سەرتیپ وەیسی14/11/2019 475 جار بینراوە

به‌ره‌و كۆنگره‌ى حزبه‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێم

حزبه‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێمى كوردستان زۆرینه‌یان له‌ سه‌روه‌ختى كۆنگره‌دان، یاخود له‌ ناو پڕۆسه‌ى كۆنگره‌دان. یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، پارتى، به‌شێك له‌ هه‌نگاو گفتووگۆكانیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌، زۆرینه‌یان ده‌یانه‌وێ له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵى داهاتوو به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن و بارودۆخى ناوخۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌.

كۆنگره‌ى یه‌كێتیى (1)

ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆته‌ كارێكى حه‌تمى له‌ماوه‌ى 25 ڕۆژى دیكه‌ ئه‌نجامده‌درێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ ڕۆژى شه‌ممه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و حزبه‌ ده‌بوو له‌ ساڵى ٢٠١٣ كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستێت. ئێستا كه‌ له‌سه‌رووبه‌ندى كۆنگره‌دان، ململانێكان زیاترده‌بن، ڕۆژانه‌ گفتووگۆو رێككه‌وتنى به‌رده‌وام له‌ نێوان جه‌مسه‌ره‌كان هه‌یه‌، ڕۆژانه‌ پێشنیازو سیناریۆ بۆ داڕشتنه‌وه‌ى هه‌یكه‌لى ئه‌و حزبه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت.


هه‌موو ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ كۆنگره‌ به‌شێوازى ته‌وافوق ده‌بێت و هیچ كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆى لێ ناكه‌وێته‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نێو جه‌مسه‌ره‌ گه‌وره‌كانى ئه‌و حزبه‌ ( ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و گروپى كه‌ركووكییه‌كان و گروپى جافه‌كانى نێو ئه‌و حزبه‌).


ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌راورد به‌ كۆنگره‌كانى رابردوو، بچووككراوه‌ ده‌بێت ، ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كان له‌ هه‌زار ئه‌ندام تێه‌په‌رناكات، دیاریكردنى ئه‌ندامانى شاره‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مایى ده‌نگى دوو هه‌ڵبژاردنى یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌.


تا ڕاده‌یه‌كى زۆر به‌رهه‌م صاڵح ده‌بێته‌ واجهیه‌ى ئه‌و حزبه‌، ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌كانى خوار كه‌سى یه‌كه‌میش له‌ نێوان ماڵى مام جه‌لال و كۆسره‌ت ره‌سوڵ دابه‌ش ده‌بێت، ئه‌مجاره‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جگه‌ له‌ خۆى كوڕه‌كانیش ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌.


له‌ ماڵى تاڵه‌بانى هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بافڵ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى بگه‌یه‌نێته‌ كه‌سى یه‌كه‌م دووه‌م، به‌ڵام پێناچێت تموحه‌كانى به‌ ته‌واوى جێبه‌جێببن، به‌ تایبه‌ت دواى چۆڵكردنى گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن مام جه‌لال و هێرۆخان، ئێستا ئه‌وان به‌ لاوازى ده‌رده‌كه‌ون.


كوڕانى بنه‌ماڵه‌كان له‌ نێوشیان بافل و لاهور و قوباد تاڵه‌بانى و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌وانى دیكه‌، ده‌چنه‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حزبه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا مه‌كته‌بى سیاسى و كارگێرانى پێشووترى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ ڕۆڵیان وه‌كو پێشووتر نامێنێت.


زۆربه‌ى ئه‌و سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ئێستا هه‌ن له‌ شوێنه‌كانی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌، جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خۆیان ئاره‌زووى كشانه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى دیكه‌ى نوێ سه‌رده‌كه‌ون، دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى زیاتر ده‌كرێت.


ئێستا باڵى ماڵى تاڵه‌بانى، ماڵى كۆسره‌ت رسوڵ، باڵى به‌رهه‌م ساڵح، ڕۆژانه‌ له‌ گفتووگۆى چڕدان، هه‌ر لایه‌ك هه‌وڵى چڕینى زۆرترین جومگه‌ى حزبه‌كه‌ ده‌دات بۆخۆى، به‌ڵام سرینه‌وى یه‌كتر ڕوونادات، شه‌ش ساڵ دواخستنى كۆنگره‌ باڵه‌ ناكۆكه‌كانى یەکێتی نەسازاند، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ بسازێن.

كۆنگره‌ى یه‌كگرتوو (2)

شه‌ممه‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى بڕیار له‌سه‌ر واده‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى ئاسایى خۆى ده‌دات و به‌پێى زانیارییه‌كانیش واده‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ مانگى داهاتوو، زیاتر له‌ 900 ئه‌ندامیش به‌شدارى ئه‌و كۆنگره‌یه‌ ده‌كه‌ن.


له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى رابردوودا، یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كانى خۆى له‌باره‌ى دیاریكردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ته‌واوكرد، وابڕیاریشه‌ شه‌ممه‌ى داهاتوو 16 تشرینى دووه‌م، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پرسى واده‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ یه‌كلایبكاته‌وه‌، زۆرینه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان واده‌كه‌ بكه‌وێته‌ كۆتایى ئه‌م مانگه‌، یاخود سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو كۆنگره‌ ببه‌سترێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پرسى جیاكردنه‌وه‌ى سیاسه‌ت له‌ بانگه‌واز یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئایه‌ له‌ كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى ئه‌و حزبه‌ بیخاته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانى كۆنگره‌، یان نا.
ئه‌بو به‌كر كاروانى و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ى پڕۆژه‌ى خۆیان بۆ كۆنگره‌ پێیه‌، ده‌یانه‌وێ یه‌كگرتوو به‌ ته‌واوى له‌ڕووى ئاڕاسته‌ى سیاسى و فكرى بگۆڕن ، هه‌ڵگرى دروشمى جیاكردنه‌وه‌ى بانگه‌وازن له‌ سیاسه‌ت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌میندارى ئیستاش ده‌یه‌وێ ئه‌و كاره‌ بكات، به‌ڵام به‌ فۆڕمێكى دیكه‌ى جیاواز.


هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ ئه‌میندار ركاربه‌رێكى هه‌بێت كه‌ ئه‌بوبه‌كر كاروانییه‌ ، به‌ڵام جارێكى دیكه‌ سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د بهائه‌دین خۆى بۆ پۆستى ئه‌مینداى گشتیى ئه‌و حزبه‌ كاندید ده‌كاته‌وه‌.
یه‌كگرتوو له‌ساڵى ١٩٩٤ ەوە حه‌وت كۆنگره‌ی به‌ستووه‌، ئه‌و حزبه‌ یه‌ك جار ئه‌میندارى ئاڵوگۆڕكرد، ودواتر سه‌لاحه‌دین به‌هادین گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كورسى یه‌كه‌مى حزبه‌كه‌.


یه‌كگرتووى كێشه‌ى دارایى زۆرى هه‌یه‌و ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ رووبه‌رووى قه‌یرانى دارایى سه‌خت بۆته‌وه‌، به‌شێك له‌ ئۆرگانه‌كانى ناچار به‌ نبو موچه‌یى كراونه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌ كێشه‌كانى ئه‌و حزبه‌ نه‌بوونى گوتارێكى سیاسى ڕوونه‌.


یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی یه‌كگرتوو پرسی ئۆپۆزسیۆنبوونه‌، كه‌ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی و فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ناكۆكی له‌سه‌ره‌، هه‌ندێك پشتیوانى ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگه‌ر و ده‌كه‌ن،هه‌ندێكیش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنێكی نه‌رم ده‌كه‌ن كه‌ ره‌چاوی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كگرتوو بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ وه‌ك به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تری هه‌رێم ده‌رنه‌كه‌ون.
یه‌كگرتوو ئیسلامى به‌راورد به‌ ساڵانى زێرینى خۆى پاشه‌كشه‌ى زۆرى كردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ڕابردوو، وه‌كو پارسه‌نگى هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان حسابى بۆ ناكرێت، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆنگره‌یه‌ دادى یه‌كگرتوو نه‌دات و مشورێك له‌خۆیان نه‌خۆن، پێگه‌یان له‌ چوارچێوه‌ى چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كى موحافیزكارى ئاینى هه‌رێمى كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.

 

كۆنگره‌ى كۆمه‌ڵ (3)

بۆ كۆمه‌ڵ-یش كۆنگره‌ى چوار جیاوازه‌و به‌كێشه‌وه‌ پێده‌نێته‌ كۆنگره‌، پێش كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ به‌رپرسه‌ ناڕازییه‌كان، به‌ تایبه‌ت ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى پێشووى وه‌كو سه‌لیم كۆیی و سه‌عید هه‌ركی و ئیسماعیل ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ سه‌دان ئه‌ندام و به‌رپرسی ناو مه‌ڵبه‌نده‌كانی ئه‌و حزبه‌.


رێكخستنه‌كانى كۆمه‌ڵ له‌و په‌رى خراپى و نا دامه‌زراوه‌یدایه‌، له‌سه‌ر ئاستى ئه‌نجومه‌نى سایسى و سه‌ركردایه‌تى ناكۆكى هه‌یه‌، ناكۆكییه‌كانى عبدالستار مه‌جیدو محه‌مه‌د حه‌كیم به‌ ته‌واوى له‌م دوایانه‌دا هه‌ستى پێكراوه‌، به‌ تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى عبدالستار مه‌جید له‌ حكومه‌ت هاته‌ ده‌ره‌وه‌.


تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌ڵ له‌ دواى على باپیر، له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و حزبه‌ كه‌ خۆى له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و بانگه‌واز ده‌بینێته‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌، خواره‌وه‌ له‌ ئه‌داى سه‌ره‌وه‌ رازى نییه‌، سه‌ره‌وه‌ش شوێنه‌كانیان بۆ خواره‌وه‌ چۆڵ ناكه‌ن.


شێوازى كاركردنى كۆمه‌ڵ زۆر كلاسیكییه‌، حزبه‌كه‌یان ده‌سه‌ڵاتى ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كانیشیان نییه‌، دیسپلینى حزبى و میتۆدى سزاو پاداشت به‌شێوه‌یه‌كى نا عه‌داله‌تى له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا له‌ماوه‌ى ڕابردوو په‌یڕه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش زه‌ڕبه‌ى گه‌وره‌ى له‌و حزبه‌ داوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كاردانه‌وه‌ى له‌ نێو ئه‌و حزبه‌ دروستكردووه‌.


كۆمه‌ڵ به‌ هه‌مان شێوه‌ى یه‌كگرتوو گرفتى دارایى هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ سێ مڵیۆن دۆلار له‌م دوو ساڵه‌ى كۆتایى له‌ ده‌ستدا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاره‌كه‌یان خسته‌ نێو مامه‌ڵه‌یه‌كى بازرگانى، به‌ڵام دواتر زه‌ره‌ریان كرد.


سه‌ر ئێشه‌ى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌، پاشگرى (ئیسلامی)یه‌، حزبه‌كه‌ به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ى دژ به‌یه‌كدا دابه‌شبوون به‌شێكیان به‌ توندى لابردنى پاشگرى ئیسلامى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێكى دیكه‌یان به‌ ئه‌میرى كۆمه‌ڵیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لابردنى پاشگره‌كه‌ن.


گوشاره‌كانى پارتى و گۆشه‌گیركردنى ئه‌و حزبه‌ كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌، ئێستا ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ى یه‌كگرتوو گوتارى سیاسیان ڕوون نییه‌و نه‌یانتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخى ناوچه‌كه‌ خۆیان بگونجێنن. راسته‌ له‌ڕووى كورسیه‌وه‌ زیادیان كردووه‌و یه‌كگرتووى ئیسلامیان تێپه‌راندووه‌، به‌ڵام له‌ڕووى ده‌نگ و جه‌ماوه‌ره‌ كه‌میان كردووه‌، له‌ نێو ناوه‌ند ئاینییه‌كان و توێژى دیندارو مامۆستایانى ئاینیش پێگه‌یان له‌ق بووه‌.


كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌یه‌وێ له‌م كۆنگره‌یه‌دا دروشمى ئاینى له‌ نێو ئاڵاكه‌ى ده‌ربهێنێت و ناوى ئه‌میریش بگۆڕێت به‌ سكرتێر، یاخود هه‌رشتێكى دیكه‌.


له‌ نێو كۆمه‌ڵى ئیسلامى قه‌یرانى سه‌ركرده‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ش جارێكى دیكه‌ على باپیر به‌ ناچارى له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆى ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌كو كه‌سى یه‌كه‌م حزب، چونكه‌ كۆمه‌ڵه‌كان و ده‌ره‌وه‌ش باش ئه‌وه‌ ده‌زانن على باپیر واته‌ كۆمه‌ڵ، بۆیه‌ مانه‌وه‌ى وه‌كو كه‌سى یه‌كه‌م به‌ گرێنگ ده‌زانن.

كۆنفراسى نیشتمانى گۆڕان (4)

 

بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ئێستا ده‌بوو پێنج كۆنگره‌ى ببه‌ستێت، گۆڕان ئێستا له‌ ناو پڕۆسه‌كه‌دایه‌وه‌ له‌ ١٤ی٩ى 2019، خانه‌ى نوێى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى ئه‌و حزبه‌ى هه‌ڵبژارد، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ى زویره‌كان هه‌رچه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ پێكهێنرابوو، له‌ دیاریترینیان عوسمانی حاجی مه‌حمود، قادر حاجی عه‌لی و عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك و عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى و د.محمه‌د على و ....هتد.


وابڕیاریشه‌ له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ، یاخود سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو كۆنگره‌، یاخود كۆنفرانسى نیشتیمانى گۆڕان ئه‌نجامبدرێت و پێناچێت هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و حزبه‌ كێشه‌ى تێبكه‌وێت، چونكه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر دواى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى ڕاپه‌راندن و رێكخه‌رى گشتى و دیاریكردنى به‌رپرسى ژماره‌یه‌ك ژوور، كێشه‌ى دیكه‌ ڕووبدات، به‌وپێه‌ى به‌ره‌ى ناڕازیى و ڕازى به‌ ته‌واوى ده‌سته‌به‌ردارى یه‌كتربوون، گۆڕان ئێستا بۆته‌ حزبێكى بچووكى له‌ قالبدراوى كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا.

 

كۆنگره‌ى پارتى (5)

پارتى ده‌بوو ساڵى ٢٠١٥ كۆنگره‌ى چوارده‌یه‌مین بكات، به‌ڵام ئه‌وان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌هۆى بارودۆخى كوردستانه‌وه‌ نه‌پڕژاونه‌ته‌ سه‌ر كۆنگره‌، گفتوگۆكان له‌سه‌ر كۆنگره‌ له‌نێو پارتى له‌نێو ئه‌ندامانى خێزانى بارزانى قه‌تیس ماوه‌، هه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش چاره‌نوسى پارتى و كۆنگره‌ یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌.


له‌ نێو پارتى دیموكراتى كوردستان بڕیاردان له‌سه‌ر زۆرینه‌ى پرسه‌كان له‌ ده‌ست بنه‌ماڵه‌ى بارزانیه‌و سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى دسه‌ڵاته‌كانیان دیاریكراون، تاوه‌كو ماڵباتى بارزانى بڕیار له‌سه‌ر خۆ نوێكردنه‌وه‌ نه‌ده‌ن، هیچ ده‌نگێكى ناڕازیى له‌ سه‌ره‌وه‌و خواره‌وه‌ نابیسترێت.


پێش كۆنگره‌ ناكۆكییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رچاو، تاوه‌كو حكومه‌ت نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌ چاوه‌ڕێ ناكرێت كۆنگره‌ سازبكرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٤٦دامەزرا، تاوه‌كو١٣كۆنگره‌ى بەستووە، له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌م تاوه‌ كۆنگره‌ی نۆ، مه‌لامسته‌فا بارزانى سه‌رۆكى حزب بوو. له‌ دواى مردنى ناوبراو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكه‌، دوایه‌مین كۆنگره‌ی پارتیش ساڵى 2011 بوو.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure