سنور ميديا
203 جار بینراوە 16/2/2021 04:05 PM

شێروان شێروانى‌و هاوڕێكانى به‌شه‌ش ساڵ زیندانى سزادران



سنور ميديا 

شێروان شێروانى‌و هاوڕێكانى به‌شه‌ش ساڵ زیندانى سزادران، پارێزه‌رانى ئه‌و كه‌یسه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نن، به‌بڕیاره‌كه‌ى دادگاى دوى هه‌ولێر توشى شۆك بون، جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، "به‌وتاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تدا زانیمان پێشوه‌خته‌ بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسى ئه‌م ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانانه‌ دراوه‌"، عه‌لى حه‌مه‌ساڵحیش به‌گریانه‌وه‌ وتى:"ئه‌وان له‌سه‌ر گروپێكى ماسنجه‌ر شه‌ش ساڵ زیندانى بكرێن، من 200 ساڵ زیندانیده‌كرێم".

،ئه‌مڕۆ دادگاى دوى ئه‌و شاره‌ پرۆسه‌ى دادگاییكردنى هه‌ریه‌ك له‌(شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم‌و هاریوان عیسا)ى به‌ڕێوه‌بردو بڕیاریدا به‌سزادانیان به‌شه‌ش زیندانیكردن.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ پارێزه‌رانى كه‌یسى شێروان شێروانى ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، له‌ماوه‌ى 30 ڕۆژدا ئه‌و بڕیاره‌ى دادگا ته‌میز ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌، به‌گوێره‌ى یاساش ده‌بَێت دوو شایه‌د هه‌بێت یان دوو به‌ڵگه‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئاراسته‌ى كه‌سه‌كه‌ ده‌كرێت.

 

ئه‌وه‌شیان ڕونكرده‌وه‌، بڕیارى شه‌ش ساڵ زیندانى شێروان شێروانى‌و هاوڕێكانى "ئێمه‌ى توشى شۆك كرد، دڵنیاى كه‌سوكاریان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى دادگا بێده‌نگ نابین‌و له‌ڕوى یاساییه‌وه‌ هه‌موو ڕێگه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بۆ ڕاى گشتیی ڕونبكه‌مه‌وه‌، وتاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌م گیراوانه‌ دادگایی ده‌كرێن‌و پێشوه‌خته‌ش ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌ كه‌ شه‌ش ساڵ زیندانى بكرێن".

 

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌دا عه‌لى حه‌مه‌ساڵ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند، "من نه‌ پارێزه‌رم‌و نه‌ دادوه‌ر، به‌ڵام بۆ مێژوو هه‌روه‌ها له‌به‌رده‌م خواى گه‌وره‌دا ئه‌وه‌ ده‌ڵێم به‌ڕاستى ناعه‌داله‌تیه‌كى زۆر گه‌وره‌ هه‌بوو، چونكه‌ نه‌ پلان هه‌بوه‌ نه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كیش هه‌بوه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك بكوژرێت نه‌ چه‌كدارێكیش گیراوه‌، ئه‌وه‌ى بینیمان به‌ڕاستى ئه‌وه‌ بابه‌تێكى سیاسی بوو هیچى تر".

 

ئه‌وه‌شى وت:"ئه‌وه‌ى دادگاش بڕیارى له‌باره‌وه‌ داوه‌ ته‌نها گروپێكى ماسنجه‌ره‌ كه‌ ته‌نهاو ته‌نها زانیارى ڕۆژنامه‌وانى تێدا ئاڵوگۆڕ كراوه‌، دڵنیام له‌وه‌ى مادام ئه‌وان له‌سه‌ر زانیارى ڕۆژنامه‌وانى شه‌ش ساڵ حوكمدراون، من 200 ساڵ حوكمده‌درێم، چونكه‌ من هه‌موو ڕۆژێك زانیارى ئاشكراده‌كه‌م".

 

به‌وته‌ى عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، "یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ى كه‌ سزایان دراوه‌ پێى ئه‌وه‌یه‌، ده‌ڵێن ئێوه‌ زانیارى ڕۆژنامه‌وانیتان بڵاوكردۆته‌وه‌ بۆچى پێناسى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسانى كوردستانتان نییه‌، به‌ڕاستى ئه‌مه‌ دۆخێكى مه‌ترسیداره‌و هیوادارم دادگاى ته‌میز دادپه‌روه‌ر بێت له‌م بڕیاره‌ى ئه‌مڕۆى دادگادا".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure