گۆران عەلی کەریم14/11/2019 546 جار بینراوە

سەرنجێكی سەرپێیانە لەسەر (خەمەكەی) هێڤیدار ئەحمەد


پەرلەمانتار هێڤیدار ئەحمەد، بابەتێكی لەسەر پڕۆژەکەی سەرۆککۆماری عێراق نوسیوە، لەژێرناوی "پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح دوو ئیدارەیی لە كوردستان زیندوودەكاتەوە" لەنوسینەكەیدا كۆمەڵێك خاڵی گرنگی وروژاندەوە جێگەی خۆیەتی هەڵوێستەیەكی لەسەر بكەین، چونكە وەك بەرێزیان نوسیویانە و داوایكردوە، ( نابێت لەڕێگەی كوردێك لە عێراقەوە رێگەبدەین هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ببێ بە دوو ئیدارەیی. ئەمە لەكاتێكدا نوێنەرانی كورد لە بەغداد كاریان ئەوەیە لەوێوە هەرێمی كوردستان بەهێزبكەن، نەك پارچەی بكەن)


هێڤیدار كە ئێستا پەرلەمانتارە لەسەر لیستی پارتی، دەبوو پێش نوسینی ئەم بابەتەی ئەو راستیانەی باس بكردایە كە هۆكارن بۆ دوو ئیدارەیی "جاران" بەئێستاشەوە. دەبوو وەك پەرلەمانتارێك پێش هەر كەس و لایەنێك بەلۆژیكەوە بیپرسیایە و لێكۆڵینەوەی بكردایە، کەبۆ تا ئێستا هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكان سەر بەحیزبن؟، بۆ فۆرمی جلوبەرگیان جیایە؟. دەبوو پرسیاری ئەوەی بكردایە، بۆ چارەكە سەدەیەك زیاترە ئەو كارانە نەكراوە كە رێگر بێت لەوەی هەرجارەی بەبیانویەك سەیتەرەی دێگەلە و ناوچەكانی دابەش بووی سەردەمی شەری ناو خۆ، بەتایبەت بەرووی بەرپرسانی ئەمدیودا تەنانەت بە رووی سەرۆكی پەرلەمان و كەسانی تریشدا دادەخرێت. دەپرسین، ئاخۆ ئەوانەش هەر هۆكارەكەی پرۆژە یاساكەی سەرۆككۆمارن؟ یان هەقیقەتێكی تاڵ هەیەو هێڤیدار نایەوێت...... یان ناتوانێت، بەجەرائەتەوە تامی بكات و ناوی بهێنێت.


لە ماوەی 28 ساڵەی حوكمرانی هەرێمی كوردستان زۆرترین كات و ئەوكاتانەش کەئەو پێیوایە بە سەردەمە زێرینەكانی دەسەڵات دەناسرێتەوە، پۆستە باڵاكانی حوكمرانی و بریاردان لای حزبەكەی كاك هێڤیدار بووە تەنانەت بەئێستاشەوە. ئاخۆ نەدەبوو ئەو دڵ گەرمیی و دڵسۆزییەی كاك هێڤیدارەكان بۆ یەك ئیدارەیی و سەكەوتنی هەرێم و دڵسۆزیان بۆخاك، کەمێک بەجدیش لەو هۆكارانەیان بپرسیایەتەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی گورزی كوشندە بدەن لە ئەزموون و قەوارەی هەرێمی كوردستان.


سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، گەندەڵی، دوو ئیدارەیی، پەلكێشانی هێزی بیانی، قۆرخكاری بازار، رێكنەخستنی هێزی پێشمەرگە لە دامەزراوەیەكی نیشتمانیدا، داخستنی پەرلەمان، هەڵمەتی راگەیاندن و ناشرینكردنی یەكتر، گزیی و فزی هەڵبژاردنەكان و نابوتكردنەوەی هەڵبژاردن، بەكارهێنانی دەنگی ئاوارەكان بۆ هەڵبژاردن، سنورداخستن بەرووی رۆژئاوادا، رێككەوتنی ژێربەژێری ئابوری و بازرگانی و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ئەقلیمی و هێزەكانی تر لەدەرەوەی پەرلەمان، پێنەدانی موچە بەموچەخۆران و سیاسەتی پاشەكەوتکردنی موچە، دابەشكردنی پۆست بەمەحسوبیەت، ناشەفافیەت لەداهاتی كوردستان و چۆنیەتی خەرج كردنی، كۆچی گەنجان بۆ هەندەران و خۆدانە دەم هات و نەهاتی ئاویی ئیجە....هتد. ئایا ئەوانە هۆكارن بۆ لاوازی هەرێم یان ئەوەی (خەمی) ئەوەت ھەبێت پارتی لە ناوچەی سلێمانی و هەڵبجە و یەكێتیش لەناوچەی دهۆك لەهەڵبژاردنەكاندا كورسی بەدەست نەهێنن، ئاخۆ ئەو هۆكارانەی سەرەوە كە ریشەیان زیاتر لە بیست ساڵە هەیە، هۆكارن بۆ ئەوەی هەرێمەكە لەتوپەت بێت یان ئەوەی حزبەكانی تر لە جیاتی پارتی و یەكێتی چەند كورسیەك زیاتر بەدەست دەهێنن؟.


با كاك هێڤیدا بەویژدانەوە خۆی وەڵام بداتەوە، با وەك پەرلەمانتار نا، كە دەزانین رێگەی پێنادرێت هەموو شتێك وەك خۆی بڵێت، بەڵام با وەك پیشەكەی پێشووی كە رۆژنامەوان بووە، كارێكی بنكۆڵ كردنی رۆژنامەوانی، یان راپرسیەك لەسەر ئەوە بكات، بزانێت ئەوبابەتانەی باسمکردن شایستەی نوسین وئەو خۆسوركردنەوەیە، یان ئەو پرۆژە یاسایەیی سەرۆكایەتی كۆمار كە هێشتا نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان و ئەگەری ئەوەش هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران چەندین برگەو خاڵی لێبگۆرێت.


بەرێزیان دەنوسێت،"ئەمەش وادەكات سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەكێتی و ئیسلامییەكان و گۆڕان بێت، سنووری دهۆك و موسڵ تەنیا بۆ پارتی دەبێ. هەولێریش جگە لە پارتی، یەكێتی و گۆڕان بە هەردووكیان سێ كورسی زیاتر بەدەستناهێنن". جابرا ئەوە كەی كێشەی خەڵكە، خۆ كورسییەكانی دهۆك كەس تامی ناكات و کەس نازانێت چۆن بەدەست دێت، جگە لەوەش ئەمە چ پەیوەندیەكی بە یەك ئیدارەیی هەرێمەوە هەیە، با یەكێتی و پارتی كورسی كەمتر بهێنن، با حیزبەكانی تر شانسی ئەوەیان هەبێت كورسی زیاتر بەدەست بهێنن، خۆ ناشێت لات وابێت ئەوان كورد نین و گەر چەند كورسیەك زیاتریان بەدەستهێنا ئیتر شەری براكوژی دەستپێدەكاتەوە و قەوارەی هەرێم خوانەخواستە ئەكەوێتە بەرمەترسی.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure