دیموكراتی كوردستان، جگە لە رێكەوتنە نوسراوەكە، لە كۆبونەوەی فەرمیدا كۆمەڵێك بەڵێنی زارەكی بە بزوتنەوەی گۆڕان دا. دیارترین خاڵەكانی رێكەوتنی نوسراوو لێكتێگەیشتنی زارەكی نێوان پارتی‌و گۆڕان بریتی بون لە: دەركردنی یاسای چاكسازی‌ گشتگیر (نەك ئەو یاسایەی كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا بۆ رێكخستنی موچەو خانەنشینی پلە باڵاو تایبەتەكان)‌و دروستكردنی ئەنجومەنی چاكسازی‌و پێدانی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاكسازی بە بزوتنەوەی گۆڕان‌و دروستكردنی سندوقی داهاتەكانی نەوت‌و پێدانی پۆستی سەرۆكی ئەو سندوقەش بە گۆڕان‌و گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەو باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و حەلكردنی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆو كردنیان بەهێزی نیشتمانی. هەروەها بەربژێری گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەرپرس دەبێ لە رێكخستنەوە‌و ئیدارەدانی هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆو پێدانی ١٢٪ی پۆستە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بە بزوتنەوی گۆڕان.
ئێستا وا زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆ تێپەڕیوەو تا ئێستا هیچكام لەو خاڵانەی رێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێ نەكراون. تەنیا شتێك كە تا ئێستا كرابێ دامەزراندنی چوار وەزیرو جێگرێكی سەرۆكی هەرێمە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان. لەبەرامبەردا گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رازی بو بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەو شێوەیەی كە خواستی پارتی بو. نەك هەر ئەمە بەڵكو، بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەرێی هەندێ لە بەرپرسەكانی ناو حكومەتەوە بۆتە داكۆكیكەر لە شێوازی خواروخێچی كاركردنی هەندێ لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەرگریكار لە نارۆشنی‌و دیزەبەدەرخۆنە كردنی داهاتی نەوت‌و داهاتەكانی ناوخۆ.


لەئێستادا هیچ ئاماژەیەك نیە كە ناوەرۆكی رێكەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان بەمزوانە جێبەجێ بكرێ. سەرەڕای هەمو ئەوانە بزوتنەوەی گۆڕان، جگە لە هەندێ قسەی شەرمنانە نەبێ، هەڵوێستێكی جیدی نیەو تەسلیمی ئەمری واقیع بوە.


بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبونیدا بڕیاری دابو لەڕێی هەڵبژاردن‌و سندوقەكانی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرێتە دەست‌و چاكسازی‌و گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستمی سیاسی‌و ئابوری‌و كارگێڕیدا بكات. ئەگەر ئەوە نەكرا، بەنیاز بو لەڕێی خەباتی مەدەنی‌و فشاری جەماوەرییەوە لەسەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵات ناچار بكا بەشێك لەبەرنامە چاكسازییەكەی گۆڕان جێبەجێ بكات. بەڵام ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبری پەیڕەوكردنی ئەو ستراتیژە بۆتە ئارایشكەری چەوتوچێڵیی دەسەڵات‌و پەیتا پەیتا دور دەكەوێتەوە لەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكی دابو. خەم‌و خولیای ئێستای گۆڕان بۆتە ئەوەی كێ لەكوێ دابمەزرێنێ. تۆ بڵێی گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوبێ كە هەر چەند ساڵ جارێك چەند كەسێك بكاتە پەرلەمانتارو وەزیرو هیچی تر؟


كاتی ئەوە هاتوە گۆڕانخوازان‌و لایەنگرانی چاكسازی لە باشوری كوردستان بۆ دواجار داوا لە بزوتنەوەی گۆڕان بكەن بگەڕێتەوە بۆ پەیام‌و ستراتیژەكەی جارانی‌و بوێرانە هەوڵی گۆڕانكاری بدات. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە ناكات با گۆڕەپانەكە چۆڵ بكاو لێگەڕێ لە هەلومەرجێكی گونجاوی تردا جوڵانەوەیەكی تر سەرهەڵبداو ئەو پەیام‌و مەشخەڵەی گۆڕان بەرزیكردەوە، ئەو بیگەیەنێتە مەنزڵ.
بێگومان ئەم بژاردەیە بەدڵی زۆر كەس نیەو ورە پروكێنەرە، بەڵام پێمان وایە ئەمە لەوە باشترە كە بزوتنەوەی گۆڕان رۆژ لەدوای رۆژ لاوازترو بچوكتر بێتەوەو هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و ژیانی هاوڵاتیان نەمێنێ‌و، لەخەونی گرتنەدەستی دەسەڵات‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەییەوە ببێتە هێزێكی بچوكی پەراوێزكراو.

د. شۆڕش حاجی ٢٠\٢\٢٠٢٠

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure