ساڵح ژاژڵه‌یی 21/12/2019 719 جار بینراوە

بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟

بەشی‌ پێنجەم
ئەزمەی‌ سەركردەو ئایندەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە كوێ ئەگات:


ساڵی‌ 1961 یەكەم ساڵم بوو چومە قۆناغی‌ ناوەندی‌ هەر لەو ساڵەشدا شۆڕشی‌ ئەیلول دەستی‌ پێكرد. یەكەم جار بوم بە ئەندامی‌ یەكێتی‌ قوتابیانی‌ كوردستان و دوای‌ ماوەیەكی‌ كورتیش چومە ناو ریزەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان. لەو كاتەوە تا وازهێنانم لە بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە هەموو وێتسگەكانی‌ خەباتی‌ كوردایەتی‌ بەشداریم كردوە.


ریزەكانی‌ پارتی‌. جەلالی‌. ساڵی‌ 1974. یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و دواجار بزوتنەوەی‌ گۆڕان. هەریەك لەم قۆناغانە ئەتوانم كتێبێكی‌ تەواوی‌ لەسەر بنوسم. ئەوەی‌ لێرەدا مەبەستمه ‌و بەلامەوە گرنگە ئاماژەی‌ بۆبكەم ئەمەی‌ خوارەوەیە:


لە هەموو قۆناغەكاندا لە سەرەتای‌ بەشداریكردندا هاوڵاتیانی‌ كورد ئەوەندە تینوی‌ كوردایەتی‌ بون. خۆشەویستییان بۆ سەركردەكانیان ئەگەیشتە ئاستی‌ پەرستن. لە هەر حیزبیكدابویتایە ئەوەندە خەمخۆری‌ سەركردەكەت بوی‌ كێ‌ قودرەتی‌ ئەوەی‌ هەبوو لای‌ من و تۆ بە خراپە باسیان بكات. ئامادەبوین سەری‌ خۆمانیان لەسەر دابنێین بەتایبەتی‌ لە سەرەتای‌ لاوێتیدا. بەڵام دوای‌ ئەو هەموو ساڵانە و بەپێی ئەو هەموو لێكدانەوانە گەیشتمە باوەڕی‌ تەواو كە ئەنجامی‌ ئەو هەموو شەڕو پێكدادان و كورد كوشتنە بە دەستی‌ یەكتری‌، هۆكارەكەی‌ بەرژەوەندی‌ شەخسی‌ بوەو، هەموی‌ لەسەر دەسەڵات بوە. ئێستاش هەر وایەو پێ دەچێت لە داهاتوشدا هەر وابێت. هەرچی‌ سەركردەیەكت بدواندایە بەرامبەرەكەی‌ تاوانبار ئەكرد بە خائین و گەندەڵ و پیاوی‌ بێگانەو خۆشی‌ بە فریادرەس ئەزانی‌. شەڕیان لەنێوان خۆیاندا دروست ئەكردو كوڕی‌ خەڵكیان بە كوشت ئەدا. كاتێكیش لە بەرژەوەندییان بوایە دەستیان ئەخستە ناو دەستی‌ یەكتری‌ و مویان بە بەردا نەدەچوو.


دوای‌ ئەمەش تاوانی‌ هەموو ناكۆكییەكانیان ئەخستە ملی‌ من و تۆ و یەكێكی‌ تر. هەمویان یەكتریان بەوە تۆمەتبار ئەكرد. كە تەمەنیان چۆتە سەرەوەو دەستبەرداری‌ پۆستەكەی‌ نابێت. بەڵام كە خۆی‌ ئەبوو بەخاوەن دەسەڵات. مەگەر مردن پۆستەكەی‌ لێوەرگرتایە.


ئەگەر راستت ئەوێت كە كورسییەكانی‌ گۆڕان لە 24 وە بو بە 12 دەبو رێكخەر و ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن دەستیان لەكاربكێشایەتەوە. بەڵام هەمویان وەكو كەڕەی‌ شەربەت فزەیان لە خۆیان بڕیبو.


هەر بۆ وەبیرهێنانەوە لە رۆژی‌ 12/10/ 2004 هەندێك لە ئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ یاداشتێكیان بۆ بەڕێز مام جەلال نوسی‌ كە لە 8 خاڵدا خۆی‌ بینیوەتەوە. یەكێك لە داواكاریەكان ئەوەبوە لە مام جەلال كە تەمەنی‌ بۆتە 70 ساڵ و باشتر وایە دەستبەرداری‌ پۆستەكەی‌ ببێت، چونكە توانای‌ بەڕێوەبردنی‌ كارەكانی‌ نەماوە.


لەكاتێكدا لەوكاتەدا مام جەلال تەندروستی‌ خراپ نەبوە. ئەوەی‌ شایانی‌ باسە یەكێك لەوانەی‌ دوای‌ كاك نەوشیروان ناوی‌ لەو یاداشتدا هاتوە. كاك عومەری‌ سەید عەلی‌ بوە. ئێستا كاك عومەر خۆی تەمەنی‌ بۆتە 75 ساڵ‌ و تەندروستیشی‌ باش نییه ‌و هەموانیش ئەزانن ناتوانێت بە باشی‌ كارەكانی‌ بەڕێوەبەرێت و رەخنەو گلەیی زۆری‌ لەسەرەو لە هەموشی‌ گرنگتر دوای‌ ئەوەی‌ بەڕێزیان بونە رێكخەری‌ گشتی‌، بزوتنەوەی‌ گۆڕان نیوەی‌ دەنگەكانی‌ پێشوی‌ كەمكرد. لەبری‌ ئەوەی‌ دەستبەرداری‌ پۆستەكەی‌ بێت و داوای‌ لێبوردن بكات، هەوڵێكی‌ زۆری‌ داو بۆ جارێكتر خۆی‌ كردەوە بە رێكخەر.


بێ ئومێدبونی‌ جەماوەر لە سەركردەكان نەك هەر خەمێكی‌ گەورەیە. بەڵكو كارەساتێكی‌ نیشتمانی‌ و نەتەوەیی مەترسیداریشە كاتێك ئەبینی‌ سەركردەیەك و كەسایەتییەكی‌ سیاسی‌ ناسراوی‌ وەكو نەوشیروان مستەفا، كە هەمیشە لە شاخ و لەشار جێگەی‌ ئومێد و متمانەی‌ خەڵك بوبێت و وەكو فریادرەس سەیركرابێت و بە ئەندازیاری‌ راپەڕین و باوكی‌ هەژاران ناسرابێت دواساتەكانی‌ ژیانی‌ ئاوا كۆتایی بێت جێگەی‌ داخ و پەژارەیەكی‌ گەورەیە بۆ هەمومان.


كاربگاتە ئەوەی‌ ئەم پیاوە گەورەیە لەدواساتەكانی‌ ژیانیدا هەموو رابوردووی‌ سیاسی‌ خۆی و دەسكەوتەكانی‌ ئەم بزوتنەوەیە بكاتە قوربانی‌ بەرژەوەندی‌ كورەكانی،‌ كە بە درێژایی هەموو ژیانی‌ سیاسی‌ خۆی‌ دژی‌ ئەوە بوە. ئێمە كە مێژو ئەخوێنینەوە گلەیی لە شێخ محمودی‌ نەمر ئەكەین كە موڵك و ماڵی‌ لەسەر خۆی‌ تاپۆ كردوە. بەڵام ئەوە پێش 100 سال زیاتر بوە. عەقڵی‌ ئێستاو ئەو كاتەش بەراورد بكە كە جیاوازیەكە ئاسمان و رێسمانە.


دوای‌ 100 ساڵ رۆشنبیرترین و ناسراوترین و شۆرشگێرترین و دەسپاكترین كەسی‌ ئەم سەردەمە بێت و هەمان رەفتار دووبارە بكاتەوە، موڵك و ماڵی‌ گشتی‌ لەسەر نەوەكانی‌ تاپۆ بكات و تازە بە تازە نەرێتی‌ بە بنەماڵە كردن و بە خیزانكردن زیندو بكاتەوە و برەوی‌ پێ بدات. بە بۆچونی‌ من ئەو كارە سەدان جار خراپترە لەوەی شیخ محمود كردویەتی. بە دەیان جار خراپترە لەوەی بنەمالەی بارزانی و تالەبانی كردویانە . لەبەر ئەوەی ئەم بەرێزە هەمیشە دژی ئەم رەفتارانە بوەو كاری بو ئەوە كردوە ئەمە نەمینیت . لە زۆربەی بۆنەكاندا جەختی لەسەر دوو شت كردوتەوە : 1- دژی گەندەلی دەوەستینەوە . 2- دژی بە بنەمالەكردن دەوەستینەوە . بەلام ئێستا كە پێچەوەانەكەی راست دەرجو ، لیرە بەدواوە بروا بە كی بكەین؟.


لە هەموی‌ ناخۆشتر ئەوەیە خەڵكانێك بێن و پاساو بۆ ئەم كارە بهێننەوەو چاو لە ئاستیا بنوقێنن و بڵێن ئەمیش وەكو ماڵباتی‌ تاڵەبانی‌ و بارزانی‌، كەواتە جیاوازی‌ نێوان ئەوان و ئێمە چییە؟ كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دروست بوو؟ كەواتە بۆچی میللەتمان خەڵەتاند؟.


تۆ سەركردەیەكی‌ ئاوا گەورەو مەزن و ناودار و ناسراو و جێگە هیواو متمانە بێت و كار بگاتە ئەوەی‌ هەموان بە فریادرەست بزانن. بەڵام داوا لە هاوڕێكانت بكەی‌ و خەڵكیان لێ‌ راسپێرێت كە یەكێتی‌ جێبهێڵن و پشتیوانیت لێ‌ بكەن و ئەوانیش مەردانە وەڵامت بدەنەوەو دەستبەرداری‌ هەموو بەرژەوەندیەكانی‌ خۆیان ببن. بەڵام دوایی پەراوێزیان بخەیت و لێیان بێ منەت بی.


ئەپرسم ئەگەر بۆئەوان ئاسایی ‌بێت ئەو هەموو ناعەدالەتی‌ و بێ ویژدانییە بەرامبەر بە من و تۆ بكەن ، بۆچی بو ئێمە دەبێتە تاوان باسیان بكەین و رەخنەیان لێبگرین؟. ئەمەی من نوسیومە هەموی راستین، ئەوە كار و كردەوەی سەركردەكانە بە بەرچاوی هەمومانەوە ئەنجامیان داوە، باسی كەسایەتی كەسم بە خراپە نەكردوە. من وتومە فلانە شت خراپەو فلانە شت چاكە. نازانم بۆچی هەندێ كەس تەنگەتاو بون و خۆیان سەغلەت كردوە . ئایا راستی وتن تاوانە؟ ئەمە مێژووە ئەبێ وەك خۆی تۆماربكرێت نەك وەك ئەوەی چۆن حەزمان لێیەتی و لەبەرژوەندیمانە.


ئەپرسم: كێشەی‌ نێوان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفاو دەستەی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ كە دواجار جەلالی‌ مەلایی دروستبوو، خوێنی‌ هەزران لاوی‌ كورد بە خۆڕایی رژا، لەسەر دەسەڵات نەبوو؟ ئەگەر مەلا مستەفا كەمێك نەرمی‌ بنواندایه ‌و مام جەلال و هاوڕێكانیشی‌ ژیرانەتر هەڵسوكەوتیان بكردایەو وازیان لە كەڵكەڵەی‌ دەسەڵات بهێنایەو وابیریان بكردایەوە كە مەلا مستەفا خاوەن كەسایەتییەكی‌ گەورەیەو جەماوەری‌ پێ كۆئەكرێتەوەو، ئەوانیش لە سێبەری‌ ئەودا هەوڵی‌ روشنبیركردنی‌ جەماوەریان بدایە، ئەنجامەكەی‌ باشتر نەدەبوو، لە جیابونەوەو شەڕكردن؟


كە یەكێتی‌ نیشتمانی‌ شۆڕشی‌ نوێی دەست پێكردوە. باشتر نەبوو پارتی‌ و بنەماڵەی‌ بارزانی‌ پشتیوانی‌ شۆڕشی‌ نوێیان بكردایە، لە بری‌ شەڕكردن و خولقاندنی‌ كارەساتی‌ هەكاری‌؟ ئەی‌ كێشەكانی‌ ناو یەكێتی‌ نیشتمانی‌ و جیبابونەوەی‌ بەشێك لە بزوتنەوەو دروستبونی‌ حیزبی‌ سۆسیالیست و دوایش زەحمەتكێشان و ئاشیش هەر ململانێ نەبوو لەسەر دەسەڵات؟.


ئەگەر یەكێتی‌ و پارتی‌ ژیرانە مامەڵەیان بكردایە و لەبری‌ ئەوەی‌ شەڕی‌ خوێناوی‌ دوای‌ راپەڕین دروست بكەن. خەریكی‌ بە دامەزراوەكردنی‌ دامودەزگاكانی‌ حكومەت بونایە باشتر نەدەبوو لەوەی‌ خوێنی‌ هەزرارن كورد بە خۆڕایی بڕژێ و ئابڕوی‌ میللەتی‌ كوردیش بەرن لە پێش چاوی‌ دۆست و دوژمن؟


كاتێك مام جەلال بوو بە سەرۆك كۆمار. وازی‌ لە پۆستی‌ سكرتێری‌ یەكێتی‌ بهێنایە بۆ كاك نەوشیروان، نە بزوتنەوەی‌ گۆڕان دروست دەبوو، نە یەكێتی‌ توشی‌ ئەم شكستەی‌ ئێستا ئەبوو؟ ئەگەر كاك نەوشیروان كەمێك نەرمی‌ بنواندایەو گوێی بۆ هاوڕێكانی‌ بگرتایە. بزوتنەوەی‌ گۆڕان توشی‌ ئەم شكستەی‌ ئێستا ئەبوو؟.


ئیسماعیل بێشكچی‌ كە لای‌ زۆرینەی‌ كوردەوە ناسراوە. نوسەرێكی‌ ناوداری‌ توركەو لە هەمان كاتیشدا دۆستێكی‌ دڵسۆزو نزیكی‌ كوردە و تا ئێستا چەندین جار خراوەتە زینداوە لەبەرئەوەی‌ بەرگری‌ لە كورد كردوە. ناوبراو وتەیەكی‌ زۆر بە نرخی‌ هەیەو پێویستە هەموو كوردێك وەكو نەسیحەت بیخاتە میشكیەوە و و سودی‌ لێ‌وەرگرێت. قسه و‌ لێدوانە بەنرخەكەی‌ ناو براو ئەمەیە (بە لاتانەوە سەیر نەبێت كە میللەتێكی‌ 60 ملیۆن كەسی‌ وەكو كورد تائێستا بێ دەوڵەتن. چونكە كەسیان ئامادەنین تەنازول بۆ كەسیان بكەن).


زۆر جار بەرگوێمان دەكەوێت كە دەڵێن ئەگەر ئێستا مامجەلال لە ژیاندابوایە یەكێتی حاڵی حاڵی ئێستا نەدەبو. یان دەڵێن ئەم گۆڕانەی ئێستا گۆڕانی سەردەمی كاك نەوشسروان نیە . ئەوانەی ئەم قسانە دەكەن بە مەبەستی ئەوەیە كە ئەو دوو تێكوشەرە تاخۆیان مابون كارو بار باش بە رێوە دەچوو . واتە ئەوان زۆر بە توانابون و ئەوانی دوای ئەوان نەیانتوانیوە بە باشی هەڵسوكەوت بكەن .
بەڵام لە راستیدا ئەمە تێروانین و بۆچونێكی هەڵەیەو راستییەكەی دەبی ئەمە بە خاڵی لاوازی ئەوان دانرێت نەك خاڵی بە هێزیان .چونكە ئەوەی دوای ئەوان رویدا هۆكارەكەی ئەمان بون نەك ئەوانەی بونە جێگرەوەیان. دیارە ئەم دوو تێكوشەرەم بە نمونە هێنایەوە، لە راستیدا بە درێزایی مێژوو هەموو سەركردەكان هەمان كاریان دوو بارە كردوەتەوە . ئەگەر سەركردەكان پێش ئەوەی تەمەنیان بچێتە سەر و پەكیان بكەوێت ، جێگرەوەیەك بۆخۆیان دابنێن و پشتیوانی لێبكەن و كۆدەنگی بۆ پەیدا بكەن ، واتە بیچەسپێنن و تا زیندون خۆیان پشتیوانی لەم جیگرەوانە بكەن و كارێكی وابكەن هەموان بە ڕابەرو گەورەی خۆیانی بزانن ، دوای نەمانی ئەمان هیچ كاردانەوەیەكی خراپ رونادات و زۆر بە ئاسایی كارو بارەكان بەرێوە دەچیت .


بۆیە كاتێك سەركردەكان وەفات دەكەن، دوای خۆیان كێشەو گرفت دروست دەبێت و تەكەتول و باڵ باڵێن و مەحسوبیەت و مەنسوبیتەت دەبێتە دیاردەیەكی خراپ و قێزەون و حیزبەكان بەرەو لاوازی و پوكانەوە هەنگاو دەنێن.


بە تاقیكردنەوە دەركەوت كە هەموو ئەو ناكۆكیانە لە پێناوی‌ بەرژەوەندی‌ تایبەتی‌ حیزب و بەرپرسەكان بوە نەك بەرژەوەندی‌ گەل و نیشتمان. ئەگەر ئەم حیزبانەی‌ باشور و رۆژهەڵات ئەزمونی‌ كوردانی‌ رۆژ ئاوایان لەبەرچاو بگرتایە. حاڵی‌ كورد بەم شێوەیەی‌ ئێستا ئەبوو؟ كەواتە كورد ئەزمەی‌ سەركردەی‌ كارێزمای‌ هەیە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت پەنجەی‌ تۆمەت بۆ هاوڵاتیان راكێشێت و تۆمەتباریان بكات، چونكە هاوڵاتیان بە زیادەوە ئەركی‌ نیشتمانی‌ خۆیان ئەنجامداوە.


قۆناغی‌ هاتن و دەستبەكاربونی‌ كوڕەكان لە هەموو حیزبە كوردیەكاندا كۆتایی بە تەمەنی‌ تێكۆشان و دڵسۆزی‌ و لێهاتویی و ماندوبونی‌ كادرە تێكۆشەر و خەباتگێرەكان دەهێنێت، دیاردەی‌ باڵادەستی‌ كوڕەكان پەردەیەكی‌ رەشی‌ نائومێدی‌ خستۆتەسەر چاوی‌ خەڵكە تێكۆشەرەكان، ئەوە نییە رۆژانە ڕیزەكانی‌ بزوتنەوەكە هەڵدەوەشیتەوە، خەڵكە دنیا بینو ئەكادیمیەكان دەست دەكێشنەوە، ئەو پرەنسیپ و خواست و دنیا بینیەی‌ كە گۆڕانی‌ لەسەر دروستكرا بە جۆرێك كاڵبۆتەوە كە كەس باسی‌ ناكات و گۆڕراوەتەوە بە پلەو پۆست بۆ ئەوانەی‌ هەر لەوپێناوەدا بون بە گۆڕان.


ئەوەی‌ پێی دەڵێن رێكخەر و خانەو جڤات تەنیاو تەنیا نمایشە و باشترین بەڵگەش هەڵبژاردنەكانی‌ ئەم دواییەی‌ رێكخەر و خانەو سەرۆكی‌ جڤاتی‌ گشتییە چۆنیان دانابو هەر وا كەوتەوە. ئەو پرەنسیپ و تەكەتول و باڵبالێنەی‌ كە لە یەكێتییەوە وەكو میرات لەسەر دەستی‌ رێكخەر گوازراوەتەوە بۆ ناو ریزەكانی‌ گۆڕان، هێندەی‌ تر هەڵسوراوانی‌ گۆڕانی‌ نا ئومێدكردوە.


گۆڕان دروست بوو لە پیناوی گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمرانیدا ، لە پێناوی بەدیهینانی عەدالەتی كومەلایەتیدا، لە پێناوی چاكسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەلی و زورشتی تردا . لە ئێستادا هەموو ئیش و كاری گۆڕان بووەتە ئەمانە:


-1 روڵی (مەجلیسی خدمە) دەبینن بو دامەزراندن و دۆزینەوەی شوێن و ئیش تەنها بو ئەوانەی سەر بە تەكەتولی گردەكەن .


2- دامەزراندنی كۆمپانیای بازرگانی بۆ بەدەستهێنانی پارە بۆ چەند كەسێك .


بەڵام هەموو ئەوانەی‌ لە سەرەوە نوسیومە بەو مانایە نایەت كە ئێمە بێئومێدبین و خۆمان بەدەستەوە بدەین. چونكە ژیان بەردەوامەو تا ژیانیش هەبێت ئەبێ هەوڵ بدەین لەپێناوی‌ گۆڕانكاری‌ و بەدیهێنانی‌ ژیانێكی‌ باشتر لە رابوردو.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure