ڤینۆس عوسمان
3328 جار بینراوە 15/10/2020 12:07 PM

چیرۆکی بەهێزیی و گەشبینی کچێکی کورد، خوێنەرانی سەرسام دەکات



 

سنورمیدیا - زانیار محەمەد

 

ڤینۆس عوسمانی تەمەن 23 ساڵ لاوێکی قەزایی چەمچەماڵە،بە پانتایی فراوانبوونی ڕۆژانەی نەخۆشییە دەگمەنەکەیی، ڤینۆس بەهێزتر دەردەکەوێت، تا ئەو ئاستەیی بڕیار دەدات لەڕێی نوسینەکانییەوە بەشێک لەو بەهێزیی و ئومێد و گەشبینییەیی هەیەتی بەسەر گەنجان دیکەی هاوتەمەنی و کەسانی دیکەدا ببەخشێتەوە لە کاتێکدا ژیانی خۆیی لە زۆربەیان سەختترە،بەوەش نوسینەکانی خوێنەرێکی بەرچاویی لە خۆیی کۆکردووەتەوە،نەخۆشیەکی دەگمەن ڕووبەڕویی کەسێکی دەگمەن لە بەهێزیدا دەبێتەوە.

 

ڤینۆس دەڵێت: نەخۆشی هەتا بێت جەستەم لاوازتر ئەکات بەڵام ئیرادەم بەهێزتر. هەرچەندە ئێستا کێشم تەنها 30کیلۆیە و توانای ڕێکردن و زۆر شتی تریشم نیە، بەڵام ئیرادە و هێزی من ئەوەندەی هەموو دوونیایە.

 

 

 

"نەخۆشی هەتا بێت جەستەم لاوازتر ئەکات بەڵام ئیرادەم بەهێزتر"

 

 

 

لە ئێستادا ڤینۆس بە بەهێزە لە ڕادە بەدەرەکەی و بە نوسینەکانی سەرەڕای دەرنەکەوتنی ڕوخساریشی بەڵام ناوبانگێکی باشی هەیە و خەڵکانێکی زۆر خوێنەر و سەرسامی خۆیانی بۆ دەردەبڕن،لەم چاوپێکەوتنە تایبەتییەی سنورمیدیاشدا ڤینۆس وەڵامی کۆمەڵێک پرسیارلەبارەیی ژیانی تایبەتی خۆی دەداتەوە.

 

- ڤینۆس لە ڕووی خوێندنەوە چۆن گوزەراندت؟

قۆناغی سەرەتاییم دایکم بە باوەش ئەیبردم چونکە توانایی ڕێکردنێکی کەمم هەبوو. قۆناغی ناوەندی خوشکەکانم بە کورسی ئەیانبردم چونکە توانای ڕێکردنم نەمابوو چیتر. ئامادەییشم باوەشی باوکم. بە گشتی هەموو قۆناغەکانم سەخت بوون بەڵام لە پۆلی دوانزە ئەوەندە بارودۆخی تەندروستیم خراپ بوو بەداخەوە وازم هێنا.

 

 

- ئەی چی سەبارەت بە سەرەتایی خوێندنەوەت بەدەر لە مەنهەجی خوێندنگە، چۆن دەستت پێکردوە لەگەڵی چۆنیت، زیاتر چ بوارێکت خوێندووەتەوە؟

 

 

هەر لە مناڵیەوە من حەزم لە دوونیایی ئەدەبی بوو بەڵام زیاتر لەدوای واز هێنان لە خوێندی قوتابخانەوە دەستم پێکرد زۆرم حەز بە خوێندنەوەیە و زیاتر ڕۆمان و ژیان نامەی کەسایەتیە سەرکەوتوەکان ئەخوێنمەوە،ئەگەر کتێبێکم پێ جوان بێت بێ وچان ئەیخوێنمەوە تا تەواوی ئەکەم جا چەند پەڕەش بێت.

 

- بۆ بڕیاردا گەشبینانە بنوسیت، ئایا وەک ئەوەی کارەکتەرەیی لە نوسینەکانتدا دەردەکەوێت، لە ڕاستیشدا ئەوەندە کەسێکی بە ئومێدیت،چی وای کرد بیر لەو کارە بکەیتەوە؟

 

من هەر لە مناڵیەوە خەونم ئەوەبووە کەسێکی سود بەخش بم. بەڵام کاتێک نەمتوانی لە ڕێی خوێندنەوە ببم بەو کەسە. بڕیارم دا لەم ڕێیەوە ببم . بەخۆم وت من تەنها دوو شتم هەیە کە لە ڕێیانەوە ببم بەو کەسە سوود بەخشە. یەک بەهرەی نوسین و گێڕانەوەیەکی باش. دووش خاوەنی ژیانێکی جیاوازم. ئەم دووانەم تێکەڵ کرد و بووم بەوەی کە ئێستا هەم. بەڵێ بگرە بەئومێد تریشم لەوەی کە دەرەکەوم . ئەمەم کرد چونکە دڵنیابووم سودێکی باشی ئەبێت کاتێک ئەبینن کەسێک سەد ئەوەندەی ئەوان بارودۆخی تەندروستی و ژیانی خراپترە کەچی نائومێدیش نیە!

 

- کێ لە پاڵپشتی دەرخستنی ورە زۆرەکەتە؟

 


بە وورە بوونم زۆر هۆکاری هەیە یەک لەوانە باوەڕبوونمە بە خودا. یەکیش لەوانە خێزانەکەمن کە هەر لە مناڵیەوە وا بەخێویان کردووم کە من بەو شێوەیەبم، سەبارەت بە بڵاوکراوەکانیشم هیچ کەس پشگیریم نیە لە دەرخستنی ئەوە. هەرچەند پێم وایە ئەمەی من ئەیکەم کارێکی دینی و مرۆڤایەتیە بەڵام هەزاران ئاستەنگم بۆ دروست ئەکەن. بەڵام دواجار من هێندە کارەکەی خۆمم لا پیرۆزە بەسەر هەموویدا زاڵ ئەبم . نامە زۆرەکانی خوێنەرەکانم کە پێم ئەڵێن ژیانیانم گۆڕیەوە، ورەم بەرزتر ئەکاتەوە.

 

 

- ئاستەنگ..؟

 


ئاستەنگ بۆ نمونە لەلایەن کەسانێکەوە پێم وتراوە پێویستە واز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بهێنیت و ڕەنگە ئەمەت پێ سەیر بێ. خۆشم پێم سەیرە کە من هیچ زیانێکم نیە و ئاوهام لێ ئەکرێت. بەڵام سەرئەنجام بوو. و پشتیوان بە خوا ئەوەشم تێپەڕاند.

 

 

- خوێنەرانت هەردەم باس لە ئومێد و بەهێزییە زۆرەکەت ئەکەن، ئەو گەشبینییەت خوستووەتە خزمەتی چ خەونێکەوە؟

 



زۆرترین دووعام کە بۆ ئەم دوونیایە بیکەم ئەوەیە: خودایە بمگەیەنە بەوەی کە ئێستا تێیدام. ئەوشوێنەی زۆرترین کەس ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە بەهۆی منەوە و ژیانیان گۆڕاوە.


- جگە لەو خەونە کە ئێستا وا بەدی دێت و ژمارەیەکی باش خوێنەرت هەیە، هیچ شتێکی کە هەیە زۆر بیری لێ بکەیتەوە ئەنجامی بدەیت؟


خەونی داهاتووم ئەوەیە، کتێبیک بنوسم لەسەر ژیانی خۆم و هەوڵ و هیواکانم و لە هەموو دوونیاوە خوێنەری هەبێ و ئومێد بەخشینەوەم سنورەکان ببەزێنێت.ئێستا دەستم هیچ باش نیە بەڵام پێم وایە وشەکانم شایستەی ئەوەن لە پێناویاندا بەرگەی دەست ئێشە بگرم.


- چی لەبارەی نەخۆشیەکەت..؟ تەنها کاریگەر بووە لە پێیەکانت.وەک خوێندوومەتەوە لەسەری ڕۆژانە کاریگەریی زیاتر دەبێت،توانایی جموجوڵی جەستەییت چۆنە؟

 


نەخۆشیەکەی من هەموو جەستەمە دەستم هیچ باش نیە بەڵام پێم وایە وشەکانم شایستەی ئەوەن لە پێناویاندا بەرگەی دەست ئێشە بگرم.خەڵکی تر.من ئەیبەخشمەوە و دڵخۆشەبم کە خەڵکی قەبوڵی ئەکەن.
ناوی نەخۆشییەکە "muscular dystrophy" لاوازی ماسولکە، بە چەند ووشەیەک بە بارودۆخی خۆم لەگەڵ ئەو ئاشنات ئەکەم. توانایی هەڵگرتنی پەرداخی پڕ لە ئاوم لە سەدا دەیە. قوتدانی هەرخۆراکێکم بە لەرزەوەیە نەکا لە بێهێزیا توانایی قوتدانم کەم بێ و بخنکێم. لە خەوتندا توانایی گۆڕینی شێوازیی خەوتنم نییە و چەندین کاتژمێر بەسەر یەکلام. ئەوە هیچ کە توانای ڕێکردنم نیە. بەڵێ بەردەوام زیادەکات و نزیکی پانزە ڕۆژە وام لێهاتوە لە پانزە خولەک زیاتر ناتوانم دابنیشم جا نازانم ئەمە کاتیە یان هەمیشەیی ئەبێ. بەڵام دواجار من جەنگاوەرێکم نە ئەم نەخۆشیە و نە هیچ نەخۆشیەکی کە جەنگاوەری وایان نەدیبێ.

 

 

- دەرمان بەکاردێنی؟ چی لەبارەی بەکارهێنانی چارەسەر؟

 

نەخێر دەرمان بەکار ناهێنم . نەخۆشیەکانی ماسولکە جوڵە و وەرزش زۆر باش ئەبێت بۆیان منیش هەر شتێک هەتا خۆم بیتوانم ناهێڵم کەس بۆم بکا ئیتر خوای ئەکرد خۆم بە دوو کاتژمێر و ئەوان بە دوو خولەک بیکەن.ڕەنگه ئەمەت پێ سەیر بێ بەڵام بێجگە لەوەی کە هەستەکەم دایک و باوکم حەزیان لێیە باشم و ئێستاش هەرچەند بەهیچ جۆرێگ گلەیی ناکەن. بەڵام دواجار هەر ئازارم بۆیان. گەر نا حەز بە چاک بوونەوە ناکەم و پێم وایە جیهان بەم جۆرە پێویستی بە منە.

 


- لەبارەی چوونە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی هیچ سودی ئەبێ؟ گەر هاوکاریت بکرێ ئەڕۆیی؟

 

بەڵێ باشتر ئەبم بەڵام باشبوونەوە نا. واتا ئێستا من کێشەی پشت لاربوون و ئێسک چەمانەوە و قاچ درێژ نەبوونم هەیە. ئەمانە چاک ئەکرێن بەڵام کەوتنە سەر پێ نەخێر ناکرێ، ئەگەر پارەی ئەوە هەبێت بە کەسێکی ئەبەخشم کە لە من زیاتر پێویستی پێ بێت. لەمن زیاتر دڵی پێ خۆشبێت لەمن کەمتر بەهێز بێت.

 


- کۆتایین بڵاوکراوەت لەسەر پێڵاوە پاژنە بەرزەکانت بوو، دەکرێ بە کورتی باسی لێوە بکەیت؟

 

 

تاکە پێڵاوی پاژنە بەرزی مناڵیم بوو بەڵام کۆتا پێڵاوم بوو کە پێوەی ڕێبکەم و لەدوای ئەوەوە توانایی ڕێکردنم لەدەست دا. ئێستاش پڕ بە پێمە دوای نزیکی 13ساڵ، ئەوکات کە ئەوەم کڕی قۆناغی کۆتایی ڕێکردنم بوو. یانی نەخۆشیەکە زیادی کرد و توانایی ڕێکردنم نەما. لەوەو پێش توانایەکی کەمم هەبوو.

 

 

- زۆر ئەو پرسیارەت لێ ئەکەن کە بۆچی ڕووخسارت دەرناخەییت؟ ئایا ئەتەوێ وەڵامی بدەیتەوە؟

 


چونکە: من نووسەرم و من جەستەم دەرئەخەم تا پێتان بڵێم سەیرکەن من بەوشێوەیەشم و هێشتا خۆم قبوڵە و بەهێزم و گەشبین بەهیوام. تەبعەن ئەوەش بۆ هاندان و سوودگەیاند،بەڵام من دەمووچاوم هیچ کێشەیەکی نیە.یانی گەر کێشەی هەبا بۆ نمونە سوتاو یان شێواو با دەرمەخست و پێم ئەوتن سەیرکەن من بەوجۆرەم بەڵام خۆم قبوڵە و بەهێزم و گەشبینم و بەهیوام و ڕەشبین نیم.
بەڵام ڕەنگە گەر وێنەی دەمووچاوم دانێم،ئەوکات کۆمێنتەکانم سەدا 70ی لەبارەی ڕوخسارمەوە بدوێن لەو جۆرە کۆمێنتانەی زۆر دوورن لە ئامانجە گەورەکەی من.پێچەوانەی ئێستا کە هەمووان نوسینەکە ئەخوێننەوە و لەسەر ئەوە ئەدوێن و کۆمێنت لەسەر کەسایەتی من ئەکەن نەک شکڵی من.

 

 

- هیچم نەماوە تەنها ئەمەوێ بزانم پەیامت بۆ ئەو گەنجانە چییە کە بێ ئومێدن لە ژیان..؟ وە لە کۆتاییدا چیت هەیە بۆ خوێنەری ئەم چاوپێکەوتنە؟


من ناڵێم ژیان ئاسانە. منێک که هەر ڕۆژە و دیوێکی گرانی ئەبینم چۆن وابڵێم؟، بەڵام ئەڵێم: لاوازی و بێ ئومێدی دەرەقەتی ژیان نایەت تەنها بە بەهێزی و بە ئومێدەوە ئەتوانی لە سەختیەکانی ژیان ببەیتەوە. بەخوێنەران ئەڵێم بەهێز بن ژیان کەسی بەهێزی پێویستە.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure