سنور ميديا
298 جار بینراوە 14/2/2021 09:06 PM

له‌باره‌ى دیله‌ كوژراوه‌كانى توركیاوه‌ په‌كه‌كه‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌



سنور ميديا 

پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) زانیاریه‌ك له‌باره‌ى دیله‌ كوژراوه‌كانى توركیا له‌چیاى گاره‌ ئاشكراده‌كات‌و به‌رپرسێكى ئه‌و حزبه‌ش وه‌ڵامى لێدوانێكى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "توركیا هه‌موو هه‌وڵى خۆیدا بۆ ئه‌وه‌ى دیله‌كان به‌زیندویی بباته‌وه‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى تێكشێندرا، بۆردومانى كردن‌و سه‌رجه‌میان كوژران".

 

خڵوسى ئاكار وەزیری بەرگری تورکیا ئاشكرایكردوه‌، "لەبنەڕەتدا یەکێک لەئامانجەکانی ئەم ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان بۆ چیاى گاره‌ ڕزگارکردنی ئه‌و 13 دیله‌ بوو كه‌ لاى په‌كه‌كه‌ بون، بەڵام لەکاتی گەڕانی سەربازەکان لەنێو ئەشکەوتەکان تەرمی ئه‌و 13 دیله‌ به‌كوژراوى دۆزرایه‌وه‌و پەکەکە سه‌رجه‌میانى كوشتبوو له‌وانه‌ش 12یان گوله‌ به‌ر سه‌ریان كه‌وتوه‌".

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا كاوه‌ شێخ موس ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) تایبه‌ت به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ دیله‌كانمان نه‌كوشتوه‌و ئێستاش دیلى دیكه‌ى توركیامان له‌لا هه‌یه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌، بۆچى پێنج ساڵ پێش ئێستا نه‌مانكوشتون بۆ ئێستا ده‌یانكوژین".

 

به‌رپرسه‌كه‌ى په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانى توركیا له‌هێرشكردنه‌سه‌ر گاره‌، دیله‌كانیان بوو كه‌ لاى ئێمه‌ بون له‌كه‌مپى سیره‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى هه‌وڵیدا بێته‌ ناو كه‌مپه‌كه‌وه‌و تێكشكێندرا، ده‌ستى به‌بۆردومانى كه‌مپه‌كه‌ كردو سه‌ره‌نجامیش هه‌ر 13 دیله‌كه‌ى كوشت".

 

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى:"ئه‌وه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا ئێستا باسى ده‌كات، دوره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌و ئێمه‌ هیچ دیلێكمان نه‌كوشتوه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌وڵه‌تێك له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ تێكده‌شكێندرێت، ناچار ده‌بێت ئه‌مجۆره‌ ده‌نگۆ ناڕاستانه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌".

 

ساڵی 2015 تاوه‌كو 2017 لەکات‌و شوێنی جیاواز لەلایەن پەکەکەوە11 پۆلیس‌و سەرباز‌و ئه‌ندامى هه‌واڵگرى توركیا (میت) دەستگیرکراون، كه‌ دوان له‌ئه‌ندامه‌كانى میت ساڵی 2017 لەسلێمانی ده‌ستگیركران.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure