دوران کاڵکان
345 جار بینراوە 17/2/2021 05:59 PM

دوران کاڵکان: نهێنى گه‌وره‌ى شكستى توركيا ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا 

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە ئاماژە بەوەدەکات کە دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەی شکستەکەی لە گارە باسی کوژرانی دیلەکان دەکات، گەریلا ئەگەر دیلی بکوشتایە، ئەوا پێنج سال ڕایاننەدەگرت.

 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا باسی شکستەکەی دەوڵەتی تورک لە گارە و کوژرانی دیلەکانی کرد.

 

لەسەر گرنگیی بەرخۆدانی گەریلا لە شەڕی گارە دەڵیت: شەڕی گارە لەوانەیە ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت و هەندێک پێشکەوتن لەگەڵ خۆیدا بێنێت، ئەم هێرشە چاوەڕوان نەکراو نەبوو، ترافیکی دیپلۆماسی لە نێوان تورکیا، پەدەکە و عێراق هەبوو، پێشتریش پەدەکە ناوچەکەی گەمارۆ دابوو، ئەمە لە ١٠ی شوبات ڕوونبووەوە، لە گارە چوار رۆژی تەواو واتە ٩٦ کاتژمێر یەکێک لە پێکدادانە هەرە قورسەکانی مێژوو ڕوویدا، هەموو هێزی تایبەت، سوپا و سیخوڕییان هێنابوو، تەنانەت هێزی دەریاییشیان ئامادە کردبوو، بە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی سیخوڕی و هێلیکۆپتەر، بێناوبەر ناوچەکەیان بۆردوومان دەکرد، لە ١٠ شوێن هێزیان دابەزاند، لە گارە پێکدادان ڕوویدا، بە ٤١ فڕۆکە هێرشیان کرد، ٥٠ شوێنیان کردە ئامانج، نیازیان ئەوەبوو گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەربکەن و پەکەکە پاکتاو بکەن، بەڵام ئەنجامەکەی دیارە.

 

لە بەردەوامیدا کاڵکان ئاماژەی بە ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرش بۆسەر گارە دا و وتی: ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی بڕیارگەی ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل بوو، لە هێرشەکەی زاپیش هەر ئەو ئامانجەنیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی و شکستێکی گەورەیان بینی و لەناوچوون.

 

کاڵکان بە ئاماژەدان بەوەی کە هەندێک هەواڵ لەسەر ئەوە بڵاوبووەوە کە ئامانجی ئەو هێرشە ڕزگارکردنی دیلەکانی شەڕە، وتی: ئەوە ڕاست نییە، بە پێچەوانەوە ئامانجەکەیان زۆر گەورە بوو، بەڵام چونکە شکستێکی سەربازیی گەورەیان خوارد، ئەوەیان خستە ڕۆژەڤەوە، هێرش بۆسەر هەرێمێک بە درێژایی ٧٥ کیلۆمەتر و قووڵایی ٢٥ کیلۆمەتر، باشە کامپێکی ئەوەندە بچووک، هەرێمێکی ئەوەندە لەخۆ دەگرێت، ئەمە یاری شەڕی تەیبەتە، ئامانجی هێرش بۆسەر گارە ڕزگارکردنی دیلەکان نەبوو، لەوانەیە یەکێک لە ئامانجەکانیان بووبێت، بەڵام چونکە نەگەیشتنە ئامانجە سەرەکییەکەیان، ئەوەیان کردە ڕۆژەڤ.

 

کالکان لە بەردەوامیدا وتی: زۆربەی ئەو دیلانە، ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵە لە دەستی گەریلا دابوون و خاوەندارییان لێدەکرا و ئاسایشیان دەپارێزرا، خۆشیان دەڵێن ئەو دیلانە لەناو ئەشکەوتێکی حەوت دەرگا بوون کە هەمووی بە ئاسن دروستکراوە، ئایا گەریلا ئەو هەمووەی بۆ کوشتنی ئەو دیلانە دروست کردووە؟ بۆ ئەوەندە مەسرەفیان تێدا کردووە؟ پێشتر ئەزمونی ئازادکردنی دیلەکانمان هەبووە، بەڵام دەوڵەتی تورک ویستی ئەو دیلانە بکوژێت، ئەوان پێشتر بەو دیلانەی ئازاد کرابوون وتبوویان کە بۆ نەمردوون، بۆ خۆتان داوە بەدەستەوە، دواییش زیندانی کران، تاوانبار ناسێندران، وایان لە دیلەکانی ئۆرەمار کرد، ئەوەندە بۆمبیان لەو کامپە باراند، ئایا ئەوانە گوڵ بوون باراندیان؟

 

لە کۆتایی ئەم بابەتەش دوران کاڵکان وتی: دوای ئەوەی هەپەگە ئامارەکانی شەڕی گارە ئاشکرا بکات، دیار دەبێت کە بۆ کوشتنی ئەو دیلانە چەند بۆمبیان لەوێ داوە و چەند گەریلا بۆ پاراستنی ئەو دیلانە شەهیدبوون، هەپەگە بە ساڵان چاودێری ئەو مرۆڤانەی کرد و بەخێویان کردن، بەڵام ئەوەی لەوێ کوشتیان سوپای تورک بوو، بۆ کوشتنیان هاتبوونە ئەوێ، نە بۆ ڕزگارکردنیان، فەرماندە و گەریلای پاسەوانی ئەو دیلانەشیان شەهید کرد، دوای ئامارەکان ڕوون دەبێتەوە، هیچ درۆیەک ناتوانێت، گولەر و ئاکار و هەروەها ئەردۆغان، باخچەلی و سویلۆ ڕزگار بکات.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure