ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین
622 جار بینراوە 20/2/2021 03:03 PM

ئارى هه‌رسین بۆ حزبه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى: مەسرور بارزانی لابدەن کوردستان ئەبێتە شامی شەریف



سنور ميديا 

په‌رله‌مانتارێكى پێشوى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ى حزبه‌كان ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "عەجەبا هەر هەمومان عەیب‌و عارمان نەبوەو دیموکراتخوازبوین‌و وەزعی ئێستای کوردستان خەتای پیاوە ئەمنیە توندەکە، مەسرور بارزانییە؟"، ده‌شڵێت:"ئینجا خۆ ئەگەروابێت چارەسەر زۆر ئاسانە، مەسرور بارزانی لەسەر حوکم لابدەن کوردستان ئەبێتە شامی شەریف"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "لەهەرێم ئینسان ئازادە ڕقی لەحیزبێک بێت یان خۆشی بوێت، بەڵام هیچ كه‌س بۆی نییە جاسوسی میتی تورکی، پەکەکە، ئیتڵاعاتی ئێران، مۆسادو سی ئای ئەی بێت".

 

ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین په‌رله‌مانتارى پێشوى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌وتارێكدا نوسیویه‌تى:"لەهەرێم ئینسان ئازادە ڕقی لەحیزبێکی دیاریکراوی ڕێگەپێدراوی ئەم هەرێمە بێت یان خۆشی بوێت، بەڵام هیچ هاوڵاتیەکی هەرێم بۆی نییە جاسوسی میتی تورکی، پەکەکە، ئیتڵاعاتی ئێران، مۆسادو سی ئای ئەی بێت لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە یان هەر ئیمتیازاتێکی تر".

 

نوسیویه‌تى:"ئێستا باس لەلایەندارێتی دادگا‌و نەبونی سەروەری قانون ئەکرێت، خەڵکێک داکۆکی لەڕۆژنەمانوس ئەکەن، کە گومان لەپیشەیی بونیان ئەکرێت، خەڵکێک داکۆکی لەچالاکوانی مەدەنی ئەکەن کە هەندێکیان چالاکوانی مەدەنی نەبون، ئایا مامۆستایەکی ناڕازیی‌و گومانلێکراوک ئەبێت بەیەک چاو سەیربکرێن‌و معامەلەیان لەگەڵدا بکرێت؟".

 

ئارى هه‌رسین ئه‌وه‌شى نوسیوه‌:"سەیر لەوەدایە، هەندێک لایەنی سیاسی کە ساڵەهای ساڵ بەشداربون لەحوکمڕانی ئەم وڵاتە، ئێستا باس لەسەروەری قانون ئەکەن‌و داوائەکەن، متمانەی دادگا لای هاوڵاتیان بپارێزرێت، کەوابێت لەهەشت کابینەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێم سەروەری قانون بێلایەنی دادگاو متمانەی خەڵک بەناوەندەکانی دادوەری هیچ عەیبی نەبوە؟، عەجەبا کابینەی نۆهەم تاکە هۆکاری گەندەڵی، دادوەری ترسنۆک‌و ڕشوەخۆر (هەروەک ئەمانە دەڵێن)، سیاسەتمەداری بازرگان، دوو ئیدارەیی، پارلەمانی بێدەسەڵات‌و چی‌و چی بوە؟".

 

باسى حزبه‌كانى هه‌رێمیشى كردوه‌و وتویه‌تى:"عەجەبا ئێمەی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ‌و یەکگرتوو، هەر هەمومان عەیب‌و عارمان نەبوەو دیموکراتخوازبوین‌و وەزعی ئێستای کوردستان خەتای پیاوە ئەمنیە توندەکە، مەسرور بارزانییە؟، ئینجا خۆ ئەگەروابێت چارەسەر زۆر ئاسانە: مەسرور بارزانی لەسەر حوکم لابدەن کوردستان ئەبێتە شامی شەریف".

 

هه‌رسین ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "بایی ئەوەندە ئەزانم کە ئەوانەی خۆیان کردۆتە پەرچەمدارو محامی دەستگیرکراوەکانی بادینان، دڵیان بەبادینان ناسوتێ‌و باشیش ئەزانن هەندێک لەوانەی دەستگیرکراون ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی مەدەنی نین (بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوبونەتەوە) حەقوایە ئینسان جورئەتی هەبێت‌و ڕاشکاوانە قسەبکات، نەک دەستگیرکراوەکانی بادینان بکاتە وەسیلەو بەکاریان بهێنێت بۆ دژایەتیکردنی ئەم کابینەیە یانیش پارتی دیموکراتی کوردستان".

 

له‌كۆتایشدا هیواى خواستوه‌، "دادگای پێداچونەوە، بەجورئەتەوەو بەوردی بەسەر کەیسی بەندکراوەکانی بادیندا بچێتەوەو لەناویاندا تاوانبارو بێتاوان لێک جیابکاتەوە، لەئەنجامی دوابڕیاریشدا، پێویستە بەڵگەکان لەسەر ئەوانەی تۆمەتیان بەسەردا ساغبۆتەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە، نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی حکومەت، بەڵکو بۆ ئەوەی گومان لەسەر دادوەرە بەڕێزەکان لای هاوڵاتیان نەمێنێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure