سیروان حه‌سه‌ن20/2/2020 2863 جار بینراوە

دواى 11 ساڵ ئه‌مڕۆ وازم له‌ فه‌رمانبه‌رێتى هێنا

دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى 11 ساڵ وه‌كو فه‌رمانبه‌ر ده‌وامم كرد، له‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوودا به‌هۆى نووسینى بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كاروبارى حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ سزا دراوم ئه‌مه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى ده‌ستخۆشیم لێ بكرێت بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رچاوه‌ى كردوومه‌ وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لار و به‌رپرسى راگه‌یاندن، كه‌ هه‌موو ده‌زانن جگه‌ له‌ ماندبوونى ڕۆژانه‌ له‌ ڕووى ئیداره‌دانى لیژنه‌كان و كارى راگه‌یاندن و نوسینه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كان و به‌ رێكردنى هاووڵاتیان به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ سزاده‌دران، له‌ دواى ده‌وامیش به‌ بێ به‌رامبه‌ر ئیشوكارم كردووه‌ و په‌یج و ئه‌كاونت و ئیشوكاره‌كانى لیژنه‌كان باشترین به‌ڵگه‌ن ده‌توانن له‌وێوه‌ هه‌مووى بببینن.


ئێستا له‌برى خزمه‌تى باش، تۆمه‌تى ئه‌وه‌یان بۆ دروستكردم كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوم له‌ ده‌وام، له‌ كوێى دونیا هه‌بووه‌ فه‌رمانبه‌رى كه‌م ته‌رخه‌م بكرێته‌ سه‌رۆكى لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت كه‌ له‌ 12 لیژنه‌ و زیاتر له‌ 80 ئه‌ندام پێكهاتووه‌، چۆن قورسترین و ڕوكنترین ئیشى فه‌رمانگه‌ ده‌درێته‌ ده‌ستى فه‌رمانبه‌رى كه‌مته‌رخه‌م كه‌ ته‌نها ئیشوكارى 2019 زیاتر له‌ ئیشوكارى 15 ساڵى رابردوى قایمقامیه‌ته‌؟؟!! ئه‌ى كێ هۆكارى ئه‌و ئیشانه‌ بووه‌ من و هاوڕێكانم نه‌بووین له‌ لیژنه‌كان؟؟ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون لیستێكیان له‌سه‌رم دروستكردووه‌ گوایه‌ جارێك ئه‌ڵێن 31 جار و جارێكى تر ده‌ڵێن 192 جار به‌نده‌یان له‌ كه‌مته‌رخه‌مى دواكه‌وتن له‌ ده‌وام ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌؟؟ به‌ موقه‌ده‌ساتان له‌ كوێى زه‌وى هه‌بووه‌ فه‌رمانبه‌ر به‌و ڕێژه‌یه‌ ئاگاداربكرێته‌وه‌، به‌ڵام سزانه‌درێت؟!!! كێ له‌ ئێوه‌ ئاماده‌یه‌ زیاد له‌ دووجار مناڵه‌كه‌ى له‌ هه‌ڵه‌یه‌ك ئاگاداربكاته‌وه‌ و دواتر سزاى نه‌دات؟؟!!.


پێش نوسینى بابه‌ته‌كه‌ به‌ نیازى ئه‌وه‌بوون ده‌ستخۆشیم لێ بكه‌ن، سبحان الله‌ دواى نوسینى بابه‌ته‌كه‌ بووم به‌ خراپترین فه‌رمانبه‌رو هه‌زار و یه‌ك مه‌وزوعم له‌سه‌ر دروستكرا و ئه‌و نوسینه‌ش نووسینێكى گشتگیره‌و په‌یوه‌ندى به‌ فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ تا بچووكترین فه‌رمانگه‌ و هیچ ناوزڕاندنێكى تێدانییه‌.

 

خۆى نووسین هه‌ر كێشه‌یه‌، چونكه‌ سه‌رده‌مێك له‌به‌ر پشتگیریمان به‌ نووسین بۆ گۆڕان سزاده‌دراین بیرمه‌ ته‌له‌فزیۆنى ژووره‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كه‌ى ئێن ئێن بوو لێیان سه‌ندمه‌وه‌، له‌به‌ر كه‌مترین دواكه‌وتن راسته‌وخۆ سزابوو، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رمان هه‌بوو به‌ ئاره‌زووى خۆى ده‌هاته‌ ده‌وام، ته‌نانه‌ت هه‌بوو نه‌ده‌هاته‌ ده‌وام مووچه‌كه‌شیان بۆ ده‌نارده‌ ماڵه‌وه‌. كێشه‌كه‌ لێره‌یه‌ من حزبى نه‌بووم، له‌به‌ر گۆڕان هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵات منیان به‌ نه‌یار حساب كرد گۆڕانیش نه‌بوم و ئێستا به‌ ده‌ست خودى گۆڕانه‌وه‌ سزاده‌درێن و ته‌نانه‌ت تۆمه‌تیشمان بۆ دروستده‌كرێت و ناتوانن خودى راستییه‌كه‌ بڵێن! به‌ڵێ من باجى ئه‌وه‌ ده‌ده‌م لایه‌نگریم بۆ گۆڕان بوو ده‌یان بابه‌تم بۆ پشتگیركردن له‌ نه‌وشیروان نووسى، كۆتا هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ى له‌ ئێمه‌ نزیك بوو ڕامسپارد ده‌نگ به‌ شیرینى كاوه‌ گه‌رمیانى بده‌ن، به‌ڵام به‌ جدى گۆڕان خراپ ئه‌كات و باجى ئه‌م خراپانه‌ش له‌ داهاتوودا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و به‌نده‌ لێره‌وه‌ داواى لێبوردن ده‌كه‌م له‌وه‌ى ڕۆژێك دڵى كه‌سێكم له‌سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ خۆم ڕه‌نجان، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕوونكردنه‌وه‌ى تایبه‌تم ده‌بێت و به‌ جدى ئێمه‌ هه‌ڵه‌ بووین.

 

له‌ ژیانى فه‌رمانبه‌رێتیم هیچ كێشه‌یه‌كى گه‌نده‌ڵى و فه‌سادى ئیداریمان له‌سه‌ر نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و كێشانه‌ش تووشم بوون له‌به‌ر به‌رگرى كردن بووه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رى دیكه‌ و داواكردن بووه‌ بۆ جیاوازى نه‌كردن و دادپه‌روه‌رى له‌ نێوان فه‌رمانبه‌ران و له‌و ماوه‌یه‌ توشى زۆر ناڕه‌حه‌تى بوینه‌وه‌ وه‌كو خۆم به‌شێكى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ هه‌رگیز نه‌متوانیوه‌ پێڕى مودیر بم، هه‌رگیز نه‌متوانیوه‌ مامه‌ خه‌مه‌یى و ماستاوبكه‌م قه‌ت ڕۆژێك له‌ فه‌یسبوك وێنه‌ى كه‌سم دانه‌ناوه‌ و به‌ شان و باڵێدا هه‌ڵبده‌م.

 

ئه‌زانم ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م نوسینه‌ قایمقامیه‌ت ڕوونكردنه‌وه‌ى ده‌بێت، باس له‌وه‌ ده‌كات دۆسیه‌كه‌م پڕیه‌تى له‌ غیابات، پێویست ناكات خۆم لێره‌ هه‌موو ده‌خه‌مه‌ڕوو، له‌به‌ر ڕاپۆرتێكى خه‌ندان كه‌ له‌ كاتى ده‌وامدا ئه‌نجاممدا 5 ڕۆژ غیاب درام وه‌كو سزا، جارێكیان 4 و 5 شه‌مه‌م كرد به‌ مۆڵه‌ت و ڕه‌زامه‌ندیم وه‌رگرت، دواى ئه‌وه‌ى یه‌ك شه‌ممه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌وام سه‌یر ئه‌كه‌م چوارشه‌ممه‌، پێنج شه‌ممه‌، هه‌ینى، شه‌ممه‌ش غیاب دراوم، كه‌ به‌ مودیره‌كه‌م وت بۆ؟ وتى بۆ مۆڵه‌تت نه‌كردووه‌ بیرى چوبوو كه‌ مۆڵه‌تم داوه‌ته‌ خۆى و ئیمزاشى كردووه‌ و خستویه‌تی ژێر مێزه‌كه‌یه‌وه‌، له‌ برى ئه‌وه‌ى بڵێت هه‌ڵه‌م كرد و ببوره‌ وتى تازه‌ كراوه‌ته‌ نووسراو ڕۆیشتووه‌! رۆژێك له‌بری ناوه‌كه‌ی خۆم له‌ ده‌فته‌رى ئیمزاى فه‌رمانبه‌ران ئیمزام له‌سه‌ر ناوى كه‌سێكى تر كردبوو كه‌ له‌ خواره‌وه‌ى من بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى ساخته‌كردنى ئیمزا سزاى سه‌رنج ڕاكێشانم بۆ كرا. سزایه‌كى ترم هه‌یه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى مووچه‌ بووم، 119 هه‌زار له‌ پاره‌ى مووچه‌ زیاده‌ مایه‌وه‌، ژوور به‌ ژوور گه‌ڕاین كه‌س نه‌قسی نه‌بوو، له‌سه‌ر پێشنیارى ئافره‌تێك كه‌ ئه‌ندامى لیژنه‌ بوو پاره‌كه‌مان هه‌ڵگرت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له‌ مانگه‌كانى تر نه‌قسمان هه‌بوو له‌وه‌ قه‌ره‌بووى بكه‌ینه‌وه‌، مودیر ناردى به‌ دوامدا به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى پاره‌ ماوه‌ته‌وه‌ قسه‌مان نه‌كردووه‌ سه‌رنج راكێشانێكى بۆ كردم و ته‌نها بۆ منیش ئه‌و سزایه‌ كرا له‌ كاتێكدا به‌ پێى یاسا له‌ زیاده‌ى مووچه‌ فه‌رمانبه‌ر سه‌رپشكه‌ ئه‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ بانك یان نا، چونكه‌ كاتێك پاره‌كه‌ كورتى هێنا بانك ئاماده‌نییه‌ یه‌ك فلست قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.


غیابه‌كانى دیكه‌شمان په‌یوه‌ندى به‌ دواكه‌وتنى چه‌ند ده‌قه‌یی به‌یاننیانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئاماده‌نه‌بووم سه‌ركزبكه‌م و بپاڕێمه‌وه‌ له‌ مودیر، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ له‌ ماوه‌ى دوو ساڵ و شه‌ش مانگى ده‌وام كردنم له‌ قایمقامیه‌تى كه‌لار زیاتر له‌ 5 غیابم هه‌یه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌، 8:34، 8:35، 8:37، 8:37، 8:42 ده‌قه‌ و غیاب دراوم، به‌ڵام ڕۆژى وا هه‌بوو سه‌عات 4ى ئێواره‌ له‌ ته‌له‌فكردنى خۆراكى خراپ له‌ته‌مره‌كه‌ (شوێنى فڕێدانى خاشاكى كه‌لار) ئه‌گه‌ڕامه‌وه‌ كه‌ پیسترین شوێنى كه‌لاره‌. هه‌موو ڕۆژ له‌ دواى ده‌وام چالاكى لیژنه‌كان و سه‌ردانى قایمقامیه‌ت و ته‌له‌فون و ڕاگه‌یاندراو و ئاگادارى و زۆر شتى دیكه‌شم ئه‌كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كاركردنه‌ى دواى ده‌وام ته‌نانه‌ت یه‌ك ده‌ستخۆشى تایبه‌تم بۆ نه‌كرا و حاڵى منیش حاڵى ئه‌و مۆزه‌فانه‌ بووه‌ كه‌ كورسی و مێزیشیان نییه‌ كه‌س نازانێ له‌چ به‌شێك ده‌وام ده‌كه‌ن!

له‌ كۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم 16 ساڵ به‌ سه‌رما و گه‌رما به‌ ناره‌حه‌تى قۆناغه‌كانى خوێندنم ته‌واو كردو دواتر به‌ بێ واسته‌و له‌سه‌ر پسپۆرى بڕواناكه‌م دامه‌زرام، دامه‌زراندن بۆ من سه‌رئێشه‌ بوو به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى ناوخۆ بوین سێ دانه‌جار داواى نه‌قڵم كرد وه‌زیرى ناوخۆ كه‌ریم سنجارى ڕه‌تیكرده‌وه‌، چه‌ندجارێك ویستومه‌ وازبێنم هه‌رجاره‌و هۆیه‌ك هه‌بووه‌ په‌شیمانم بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئیتر تا ئێره‌و به‌س ئه‌و بڕوانامه‌یه‌م پێشكه‌شى ئه‌وانه‌ بێت حزب نه‌بوایه‌ هه‌تا ماون نه‌یانده‌توانى خوێندن ته‌واوبكه‌ن و بێنه‌ پشتى مێزه‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌ى خه‌ریكى ماستاوچێتى و لوگێتى ده‌ورى به‌رێوه‌به‌رن، بۆ ئه‌وانه‌ى پسپۆریه‌كانیان په‌یوه‌ندى به‌و شوێنه‌كانیانه‌وه‌ نییه‌ به‌ واسته‌ى حزب خزێندراونه‌ته‌ شوێنى خه‌ڵكى دیكه‌، بۆ زۆرى تر كه‌ ئه‌سڵه‌ن گوناحه‌ ڕێگه‌یان بدرێت بێنه‌ ناو فه‌رمانگه‌وه‌. له‌ كۆتایدا كۆپییه‌كیشى ببه‌ن لاى گۆڕه‌كه‌ى نه‌وشیروان هه‌ڵیواسن، ئه‌و نه‌وشیروانه‌ى مامۆستاى كۆلێژى راگه‌یاندنى زانكۆى سلێمانى بوو، منیش خوێندكارى ئه‌و كۆلێژه‌بووم، ئه‌و نه‌وشیروانه‌ى ده‌یوت بوێربن و بنووسن و بێده‌نگ نه‌بن، ئێستا هاوڕێبازه‌كانى سیاسه‌تى نانبڕین و سزادانى خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن له‌به‌ر نووسین..

 

وێنەکە.. حاڵی من لە زۆربەی ڕۆژەکانی دەوام..

نوسینەکەش لەواڵەکەم هەیە بەم ناونیشانە
"توڕەبونی مودیرو گەمژەیی فەرمانبەر"

ڕۆژنامه‌نووس
سیروان حه‌سه‌ن

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure