محه‌مه‌د حسێن عه‌لى7/12/2019 1101 جار بینراوە

كامیان بە سوودترە؟ پەرلەمان یان حەقلی مانگا..!

 

پەرلەمان دەزگایەکە داهاتی سفرە و خەرجییەکی قەبە، ئەوە پێنجەم خولێتی هیچ دەستکەوتێکی دیاری نەبووە جگە لە بارگرانییەکەی بەسەر بودجەی گشتییەوە، لە خولی یەکەمدا (105) ئەندام بوون، تەنیا دەستکەوتی باشی ئەم خولە مانگرتنی کاك جەوهەر نامیق و چەند ئەندام پەلەمانێك بوو لە شەڕی ناوخۆدا و نەچووە پەرلەمان و هەڵویستیان وەرگرت،


خوولی دووەم ساڵی ‌(2005) بوو ئەندامەکان زیادکران بۆ (111) ئەندام، لەم خولەدا دەتوانم بڵێم زیاد لە نیوەی ئەندامەکانی تەنها بۆ چوونە تەوالێت هەڵوێستیان هەبوو و دەستیان بەرز دەکردەوە،


خوولی سێیەم ساڵی (2009) ئەم خوولە لە خولەکانی پێشتر پڕ لە هەراو هۆسە بوو ئۆپۆزیسوێنێك دروست بوو هەرچەندە نەفەس کورت و کورتکار(لەسەر وەزنی زیادەڕۆكار) بوون بەڵام هەر باش بوو، خوولێکی پڕ لە ئومێدی ساختە و قسەی قەوی بوو،


خوولی چوارەم ساڵی (2013) ئەم خولە کۆپیەکی نابووتی خولی دووەم بوو ئەوە بوو لە دوای دوو ساڵ بە عەنتەری پارتی سەرۆکەکەی دێگڵەی لێکرا بە سنوری هەردوو کۆریا (سنوورداشی ئەم دیو كرا) و تا کۆتا خول چەکوشکەی نەگرتە دەست.


خوولی پێنجەم ‌ساڵی (2018) ئەم خولە نزیکەی ساڵێکە لە کاردان و بێکارترین کارمەندانی ئەم هەرێمەن، ئەکبەر بێکارەکانی ئەم وڵاتە ئەندام پەرلەمانەکانین، لەم ساڵەدا یەك ئیشی پڕ مەزنیان کردووە ئەویش گۆڕینی وشەی( زیادەڕۆ) یان گۆڕیوە بۆ (زیادەڕۆکار) چ دەسکەوتێکە ئەمە بۆ گەل!


هەڵسەنگاندیان لەم ساڵەدا دەتوانین بڵێین خراپترین خولی ئەم دەزگایەیە تا ئێستا،


جا وەرن با خەرجییەکانی یەك ساڵی ئەم دەزگا بێکارە بەیان بکەین، ساڵانە لە بودجەی گشتی دەبێت زیاتر لە (44) ملیۆن دۆلار بۆ ئەم دەزگایە دابین بکرێت، بۆ مووچەی ئەندامە خانەنشینەکانی و ئەندامانی ئیستای،

ئەی ئەگەر پارەی یەك ساڵی ئەم دەزگایە بدەینە مانگا دەبینە خاوەنی چەنێك مانگا؟

با شیکارییەكی ورد بۆ ئەم باسە بکەین،

باشترین جۆری مانگا- مانگای سمیتاڵ و هۆڵشتاین-ە، کە نرخی یەك مانگا (4000) دۆلارە،

44000000 ملیۆن دۆلار دابەشی 4000 دۆلار دەکاتە 11000مانگا،

واتا بە پارەی یەک ساڵی ئەم دەزگایە دەبینە خاوەنی (11000) مانگا کە باشترین جۆری مانگایە کە ڕۆژانە یەکی 20 کیلۆ شیریان هەیە،

 

داهاتی ئەو مانگانەی بەم پارە دەیکڕین.

ئەم مانگانە ڕۆژی (220000) تەن شیر بەرهەم دەهێنن، نرخی یەك کیلۆ شیر دادەنێین بە یەك دۆلار، واتا ڕۆژانە داهاتی شیریان دەکاتە (220000) دۆلار،

داهاتی مانگانەیان دەکاتە (6,600,000) دۆلار.

داهاتی ساڵانەیان دەکاتە(79,200,000) دۆلار.

ئەمە داهاتی شیریان،


هەر مانگایەك ساڵی یەك گوێرەکەی دەبێت، واتا ساڵانە دەبینە خاوەنی (11000) گوێرەکە،

نرخی هەر گوێرەکەیەك بە لێدەرکردنی ئەو مەسرووفەی دەیکڕێت بۆ گەورەبوونی واتا سافی داهاتێتی، دەیخەمڵێنن بە (2500) دۆلار بۆ یەك دانە، کە هەموو دەکاتە، (27,500,000) دۆلار،

واتا: داهاتی گشتی ساڵانەی مانگاکان بەبێ لێدەرکردنی خەرجییەکانی
داهاتی ساڵانەی شیر 79,200,000+ داهاتی ساڵانەی گۆشت کە گوێرەکانیانە 27,500,000=106,700,000 دۆلار داهاتی گشتی .


خەرجەکان:


خەرجی ڕۆژانەی یەك مانگا بە حەوت دۆلار دەخەمڵێنین،

خەرجی یەك ساڵی هەموویان دەکات (27,720,000) دۆلار.

هەر (100) چوار کارمەندی پێویستە، واتا (440) کارمەندی پێویستە،

هەر کارمەندێك مانگانە (600) دۆلار موچەکەی بێت،

خەرجی ساڵانەی کارمەندەکانی دەکاتە (3,168,000)دۆلار.

واتا هەموو خەرجی ساڵانەیان دەکاتە،


27,720,000 خەرجی مانگاکان+ 3,168,000 خەرجی کارمەندەکان=30,888,000 خەرجی گشتی.


داهاتی گشتی - خەرجی گشتی = سافی داهات.


30,888,000خ - 106,700,000د= 75,812,000

واتا سافی داهاتی ساڵانەی مانگاكان دەکاتە 75,812,000 دۆلار،

 

دەتوانین بە بەرهەمی سپیای نەك ناوخۆ هەناردەی دەرەویش بکرێت، ئەمە جگە لەوەی بەرهەمی گۆشتی سوور دەگاتە ئاستێك کەمتر لە دەرەوە هاوردە بکرێت،
بەهەرمی سپیایەکەی دەکرێت دەیان کارگە دابنرێت بۆ درووستکردنی خامە و پەنیر و ماست و دۆ، کە ئەمیش دەیان خەریج دەخرێتە سەر کار.

 

فەرموون ببینن و بزانن سوودی کامیان زیاترە؟

داهاتی حەقلی مانگاکە ساڵانە 75,812,000 دۆلار.

داهاتی ساڵانەی پەرلەمان سفر..

خەرجی ساڵانەی حەقلی مانگاکە سفر

خەرجی ساڵانەی پەرلەمان زیاتر 44000000 دۆلار،

 

موواسەفاتی ئەندام پەرلەمانەکان:

وەنەوشە و یەکی دوو حیمایە.

سەفەری دەرەوەی وڵات،

ڤێیلاو کۆشکی شاهانە.

هاش و هۆش و دنەدانی خەڵکی لە شاشەکانەوە،

 

موواسەفاتی مانگاکان:

نە وەنەوشە و نە حیمایە و نە سەفریان دوێت،

قسەی سێگۆشە و هاش و هوش و دنەی خەڵکیش نادەن، 

باوەڕیان بە تیڤی و شاشەکانی نییە،

بە دیدوهوڕ شەقامەکان جەنجاڵ ناکەن،

سەعات و قات و بۆنی مارکەیان ناوێت،

کۆشکی سێ نهۆم و ڤێلایان ناوێت،

پۆزو تڕ بە سەر خەڵکیدا لێنادەن..

 

ئەمە جیاوازییەكانی حەقلی مانگا و پەرلەمانن!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure