سه‌رتيپ وه‌يسى4/12/2019 870 جار بینراوە

چاره‌نووسى كۆنگره‌ى یه‌كێتى یه‌كلاكرایه‌وه‌

دواجار له‌ غیابى مام جه‌لال یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان نه‌یتوانى مۆته‌كه‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى چواره‌م تێبپه‌رێنێت، دوێنێ شه‌و مه‌كته‌بى سیاسى كۆنگره‌ى دواخست و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ن ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شه‌رعیه‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌یان بدات.


بۆچى كۆنگره‌ ناكرێت؟

له‌سه‌رده‌مى مام جه‌لال یه‌كێتیى سێ كۆنگره‌ى ئه‌نجامدا، كۆنگره‌ى یه‌كه‌م بۆ یه‌كخستنى ناوى یه‌كێتیى و كۆكردنه‌وه‌ى ئاڕاسته‌كان بوو له‌ ژێر یه‌ك چه‌تر و یه‌ك ناو، كۆنگره‌ى دووه‌م كه‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى دوو هه‌زاره‌كان ئه‌نجامدرا، ته‌نها بۆ ئیبرازكردنى به‌رهه‌م ساڵح بوو له‌لایه‌ن مام جه‌لال بۆ لێدان له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و جه‌بار فه‌رمان، كۆنگره‌ى سێهه‌میش له‌ ساڵى 2010 بۆ بڕانه‌وه‌ى كلكى گۆڕان و جیابوونه‌وه‌ى نه‌وشێروان موسته‌فا بوو.


هه‌تا مام جه‌لال مابوو كۆنگره‌ ده‌كرا، چونكه‌ مام جه‌لال خۆى بێ ركابه‌ر سكرتێر بوو، مام جه‌لال جێگرى داده‌نا، مام جه‌لال، مه‌كته‌بى سیاسى داده‌نا، مام جه‌لال به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تى داده‌نا، مام جه‌لال راپۆرتى گشیتى ده‌نووسیه‌وه‌، مام جه‌لال خه‌ڵكى به‌ ته‌سكیه‌ ده‌هێنا كۆنگره‌، به‌ڵام ئێستا كه‌س نازانى كێ ده‌بێته‌ سكرتێر، كه‌س نازانێ كه‌ ده‌بێته‌ مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى و كه‌س نازانى كێ ده‌بێته‌ جێگر، كه‌س نازانى راپۆرتى گشیتى كێ بینوسێته‌وه‌و بیخوێنێته‌وه‌، كه‌واته‌ كۆنگره‌ چۆن ده‌كرێت؟!


مه‌كته‌بى سیاسى بڕیاره‌كه‌ى داوه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تى بۆ دواخستنى كۆنگره‌ به‌ بیانوى نه‌بووى سازان و ته‌وافوق له‌ نێوان باڵه‌كان، ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ى ئێستاش زۆربه‌یان پشتگیرى ئه‌و بڕیاره‌ى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆربه‌یان باش ده‌زانن كه‌ ده‌رناچن و پێگه‌ى زۆربه‌یان له‌ خه‌ته‌ره‌.


جگه‌ له‌ باڵى لاهور شێخ جه‌نگى و باڤڵ تاڵه‌بانى سه‌رجه‌م باڵه‌كانى دیكه‌ش به‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن عدنانى حه‌مه‌ى مینه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌، چونكه‌ ماڵى مام جه‌لالیش پشتیان له‌ به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌ بۆ بوون به‌ سكرتێر.


به‌شێكى زۆرى مه‌كته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامنه‌دانى كۆنگره‌ن و شێخ جه‌عفه‌ریش له‌م ڕۆژانه‌ به‌ ئاشكرا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ بكرێت به‌و بارودۆخه‌ى ئێستا هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵى مام جه‌لال.


كۆنگره‌ كه‌ى له‌ نێو یه‌كێتیى ده‌كرێت؟


ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان رێكبكه‌ون ئه‌وكات ده‌بێته‌ كۆنگره‌ى شانۆگه‌رى؟


ئه‌گه‌ر رێكنه‌كه‌ون و بچنه‌ كۆنگره‌، ئه‌وكات كۆنگره‌یه‌كى پر له‌ كێشمه‌كێش و ئینشیقاق رووده‌دات؟


كه‌واته‌ یان ده‌بێ رێكبكه‌ون كۆنگره‌ى شانۆگه‌رى بكه‌ن، یان ده‌بێت كۆنگره‌ى جیابوونه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌وانیش نه‌ رێكده‌كه‌ون و نه‌ له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ش، بۆیه‌ نه‌ كۆنگره‌یان پێده‌كرێت و نه‌ ده‌شتوانن بڕیار بده‌ن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure