يه‌كێتى
170 جار بینراوە 17/2/2021 03:07 PM

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەوەی پارتی کردی هەمان ئەو سیاسەتە بو کە کاتی خۆی بەعس دەیکرد



سنور ميديا 

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ کردی، "هەمان ئەو سیاسەتە شکستخواردوە بو کە کاتی خۆی بەعس دەیکرد و لە سەردەمی ستالین و مۆسەلینی پیادە دەکرا".

 

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەنوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "بەناو دادگاییەکەی دوێنێی هەولێر هیچ بەهایەکی بۆ سەربەخۆیی دادگا لە کوردستان نەهێشتەوە، ئەم هەنگاوەی دادگای هەولێر، ئەوەندەیتر ئیسپاتی بە حزبویبونی دادگا و هەیمەنەی حزببو بەسەر بڕیاری دادوەرانەوە".

 


ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی دوێنێ گوزەرا بەرامبەر بە چەند چالاکوانێک لە هەولێر، ترسە لە ئازادی گوفتار، "ئەی هاوار بە ماڵتان ئاخر ئێوە نازانن کە کپکردنی ئازادی گوفتار، کاردانەوەی کرداریی بەدوادادێت، ئاخر حەپسکردن بۆ ماوەی شەش ساڵ، بە بێ بەڵگە و دۆکیومێنت؛ کامتان زیانتان بە ناوبانگی کوردستان گەیاندوە، ئێوە یان ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان".

 


ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان رونیشیکردەوە، "سزادانی چالاکوانان بە بیانوی بێ بنەما، سیاسەتی بەعسیزمە و هەڵگرانی ئەم ئاڵایە مەنزڵ و مێژوییان زۆر ڕونە، حکومەتێکیش وەکو ستالین لەسەر گریان و پێکەنین، خەڵک ڕاپێچی زیندان بکات، ئاکامەکەی ڕوخان و لەناوچونە".

 

ئەوەشی خستەڕو، "ئەوەی پارتی کردی دوێنێ، هەمان ئەو سیاسەتە شکستخواردوە بو کە کاتی خۆی بەعس دەیکرد و لە سەردەمی ستالین و مۆسەلینی پیادە دەکرا، دادگایکردن و حەپسکردنی خەڵک لەسەر رای جیاواز، ترسانە لە زیندوێتی کۆمەڵگە؛ هەر دەسەڵاتێکیش لە زیندوبونی گەلەکەی بترسێت، ئاکامی شکست و لە ناوچونە".

 

دوای دو ڕۆژ لە بەڕێوەچونی پڕۆسەی دادگاییکردن لە یەکێک لە دادگاکانی ھەولێر، دوێنێ شێروان و شێروانی و رۆژنامەوانانی سەربەخۆ ئەیاز کەرەم و گوھدار زێباری و هەروەها چالاکانی مەدەنی بواری مافی مرۆڤ شڤان سەعید و ھاریوان عیسا بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران بە بیانوی ھەوڵدان و ئامادەکاری بۆ رێکخستنی چالاکی توندوتیژی، بڕیارەکەش کاردانەوەی لەناوخۆی هەرێم لێکەوتەوە و ئەمڕۆش لە سلێمانی گردبونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچو.

 

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ سێشەممە داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چو، به‌پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت، ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر/ 2 به‌ڕێوه‌چوه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure