دانا مه‌نمی 19/1/2020 1219 جار بینراوە

پارتی و تیرۆرخه‌ونی تۆتالیتاریزم

 

مرۆڤی تیرۆر كراو خاوه‌نی هه‌ربۆچوون و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌و فیكرو ئایدیایه‌ك بێت پێویستی به‌ شه‌رمه‌زار كردن و مه‌حكوم كردنه‌ ،هیچ كات ناكرێت جیاوازی ڕه‌گه‌زی و نه‌ژادی و سیاسی و ئاینی و فیكری به‌ بنه‌ما بگیریت بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی چ له‌ شێوه‌ی تاكه‌كه‌س بێت یانیش له‌ شێوه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ، ئه‌وانه‌ی تیرۆر ئه‌نجام ئه‌ده‌ن باوه‌ڕیان به‌ ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ و ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ت و هه‌تا سه‌روه‌ری یاسا نییه‌ ، تیرۆریسته‌كان له‌ هه‌ر ره‌گه‌زو نه‌ژاد و نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایدۆلۆژیایه‌ك بن سڵ له‌ هیچ شتێك و هیچ بنه‌ماو یاسا و ڕێسایه‌كی مرۆڤایه‌تی و مرۆڤدۆستی ناكه‌نه‌وه‌ ،گرنگ به‌ ده‌ستهێنانی ئامانجه‌ .

 

ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه‌ مێژووی ململانێی حیزبایه‌تی له‌ كوردستان هه‌ڵبه‌سه‌نگێندرێت رونتر ده‌رده‌كه‌وێـت كه‌ ململانێی حیزبایه‌تیه‌كان زیاتر بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر بووه‌ نه‌ك بۆ ڕه‌خساندنی گه‌شه‌ی ئازادی و دیموكراسی و ڕێزگرتن له‌ جیاوازییه‌كان ، له‌ناو حیزبه‌ كوردییه‌كانی باشوری كوردستان دا ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌و فه‌رهه‌نگی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌كینه‌و كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی و تیرۆری سیاسی یه‌ له‌ ڕابردوو و ئیستاو ئاینده‌شدا ، ئه‌م فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ گۆشكراوه‌ به‌ توندوتیژی و توندڕه‌وی و تیرۆر له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌چێتی و خێڵچێتی دا دوور له‌ ئاكارو ڕه‌وشت بووه‌ .

 

له‌ دوای ساڵی ۱۹۹۱ وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌ چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوی سیاسی و نوسه‌رو رۆشنبیرو ئه‌دیب و رۆژنامه‌نوس و مامۆستای ئایینی كردووه‌ و پاشان تیرۆر كراون و جه‌لاده‌كانیش به‌ نادیاری ماونه‌ته‌وه‌ ، پارتی دیموكراتی كوردستان ماوه‌ به‌ ماوه‌ یان نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسێك ،كادرو هه‌ڵسوڕاوی لایه‌نێكی سیاسی - یانیش به‌رپرسێكی باڵای ئه‌منی و سیاسی خۆی له‌ناوبردووه‌ ، به‌شێك له‌به‌رپرسانی پارتی به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتنیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و به‌شێكیش به‌هۆی له‌گۆڕنانی نهێنییه‌كان پارتی له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگای پاراستنه‌وه‌ له‌ناوی بردون ،له‌وانه‌ : جه‌رجیس فه‌تحوڵا له‌ ساڵی ۲۰۰٦ و ئه‌دیب حه‌مید به‌رپرسی باڵای پاراستن و غازی ئه‌تروشی به‌رێوبه‌ری ئاسایشی پارتی له‌به‌رده‌م ماله‌كه‌ی خۆیدا تیرۆر كراو ئه‌بوعه‌نته‌ر زاخۆیی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی قیاده‌ مووه‌قه‌ته‌ بوو ژه‌هر خوارد كرا ، دواترینیان فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بوو كه‌ له‌ ساڵی ۲۰۱٥ تیرۆر كرا و وتیان پیكدادانی ئوتۆمبیل بووه‌و دوای گوتیان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ !

 

پارتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیشیدا هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆركردنی له‌ چه‌ندین ئه‌دیب و رۆژنامه‌نوس و مامۆستای ئاینی كردووه‌ ، شه‌پۆلی تیرۆری پارتی سه‌ره‌تا به‌عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف ده‌ستی پیكردودواتر سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و ویداد حوسێن و ڕێژوان عه‌لی ومامۆستاهوشیار ئیسماعیل وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی عمر بندیان و شوكری زه‌ینه‌دین په‌یامنیری كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئین له‌ ئامێدی و چه‌ندین كادری تری یه‌كگرتوو له‌ بادینان و دواترینیشیان مەجید برایم، پێشمەرگەیەكی یەكێتی گرته‌وه‌و لە زینداندا خنكێنرا .

 

پارتی وه‌كو حیزب پره‌ له‌ خه‌ونی تۆتالیتاری و هه‌ڵگری توخم و ڕه‌گه‌زی تۆتالیتارییه‌ و كۆپی مۆدێلی ڕژێمه‌ تۆتالیتارییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌تی به‌عسیزم چونكه‌ مۆدیلێكی ئیدیاڵه‌ بۆ لاسایكردنه‌وه‌، تۆتالیتاریزم وه‌كو ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی له‌سه‌ر دوالیزمی دۆست و دوژمن ، ڕه‌ش و سپی كۆمه‌ڵگا دابه‌ش ده‌كات ، تۆتالیتاریزم خاوه‌نی خه‌سڵه‌ت و ئه‌دگارو تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی وتایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاریزم بریتی یه‌ له‌ پیرۆزكردنی سه‌رۆك و سه‌رۆكیش له‌ هه‌مووان باڵاتره‌ ده‌بێ هه‌موانیش خزمه‌تكاری سه‌رۆك بن ، له‌نێو پارتیشدا مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌مووان باڵاتره‌و پیرۆزه‌و مه‌عسومه‌ و هه‌تا مردنیش له‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌و دوای مردنیشی نه‌وه‌یه‌كی خۆی دێته‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری تۆتالیتاریزم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری و نهینی و شاراوه‌ بۆ كوشتن وتیرۆركردنی نه‌یاره‌كانیان به‌كار ده‌هێنن ، له‌ناو پارتیدا ده‌زگای پاراستن ترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌نه‌یاری بنه‌ماڵه‌ی بارزانین ، وه‌ك له‌ دۆسیه‌ی تیرۆركردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و ویداد حوسێن و مامۆستاهوشیار ئیسماعیل و مەجید برایم) بینیی مان .

 

كۆنترۆڵكردنی میدیا و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ، رێگریكردن له‌ پێدانی زانیاری وقۆرخكردنی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان و ئازادی ڕاده‌ربرین و ڕه‌خنه‌گرتن ، شێواندنی ڕاستیه‌كان و دروست كردنی په‌یج و مالپه‌ری سیبه‌رو ده‌مامكداربۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌و جه‌نگی ده‌رونی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا، ئیرهابی فیكریییه‌ و ڕێگە لە بڵاوبونەوەی فیکر دەگرێت وئیرهابی فیكری حوکمڕانی هیتلەر، ستالین، موسۆلۆنی، پۆڵ پۆت، سەدام حسێن پراكتیكی ڕۆژانە بووەو یه‌كێكی تره‌ له‌ توخمه‌كانی تۆتالیتاریزم .

 

دیموكراسی و ئازادی و به‌های مرۆڤ و كۆمه‌لگا له‌ كوردستاندا ئه‌سیری ئه‌و فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌رهه‌میهێناوه‌ ،ده‌ستگرتن به‌م سلوكه‌ی پارتییه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دارمان ده‌بات و كه‌لێنی نێوان خه‌لك و حكومه‌ت و حیزب فراوانتر ده‌كات ، زه‌حمه‌ته‌ پارتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م فه‌رهه‌نگ و كلتورو فه‌لسه‌فه‌یه‌ بێت كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وشی ده‌رونی و سایكۆلۆژیای تاكی كورد و وێرانسازی به‌رهه‌م هێناوه‌

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure