مووچه‌
177 جار بینراوە 21/2/2021 04:38 PM

دوایین زانیاری لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم



سنور ميديا 

وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ داڕشتنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستان.

 

ئەمڕۆ یەکشەمە 21ی شوباتی 2021، بەسەرپەرشتی د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

 

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، " هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێم كراوە کە هەر دوو وەزارەت لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ تەواوی وەزارەت و دامەزراوەکان بۆ دیاریکردن و پێشنیارکردنی داهات و خەرجییەکانیان وتووێژیان كردووە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و تێبینی و سەرنجەکان خراونەتەڕوو."

 

ئەوەش هاتووە، وەزیری پلاندانان جەختیکردەوە، "پێویستە بە گوێرەی ئەو رۆژ ژمێرەی بۆ پرۆژەیاسای بودجە ساڵی 2021 دیاریکراوە تەواوبکرێت و ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت."

 

پێشتر، پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (دووشەممە 8ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سەرقاڵی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021-ین و لەماوەی 12 ڕۆژدا گفتوگۆکانمان لەسەر پڕۆژەکە تەواو کردووە کە پێشتر دوو مانگی دەویست."

 

وتیشی، "لە پڕۆژەیاساکەدا تاوەکو ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنی بۆ نەکراوە، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین چەندمان لە بەغداوە بۆ دێت، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش هێشتا هەر نازانین داهات چەند دەبێت، چونکە ئەوەش هێشتا ڕوون نییە."

 

سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاساکەدا باسی لەوەکرد، "چاوەڕوانین ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداین و بە پشتبەستن بەو نرخەی عێراق دیاریکردووە ئێمەش دیاریدەکەین، کە 45 دۆلارە بۆ بەرمیلێک."

 

هاوکات دەربارەی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چۆن لە بودجەدا جێدەکرێتەوە، پەروین نوری باسی لەوەکرد، "ئێمە لەکاتی داڕشتنەوەی بودجەدا، ئەو بڕەی کە پێویستە بدرێت بە موچەی فەرمانبەران دادەنێین، بەڵام ئەوەی بەوشێوەیە تێدەپەڕێندرێت یاخود نا دەکەوێتە سەر پەرلەمان کە چۆن گۆڕانکاری تێدا دەکات، بەوپێیەشی موچە بەپێی داهات دابەشدەکرێت، بۆیە بەپێی داهاتی بەردەست جێی دەکرێتەوە و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، وەک ئێستا بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت."

 

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداش، ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەریم دێت بەشی خەرجییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات.

 

پەروین نوری باسی لەوەکرد، "لە بودجەی 2021ی عێراق لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێم دیاریکراوە، موچەی 682 هەزار موچەخۆری هەرێم لە بودجە جێگیرکراوە و بەشەکەی دیکە کە دەمێنێتەوە دەبێت هەرێم خۆی دابینی بکات، ئەوەی وەزیری پلاندانانیش باسی کردووە لەو چوارچێوەیەدا بووە."

 

هاوکات دەربارەی ئەو موچانەی لە ساڵی ڕابردوو و ساڵانی پێشووتریشدا پاشەکەوتکراون، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاماژەی بەوەکرد، "موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران لە بودجەی 2021 جێناکرێتەوە."

 

دەربارەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمیش ئاشکرایکرد، "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە قەرزی کۆمپانیاکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکرێت، بۆیە بەشێک لەو قەرزانە دەخرێتە پڕۆژەیاسای بودجە و دەدرێنەوە."

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure